تا دووساڵی دیكە بودجە هەبێت دەتوانین كارەبای 24 كاتژمێری دابین بكەین

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم بۆ هاوڵاتى:

3 ساڵ لەمەوپێش



 

سازدانی: ئارا ئیبراهیم

 

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم ئاماژە بەپلانەكانی وەزارەتەكەیان دەكات بۆ باشتركردنی دۆخی كارەباو دەشڵێت:» تا دووساڵی دیكە ئەگەر بودجە هەبێت دەتوانین كارەبای (24) كاتژمێری دابین بكەین».

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى، ئەوە دەخاتەڕوو كە لەئێستادا سێ هەزارو (300) مێگاوات بەرهەمی كارەبا بوونی هەیەو لەئێستادا دەتوانن (13 بۆ 15) كاتژمێر كارەبای نیشتمانی بدەن.

هەروەها دەشڵێت:» لەئێستادا وەزارەتی كارەبا ژێرخانی كارەبای هەیە بۆ شەش هەزارو (600) مێگاوات كارەبا، بەڵام بودجەو غازی پێویستی دەوێت».

هاوكات ئەوەش ئاشكرا دەكات كەوێستگەی غازی لەدهۆك كە لەهەزار مێگاوات كارەبا پێكهاتووە ئامادەیەو تەنها گواستنەوەی غازی دەوێت بۆ كارپێكردنی تاداخڵی سیستمی دابەشكردنی كارەبای پێبكەن.

هاوڵاتى: خواست لەسەر كارەبا زیادی كردووە و پێدانی كارەبا كەمبووەتەوە، هۆكار چییە؟

ئومێد ئەحمەد: ئێمە یەكەم هۆكار بۆ كەمبوونەوەی پێدانی كارەبا بوونی پەستانی غازە لەسەر وێستگەكانی كارەبا بۆ ئەوەش خەریكی چارەسەرین بەتایبەت وێستگەی خورمەڵە.

هەروەها دەرچوونی چوار یەكە بەموفاجئی كە بەداخەوە لەماوەی رابردوودا بەهۆی قەیرانی دارایی پرۆسەی چاكسازی بۆ نەكراوەو وای كردووە توانای نەماوەو دەرچوون ئەمەش دووەم هۆكاری كەمبوونەوەی كارەبایە.

هۆكاری سێیەم ئەو شەپۆلی گەرمایەیە كە بەشێوەیەك بەرزترین پلەی گەرما لەسلێمانی تۆماركرا، ئەمە وای كرد تا 15ی حوزەیران (18) كاتژمێر كارەبا بدەین و بێتە خوارەوە بۆ (13) كاتژمێری رۆژانە.

ئەم هاتنە خوارەوەیە هاتنە خوارەوەیەكی سروشتییی نییە، مەسەلەن ئێمە لەوەرزی بەهاردا (20 بۆ 21) كاتژمێر كارەبامان داوەو لەوەرزی هاویندا (18) كاتژمێر بووەو لەخراپترین دۆخدا (17) كاتژمێر دابەشكراوە، بۆیە هەرسێ فاكتەری پەستانی غاز لەوێستگەی خورمەڵەو بەرزبونەوەی پلەی گەرمی دەرچوونی نائاسایی چوار یەكە وای كرد رۆژانە پێنج كاتژمێر كارەبای نیشتمانی كەمببێتەوە.

هاوڵاتى: بەردەوام باس لەبەرهەمهێنانی كارەبا دەكرێت كە زیادبووە، لە ئێستادا بەرهەمی كارەبا چەند هەزار مێگاواتە؟

ئومێد ئەحمەد: حالییەن ئەوەی بەرهەم دێت سێ هەزارو (300) مێگاواتە، بەڵام ئەو فاكتەرانەی بۆم باسكردیت وای كردووە كە (400) مێگاوات كارەبامان لەدەستداوە، بەئەندازەی (600 بۆ 700) مێگاوات خواستیش لەسەر كارەبا زیادی كردووە ئەوە هەزار مێگاوات، واتە ئەگەر هەزار مێگاوات داخڵی سیستم بكەینەوە دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ پێش 15ی حوزەیران كە (18 بۆ 19) كاتژمێر كارەبای نیشتمانی هەبووە.

هاوڵاتى: بەردەوام ئەوە دەبینین كە وەزیری كارەبا وێستگەیەكی كارەبای نوێ دەكاتەوە؟

ئومێد ئەحمەد: ئەوانە بەرهەمی كارەبا نین، ئەوانە وێستگەی تەحویلی كارەبان، ئەو مێگاواتەی لە شوێنێكەوە هەیە دەبێت بیگۆڕیت بیگەیەنیت بەهاوبەشانی كارەبا.

هاوڵاتى: وەزارەتی كارەبا لەسەدا 48ی پێوەری زیرەكیان بەستووە ئەمە ونبوون و سەرپێچی كارەبای كەمنەكردووەتەوە؟

ئومێد ئەحمەد:وەكو پێوەری زیرەك لەناو وەزارەت بۆچوونێك هەبووە تا نەگەینە نیوە زیاتری هاوبەشانی كارەبا كاری پێنەكرێت بۆ ئەوەی دادپەروەری تێدابێت.

لەئێستادا كاری پێنەكراوەو هەموو ئەوانەی پێوەری زیرەكیان بۆ بەستراوە (40) ئەمپێرە، بەڵام كە كەوتەكار دەكرێتە (25) ئەمپێر، لەئێستاوە بكرێت نەختێك غوبن و نادادی تێدا دەبێت بۆیە وا بەباش زانراوە هەركات زیاتر لەنیوەی هاوبەشانی كارەبا پێوەری زیرەكیان بۆ بەسترا ئەوكات دەكەوێتەكار.

بەئەندازەی ئەو (720) هەزار هاوبەشەی پێوەری زیرەكیان بۆ بەستراوە سەرپێچی نەهێشتووە، كاتی خۆی رێژەی ونبوونی كارەبا لەسەدا (35 بۆ لەسەدا 40) بوو، لەدسەا (15) دابنێ بۆ لایەنی تەكنیكی، واتا لەسەدا 25ی كارەبا سەرپێچی كرابوویە سەر ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ناو تۆڕەكانی كارەبا.

هاوڵاتى: كابینەی نۆیەم بودجەی بۆ تەرخان كردوون بۆ كارەكانتان؟

ئومێد ئەحمەد:وەكو بودجە هیچ وەزارەتێك بودجەی نییە، بەڵام وەكو پاڵپشتی بەسوپاسەوە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و سامانە سروشتییەكان ئەگەر شتێكی خێراو بەپەلە هاتبێتە پێشەوە بەدەممانەوە هاتوون لەمحاویلەو مۆبایل، وێستگەی تەواو كەهێڵ نەبوو بەیەكیانەوە ببەستینەوەو كۆمەڵێك ئیش كراوە، بەدڵنیایی بەپاڵپشتی ئەوان كراوە، ئەگەر ئەو پاڵپشتییە نەبووایە نەدەكرا.

هاوڵاتى: مۆلیدەی ئەهلی كەی نامێنێت؟ خەڵك چاوەڕێی ئەوە لەوەزارەتی كارەباو كابینەی نۆیەم دەكات؟

ئومێد ئەحمەد: ئێمە لەڕابردوودا ئەو قسەیەمان كردووەو وەكو وەزارەتیش سوپاسی مۆلیدە ئەهلییەكان دەكەین كە تەواوكەری خزمەتگوزارییەكانی كارەبا بوون، بەڵام ئەمە هیچ ئەملاولای تێدا نییە كەئامانج و پلان و ئەركی وەزارەتی كارەبایە كار بۆ بەدیهێنانی كارەبای (24) كاتژمێری بكات، بەڵام ئەمە بە كار دەبێت نەك بە قسە.

یەكێك لەكارەكان كۆنترۆڵكردنی خواست و پرۆژەی پێوەری زیرەكە، دەستمان داوەتێ كە خەڵك هەبوو دەیانوت كە ناچێتە بواری جێبەجێكردن كە چووە بواری جێبەجێكردن، دەیانوت مۆفەق نابێت، زانیان هەنگاوەكان نراوە دەیانوت گرنگ ئەوەیە تەواو بێت، واتا بەرنامەی وەزارەتی كارەبا ئەوەیە تاكۆتایی ئەمساڵ هەموو هاوبەشانی كارەبا پێوەری زیرەكیان هەبێت، ئەوە لایەنی كۆنترۆڵی خواست و سەرپێچیەكانە.

لایەنی بەرهەم خەریكین لەزیادكردنی بەرهەمهێنان لەماوەی كەمتر لەسێ مانگدا  وێستگەی غازی لەگەرمیان بەتوانای (165) مێگاوات كارەبا دانراوە كە ئێستا (100) مێگاواتی كەوتووەتە كارو چاوەڕێی ئەوەین ئەو (65) مێگاواتەی دیكەشی بخرێتە كار.

لەڕێگەی وێستگەی خۆرەوە (75) مێگاوات كارەبامان داناوەو تەندەر راگەیەندراوەو لەهەر شارێك (25) مێگاواتی بۆ دابنرێت، بۆ خۆی ئەوە پرۆژەیەكی نوێیە، بەڵام ئێمە وەكو بڕوای خۆمان بڕی مێگاوات وەكو سەرچاوەی وزە گرنگە، بەڵام جۆرایەتیش گرنگەو حەزمان لێبوو جۆری وزەی خۆرمان هەبێت، چونكە هەرێمی كوردستان وڵاتێكی مولائیمە بۆ ئەوەو بەرهەمهێنانی دۆستی ژینگەیە.

هەروەها لەسەر هایدرۆپاوەر لەدێرەلوك خەریكین كە (38) مێگاوات كارەبایە، ئەمانە وەكو زیادكردنی بەرهەمهێنان بەردەوامین لەزیادكردنی بەرهەمهێنان.

لەسەر ئاستی تۆڕەكەش بۆ بەهێزكردنی تۆڕ، كە تۆ هێڵی گواستنەوەت نەبێت چۆن دابەشی دەكەیت، كار لەسەر ئەوەش دەكەین، ئەو پرۆژانەی جەنابی وەزیر و وەزارەتی كارەبا بەردی بناغەی دادەنێن بۆ بەهێزكردنی وێستگەكانی كارەبایە لەتۆڕی (132 و 32) كەیڤی.

هاوڵاتى: لەئێستادا ژێرخانی كارەبای هەرێم گەیشتووەتە چەند هەزار مێگاوات، بۆچی كاری پێناكرێت؟

ئومێد ئەحمەد: وەكو ژێرخانی كارەبا شەش هەزارو (600) مێگاوات كارەبامان ئامادەیە، ژێرخانە ئاوییەكانی لێ دەربچێت كە (600) مێگاوات لەئاوی دوكان و دەربەندیخانەوە، شەش هەزار مێگاواتەكەی دیكە ئامادەیە بۆ كارپێكردن، بەڵام بەداخەوە بەهۆی نەبوونی غازی پێویست نەخراونەتەكار.

ئێستا وێستگەی غازی دهۆك هەزار مێگاوات كارەبا ئامادەیە، بەڵام پایەر پلاینی غازی پێنەگەشتووە كاری پێبكەین، ئەوە لای وەزیری سامانە سروشتییەكانە كە بۆری غازی بۆ رابكێشرێت، بۆ ئەوە لەسەر خەتین لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان.

پایەر پلاینی غازی لەخورمەڵە كە یەكەیەكمان لەدەرەوەیە كە پێویستی بەغازە، هەروەها چوار یەكەی دیكە لەدەرەوەیە، بەشی دووانی غازمان هەیە و دوانەكەی دیكە غازیان نییە.

لەدهۆك هەشت یەكە، بەكۆی گشتی (11) یەكەیە كە دەگاتە هەزارو (200) مێگاوات كارەبا،  بەكۆمپاینی سایكڵەكەیەوە دەچێتە دوو هەزار مێگاوات كارەبا ئەگەر ئەوانە جێبەجێ ببێت دەخرێتە سیستمی كارەباوە.

هاوڵاتى: بەڵام ئەوانەی كە باسی دەكەیت بەرنامەی باشن، كەی دەبینە خاوەنی (24) كاتژمێر كارەبای نیشتمانی و خواحافیزی لەمۆلیدە ئەهلییەكان دەكەین؟

ئومێد ئەحمەد: حەز دەكەین یەك دەقە كارەبا زیاتر بدەم، ئەوە ئەركمە كە (24) كاتژمێر كارەبا بدەین، لەئاستی كۆنترۆڵی خواست پێوەری زیرەك كارمان كردووە، لەئاستی بەرهەمهێنان باسم كرد بۆتان، ماوەتەوە هەبوونی بودجەو پارەی پێویست بۆ دابینكردنی غاز بۆ ئەو یەكانە.

بەبڕوای ئێمە هەموو ئەمانە لەئەجێندان وەكو وەقت و زەمەن ساڵ و نیوێك بۆ دوو ساڵی دیكە ئەگەر ئەو بەرنامانە جێبەجێ بكرێت دەتوانین (24) كاتژمێر كارەبا دابین بكەینن چونكە بەژمارەو داتا قسەم بۆ كردوون، ئەوەی پێویستی بەغازە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆری بۆ رابكێشێت و بۆی دابین بكات.

هاوڵاتى: داهاتی كارەبا هەیە، بەڵام بەردەوام دەوترێت پارەیەكی زۆرتان لای هاوبەشانی كارەبایە؟

ئومێد ئەحمەد: هاوبەشەكانی كارەبا بەحكومی زراعی و سناعی و بازرگانی و ماڵان، لەسەرو ترلیۆنێك دینارەوە قەرزاری وەزارەتی كارەبان،  ئەو داهاتانەی كە دێتەوە بڕەكەی زۆر كەمە بەراورد بەو خەرجییانەی كەوەزارەتی كارەبا ئەنجامی دەدات بۆ چاككردنەوەی تۆڕەكان و بەستنەوەی تۆڕەكان بەیەكەوە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار