کاتی چاودێری بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران کۆتاییهات

3 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتى

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، دوای ئەوەی 25ی ئەم مانگە رێککەوتنی کاتی بۆ چاودێریکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران کۆتاییهات، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە تائێستا رەزامەندییان بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنەکە دەرنەبڕیوە، بۆیە بەگرنگی دەزانن داوا لەبەرپرسانی تاران بکەن جارێکی دیکە پابەندبونەکانیان جێبەجێ بکەن و رێگەبدەن تیمەکانیان بەردەوام بن لەکارەکانی.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، پێویست دەکات ئێران دەستبەجێ رەزامەندی بدات بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنی کاتی بۆ چاودێریکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی کە دوێنێ هەینی وادەکەی کۆتاییهات، ئەوەش بەئامانجی جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی رێککەوتنی ئەتۆمی.
مانگی شوباتی ئەمساڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و حکومەتی ئێران گەیشتنە رێککەوتن بۆ چۆنیەتی چاودێریکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان و لەو کاتەشەوە چەندجارێک پرۆسەکە درێژکراوەتەوە.

پێشوتر سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگه‌یاندبو، پاش ئەوەی سزاکانی ئەمریکا لەسەر تاران هەڵدەوەشێنرێنەوە تاران جارێکی دیکە پیتاندنی یۆرانیۆم کەمدەکاتەوە و پابەندی خۆی بە رێککەوتنامەی ئەتۆمی ساڵی 2015 جێبەجێ دەکات.

ساڵی 2018 ئیدارەی ترەمپ لەرێککەوتنە ئەتۆمییەکەی 2015-ی نێوان ئێران و وڵاتانی کاریگەری جیهان کشایەوە و دواتریش ئێران دەستیکرد بەپێشێلکردنی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە، لەئێستاشدا هەریەک لەئەمریکا و ئێران مەرج بۆ هاتنەپێشەوە و رێککەوتن دادەنێن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار