زەرەر دەكەین مینبەری مزگەوتەكان بدرێتە سەلەفییەكان

سەید ئەحمەد بەرزنجی، راوێژكاری هاوسەرۆكانی یەكێتی بۆ كاروباری ئاینی بۆ هاوڵاتى:

3 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: شاناز حەسەن

هاوڵاتى: ئەوانەی یاریدەدەری مام جەلال بوون، ئێستا راوێژیان پێدەكرێت، یەكێتی چ سودێك لەوە وەردەگرێت بۆ بەرەوپێشچوونی حزبەكەی؟

سەید ئەحمەد بەرزنجی: ئێمە وەك خۆمان لەشوێنی خۆمان ماوینەتەوەو بەردەوامین لەسەر كاری خۆمان، یەكەم ئاینی ئیسلام ئاینی زۆربەی خەڵكی كوردستانە، دووەم ئەوەی لەدەورمانە، دین رۆڵی هەیە.

بۆ نموونە لەئێراندا سیستمەكە دینییەو راستە ئەوەی كە ئێمە تێیگەیشتوین و دەیزانین، سیستمەكە دینییە و  كەمێك تەجاوز كراوەو وەك ئێرە نیە، سیستەمەكەیان دیموكراتیەو لەكاتێكدا بڕوایان بەفەلسەفەی دیموكراتی نیە، دین گرنگە، مام جەلالیش زۆر گرنگی بەبواری ئاینی داوە، كە لەوانەیە هیچ شۆڕشێك و سەركردەیەكی كورد ئەوەندە گرنگی پێنەدابێت، ئەوكات كەڕاپەڕین بوو خەڵك وەزعی باش نەبوو، موچە نەبوو، شۆڕشیش ئیمكانیەتی نەبوو، بەڵام مام جەلال لەمەكتەبی كۆمەڵایەتی موچەی بۆ هەموو مەلاكان بڕییەوەو مانگانە بە جیاوازی لەگەڵ هەموو كەسانی تر موچەی پێدەدان بێ ئەوەی جیاوازی بكات ئەمە مەلای چ حزبێكە كە چەندین حزب هەبوو لەوكاتەدا، هەروەها گرنگی دان بەتەكیە و مزگەوت و مەرقەدەكان و بەردەوام دەیبوژاندنەوەو گرنگی پێدەدان.

یەكەمین ساڵ كەهاتینەوە لەڕاپەڕین مام جەلال و نەوشیروان پێیان وابوو نوێژی جەژن لەمزگەوتی گەورە بكرێت چووین و پێكەوە نوێژی جەژنمان كرد، واتە ئەوەندە گرنگی بەئاین دەدات.

هاوڵاتى: ئەو گرنگیدانە بەئاین پەیوەندییەكانی یەكێتی و لایەنە شیعییەكانی بەهێز كردووە؟

سەید ئەحمەد بەرزنجی: پێش راپەڕین پەیوەندیمان زۆر باش بوو لەگەڵ مەجلیسی ئەعلاو حزبە ئیسلامیی عێراقییەكان و كوردییەكان زۆر باش بوو، تەنانەت حزبی ئیسلامی سەرەتا پەیوەندییە ئیسلامییەكان لەسنە بوون، كەمبوون و فراوان نەبوون و حزب نەبوون، مام جەلال یارمەتی دان و بوونە حزب، بزوتنەوەی ئیسلامییان دامەزراند، مام جەلال بڕوای وابوو ئەو جوڵانەوەیەی كوردستان پێویستی بەهەموو رەنگێك و تووێژ و چین و ئایدیایەك هەیە. تەنانەت ئەوكات كەس نەیدەزانی ئیمام خومەینی كێیە، چ توانایەكی هەیە، مام جەلال ئەوكاتە دەیناسی و نامەیەكی بۆ نارد كە وتی ئێمە شۆڕش دەكەین دژی دیكتاتۆریەتی ناوچەكەو جوابی بۆ ناردو وتی من پشگیریتان دەكەم و وتوویەتی كورد بۆی هەیە مافی خۆی وەربگرێت.

دوای كۆنگرەی چوار ئەو وەزعەی ئێستا هاتۆتە پێشەوە لەگەڵ ئەوكاتەی مام جەلال زۆر جیاوازە و هەرچەندە ئێستاش هاوسەرۆكان زۆرجار گرنگی پێدەدەن و زۆرجار كۆبوونەوەو دانیشتن لەگەڵ مەلاكان دەكەن، بەڵام كەسایەتی مام جەلال زۆر زۆر جیاوازبوو، ئەمانیش تەنانەت لەمەڵبەندەكان بۆردی ئاینییان هەیە، ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ شیعەی عێراق و ئێران زۆر بەهێز بوو، هەروەها لەگەڵ ئیفتای سوننەش، ئێمە هەمیشە عاملی خێربووین چونكە كێشەی ئەم وڵاتە ئێستاش ناكۆكییە ناوخۆییەكانە، چونكە كە ناكۆكیە ناوخۆییەكان نەبێت هیچ دوژمنێك ناتوانێت زەفەری پێبهێنێت.

هاوڵاتى: لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی چووە بەغداو لەگەڵ لایەنە شیعیی و سوننەكان كۆبووەوە، پێتانوایە پەیوەندییەكان بەهێز دەكاتەوە؟

سەید ئەحمەد بەرزنجی: هاوسەرۆكان كاك بافڵ كە چووەتە بەغدا و كۆبونەوەی كردووە لەسەر بەرنامەی مام جەلال بووە و چەندین جار بە منی وتووە پێویستە بەردەوام بین و بافڵ وتوویەتی حەزدەكەم  پەیوەندیەكانمان بەردەوام بێت و بچم سەردانی سیستانی بكەم، بەڵام ئەوەی ئیلاقاتەكەی لەگەڵ  شیعە سست كرد، ئەو ریفڕاندۆمە بوو كە كردیان، چونكە راستە یەكێتی تێدابوو، بەڵام رەنگە بەناچاری بووبێت.

تەنانەت رێككەوتنەكانی ئێمە لەگەڵ پارتی، مام جەلال كە چوو بۆ سەری رەش و تەنازولی كرد كە بۆ ئەوەی شەڕ نەمێنێت، ئەم ریفراندۆمە كە یەكێتی لەگەڵی نەبوایە لەوانەیە چەندین تەفسیری بۆ بكرایە، ئەگینا ئەوەی یەك تۆز لەمێژووی كورد بزانێت و لەسیاسەت تێبگات، بە فكر قەت یەكێتی لەگەڵ ئەو ریفراندۆمە نەبووە، چونە كوردی زۆر بردە دواوە، جاران سوننە و شیعەی عێراق دەهاتن لە هەوڵێر پرسیان دەكرد بۆ كارەكانیان، ئێستاش هەر پرسیش ناكەن، بۆیە ئەو ئیلاقاتە بەو هۆیەوە تێكچوو.

پێش ئەو ریفراندۆمە، ئێمە لەگەڵ مەراجیعی شیعە بڕیارمان وابوو موئتەمەرێكی نێودەوڵەتی لەكەركوك بكەین و هەموو ئامادەكاریەك كرابوو  لەسەر ئەو بەرنامەیەی مام جەلال داینابوو بۆ پێكەوەژیان لەكەركوك، بەڵام بەهۆی ریفراندۆمەوە هەمووی تێكچوو، بۆیە پەیوەندییەكان  كاڵبوونەوە.

هاوڵاتى: یەكێتی حزبێكی سۆشیال دیموكراتە، دەوترێت حزبێكی علمانیەو ئاین لەگەڵی كۆك نیە؟

سەید ئەحمەد بەرزنجی: راستە یەكێتی و ئەو حزبانەی جوڵانەوەی كوردیان بەرپاكردووە بەناو حزبی علمانین، بەڵام هێشتا ئەوەی خوێندەوار بێت دەزانێت هێشتا ئەمانە حزبی علمانی نین، وەك حزبێكی دینیش نین، بەڵام ئەمە تەنیا واقعە و پێكەوەژیانە، چەندین سەركردە دەبینی، لەناو حزبەكانی تریشدا كە بڕوایان بەدین نەبووە كەچی زۆریان دەڵێن من بڕوام بەقورئان و بەخودا هەیەو سوننەم یان شیعەم، ئەمە واقعیكە ناتوانی لێی دەرباز بیت، چونكە لەسەدا نەوەی ئەم خەڵكە موسوڵمانەو هەر نەبێت دەبێت رێز لەو تایبەتمەندە بگری، دواجار چ قازانجێك دەكەیت كە دژایەتی دین بكەیت، بەتایبەت كە خەباتەكەمان خەباتێكە بۆ رزگاربوونی خەڵك، ئێمەش سیستمێكی دیموكراتین، ناتوانی پێناسەیەك بۆ یەكێتی بكەین وەك حزبێكی علمانی.

هاوڵاتى: باس لەوە دەكێت شێخ نەهرۆ كەسنەزانی تەكییەیەك لەسلێمانی دەكاتەوە، بۆچونتان چییە لەوبارەیەوە؟

سەید ئەحمەد بەرزنجی: ئەمانە بنەماڵەیەكن پشتاوپشت ئەو تەكیەو خانەقایانەیان هەبووەو لەگەڵ خەڵكدا بوون و لایەنگیریان هەبووە، بۆیە ئەمانە كۆنن و هەر هەبوون و تازە نین، مام جەلال خۆی دافعێكی سەرەكی بوو كە ئەم تەكیە و خانەقایانە هەبن.

لەقۆناغی دیموكراتیشدا دەبێت وابێت، دەبێت دەرفەت واڵا بكەیت بۆ هەموو جیاوازییەكان، هەر كەسەی دەنگی خۆی هەبێت، بۆیە بڕوام نیە هەندێك نەبێت لەو جوڵانەوەیە ئیسلامیانە كە وابەستەن بە شوێنێكەوە، ئەوانەی دیكەی بەتایبەت تەكیە و خانەقا و دەروێشەكان، بڕواناكەم زیانیان هەبێت.

هاوڵاتى: پارتی و یەكێتی هەندێك جار تۆمەتبار دەكرێن بەوەی كە هانی سەلەفییەكان دەدەن؟ مزگەوتەكان دەدەنە سەلەفییەكان و لە مامۆستایانی ئاینی سەر بەكۆمەڵ و یەكگرتووی وەردەگرنەوە؟

سەید ئەحمەد بەرزنجی: من بڕوام نیە ئەمە بەبەرنامە بێت و لەوانەیە هەندێك لایەن بۆ جەماوەری خۆی و بۆ هەڵبژاردن بیەوێت بەكاریانبهێنێت، بەڵام یەكێتی وانیەو تەنیا دەیەوێت رێزیان لێبگرێت و وەك لایەنە دینیەكە ڕێزیان لێ دەگرێت و تەداخولیان ناكات، بەڵام ئەو گرنگی پێدانە لەو لاوەیە (پارتی) لای ئێمەوە نیە، چونكە پارتی پەیوەندیەكانیان جیاوازە لەگەڵ توركیا و لەگەڵ خلیج وهەموو وڵاتانی دیكە، چونكە ئەوان پەیوەندیان وەك ئێمە نیە و جیاوازن لەگەڵ هەموو وڵاتانی دیكە.

كورد زۆر زیان دەكات كەمزگەوتەكان هەمووی بدرێت بەسەلەفی، ئەوە دەبێتە سیراعێكی گەورە، چونكە لایەنەكانی دیكە كە بنەمایەكیان هەیە وەك كەسایەتی ئاینی و حزبە ئیسلامییەكان و تەكیەكان و خانەقاكان نیگەران دەكات.

بۆ كورد خراپەو كورد ئینتیمای نیشتیمانی زۆر كاڵە، سەلەفییەكان هەوڵدەدەن ئەو كاڵیەش نەمێنێت، سەلەفی نیشتمانیان نیە، لەكوێ بوویت ئەوە نیشتیمانیانە.

هاوڵاتى: سەلەفییەكان هەندێك وتاری توندیان هەیە بۆ خەڵك؟ كە هەموو كەس پێی هەزم ناكرێت، بەڵام رێگاشیان بۆ كراوەتەوە لەڕێگەی مینبەری مزگەوتەكانەوە؟

سەید ئەحمەد بەرزنجی: ئەوە زۆر خراپە، ئەوە سەرەتایەكە بۆ تیرۆر، ئەو تیرۆرە هەمووی لەو فكرانەوە هاتووە، رەگ و ریشەی ئیبن تەمیە بخوێنەرەوە هەمووی ئەو تیرۆرو توندوتیژییە لەئەوەوە هاتووە، بۆیە زۆر زیان دەكەین.

هاوڵاتى: پێتانوایە پارتی دەیەوێت لەڕێگەی سەلەفییەكانەوە لەئیسلامییەكان بدات؟

سەید ئەحمەد بەرزنجی: سەلەفی و ئیسلامی لەعالەمی عەرەبی سەركەوتوو نەبووە و لەناو كوردیشدا سەركەوتوو نابێت، تەنیا ئەوە كەف و كوڵێكەو ماوەیەكەو نامێنێت، تەنیا هەندێك وەزعی ئیقلیمی و دەولی لەوانەیە یارمەتییان بدات.

هاوڵاتى: پێتانوایە كۆمەڵ كارێكی باشی كردووە پاشگری ئیسلامی لێكردەوە؟

سەید ئەحمەد بەرزنجی: بەدڵنیاییەوە ئاقڵی كردووە، چونكە ئەوە لەوانەیە ئەوە مەجالی تێدا بێت هەنگاوی دیكەش بنێن، كۆمەڵ كە لەبزوتنەوە جیابۆوە توندتر بوون، بۆیە ئەوە هەنگاوێكی باشیان ناوە رێگایەكی نوێیان گرتووەتەبەر.

هاوڵاتى: ئەردۆغان بەناوی ئاینەوە سەركوتی كورد دەكات؟ پێتانوایە ئەوەی گەریلا دەیكات قوربانیدانە؟

سەید ئەحمەد بەرزنجی: زۆرجار گوێم لەمەلا بووە لەهەولێر پشتگیری ئەردۆغانی كردووە  كە سەركوتی كورد دەكات، گوێم لەو مەلایانە بووە كە خۆی ئەندامی پەرلەمان بووەو  خۆی بەپیاوێكی باش دەزانێت، پشتگیری كردووەو بۆ ئەوەی ئێستاش كە لەشكركێشی كردووە پشتگیری ئەردۆغان دەكات.

لەم ماوەیە رۆژنامەنووسێكی ئوردونی باسی لەوەكرد كە لەتوركیادا (300) مەلها هەیەو شوێنی خراپی زۆری هەیە كەبڕوا ناكەم لەهیچ وڵاتێكی ئەوروپی ئەو فەسادە هەبێت، بەناویش حزبی ئەپەكە موسوڵمانەو ئەردۆغان قورئان دەخوێنێت و سەركوتی كوردی پێدەكات.

لەبارەی گەریلاوە وەك خۆم بەشەخسی لای من گەریلا پیرۆزەو ئۆجەلان پیرۆزە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار