بەهیچ شێوەیەك گۆڕان لەپرەنسیپەكانی زەمانی كاك نەوشیروان لایی نەداوە

دەرباز محەمەد، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ هاوڵاتى:

3 ساڵ لەمەوپێش



 

 

سازدانی: مەزهەر كەریم

 

ئەندامێكی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژە بەوە دەدات كە بەشدارن لەحكومەت بەڵام» حكومەتێك هەیە لەدەرەوەی حكومەت، ئەمەش هەقەتەكەیە، كە كۆنتڕۆڵی جومگەكانی حكومەتی كردووە چۆنی بوێت ئاوا هەنگاو دەنێت».

دەرباز محەمەد، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەڵێت:» بەهیچ شێوەیەك گۆڕان لەپرەنسیپەكانی زەمانی كاك نەوشیروان لاینەداوە، یەعنی ئێمە تەنازولمان لەهیچ یەكێك لەو پرەنسیپانە نەكردووە، بەڵام گرفتێك هەیە ئێمە لەحكومەتینو ئەو پرەنسیپانە جێبەجێ ناكرێت»

هاوكات لەبارەی هاوپەیمانێتییەكەیان بۆ پەرلەمانی عێراق لەگەڵ یەكێتیدا دەشڵێت:» هەموو رۆژێك دەكرێت گفتوگۆ لەسەر هەنگاوی نوێ بكەین، ئایا دەگەینە قەناعەت بۆ هەڵبژادنی پەرلەمانی داهاتووی كوردستان یان هەر جۆرە هەماهەنگیەك و تەنسیقێكی دیكە لەنێوان هەردوولادا».

هاوڵاتى: سەرەتا با لەوە دەستپێبكەین دۆخی هەرێم بەگشتی چۆن دەبینن لەڕووی سیاسییەوە؟

 دەرباز محەمەد: راستیەكەی هەموو شتەكان ئاشكرایە، دەتوانین بڵێین دۆخی هەرێم لەڕووی سیاسییەوە ناجێگیرە، زۆر باش نیە، لەبەرئەوەی راستە پەیوەندییەكانمان لەڕووی ئەمنییو عەسكەرییەوە لەگەڵ بەغدا باشە، بەڵام لەڕووی داراییەوە كێشە كۆنەكان وەك خۆیان ماونەتەوە، باوەڕناكەم بگاتە چارەسەر.

دۆخی دەستتێوەردانی دەرەكی  هەتا بێت زیاد دەكاتو خراپتریش دەبێت، لەناوخۆش دابڕانێكی گەورە هەیە لەنێوان خەڵكو حكومەتو دەسەڵات، ئەم دابڕانە گەورەیە بەڕاستی هۆكارە سەرەكیەكەی ئەوەیە، كە دەسەڵات نەیتوانیوە وەڵامدەرەوەی داخوازیەكانی خەڵك بێت، كە دەڵێین دەسەڵات راستیەكەی ئەو دەسەڵاتە قوڵەیە هەژمونی بەسەر هەموو كایەكانەوە هەیە، ئەمەش وایكردووە متمانە نەمێنێ لەنێوان خەڵكو حكومەت، بەداخەوە جیاوازی نێوان خەڵكو دەسەڵات رۆژ بەڕۆژ لەزیادبووندایە، دەتوانین بڵێین دۆخی هەرێم باش نیە.

دۆخی هەرێم كەخراپە كەڵكەبوی بیستو نۆ ساڵی رابردووە، ئەمە بەشێكیەتی، بەشێكی دیكەشی ئەوەی كەئێمە بەڕاستی لەسەر ئەوەی چاكسازی بكرێت بنەمای بەشداری ئێمە لەم حكومەتەدا چاكسازییە لەكۆی مەلەفەكاندا بەتایبەت مەلەفی ئابووری. ئێمە ئەم هەنگاوانە وەك پێویست نابینین بۆ چاكسازی بەتایبەت مەلەفی پێشمەرگەو ئاسایشو مەلەفی دادگاكانو مافی مرۆڤ ئەوجا مەلەفی چاكسازی ئابووری، ئەم مەلەفانە هیچی وەك پێویست نەچۆتە پێشەوە، تەنیا كارێك كراوە ئەوەیش چاكسازی لەخەرجیەكان، ئەمەش بەتایبەت پەیوەندی بەخانەنشینیو موچەی دووبارە، ئەوەش ناگاتە خواستی ئێمە.

هەڵبەت مەبەستمان لەچاكسازییە ئابوریەكەو لەمەلەفی نەوتدا، چونكە هەموومان دەزانین نەوتو دۆلار نرخیان بەرزبۆتەوە، بەڵام داهاتی حكومەت هاوتای ئەوە بەرز نەبۆتەوە بۆچی لەبەرئەوەی گرفتێكی گەورە لەگرێبەستە نەوتیەكاندا هەیە، بۆیە ئەگەر بەرپرسیارەتیەكە بزوتنەوەی گۆڕانە ئێمە لەهەوڵداین، ئێمە چی لەپەرلەمانو حكومەت لە 12%ی بەرپرسیارێتمان بەردەكەوێت.

 

حكومەتێك لەدەرەوەی حكومەتی هەرێم كۆنتـــڕۆڵی جومگەكانی كـــردووەو چــۆنـی بووێت ئـاوا هەنگـــــــاو دەنێت

هاوڵاتى: هاوپەیمانێتییەكەتان لەگەڵ یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، خوێنندەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت؟ ئەمە هەنگاوێكی باشە بۆ بەدەستهێنانی دەنگ یان بۆ یەكڕیزی كورد باشە؟

دەرباز محەمە: ئێمە هاوپەیمانیمان لەگەڵ یەكێتی زۆر زۆر روونە، دەقی هاوپەیمانییەكەش بڵاوبووەتەوە، كە هاوپەیمانیەكە بۆ هەڵبژادنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بێگومان رێكەوتنەكەمان بۆ ئەوەیە لەڕووی هونەری هەڵبژادنەوە، كەئێمە بتوانین چۆن دەنگی زیاتر بەدەستبهێنین، پێمانوایە ئەم هاوپەیمانیە لەو رووەوە بۆ هەردوولا باشە.

هەروەها بۆ ئەوەی لەكوردستان چەندە جیاواز بین هەر دەبێت لەبەغدا بەئەجندایەكو پلانێكو بەرنامەیەكی تایبەتی كورددا بچینە پێشەوە لەگەڵ بەغدا، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم هاوپەیمانیە سەدایەكە بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكانی دیكەی كوردستان لەئایندەدا لەژێر چەتری بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان، بتوانین قورساییەكی باشترمان هەبێت لەبەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

هاوڵاتى: گۆڕان بەهاوپەیمانێتی لەگەڵ یەكێتی دەتوانێت پارێزگاری لەپێنج كورسییەكەی بكات؟

دەرباز محەمەد: ئێمە وەك گۆڕان هاوپەیمانیەكەمان مەبەستە، بەڵام بێگومان پێمان وایە گۆڕان دەبێت پارێزگاری لەقورسایی خۆی بكات لەهەڵبژاردنەكەدا، لەئەنجومەنی نوێی نوێنەرانی عێراق.

هاوڵاتى: بۆچوونێك هەیە ئەگەر هاوپەیمانێتیەكەی ئێوەو یەكێتی سەركەوتوو بێت بیر لەوە دەكرێتەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش هەمان هەنگاو بنێن؟

 دەرباز محەمەد: راستییەكەی نە ئێمە لەنێو خۆماندا وەك بزوتنەوەی گۆڕان نە لەگەڵ برایان لەیەكێتی باسی هیچ جۆرە نزیكبوونەوەیەكی دیكەمان نەكردووە غەیری ئەم هاوپەیمانیەتیە نەبێت، ئەم هاوپەیمانیەتیەمان مەبەستە بەهەردوولامانەوە، ئەوەی كە رەئی ئێمەشە وەك گۆڕان، كە هەموو رۆژێك دەكرێت گفتوگۆ لەسەر هەنگاوی نوێ بكەین، جا ئەم هەنگاوی نوێیە چیەو چۆنەو وردەكاریەكەی تاوەكو ئێستا باسمان نەكردووە، بەڵام دەرگا دانەخراوە لەسەر هیچ جۆرە گفتوگۆیەك، بەڵام ئایا دەگەینە قەناعەت بۆ هەڵبژادنی پەرلەمانی داهاتووی كوردستان یان هەر جۆرە هەماهەنگییەكو تەنسیقێكی دیكە لەنێوان هەردوولا ئەوە بەڕاستی بابەتەكان دەیزانێت.

ئەمەی باس دەكرێت وەك ئەوە وایە مامەڵەی ماسی بكەین لەدەریادا، لەبەرئەوەی ئێمە نازانین كەی هەڵبژادنی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت، نازانین بارودۆخی سیاسی ناوچەكەو ئێمەو یەكێتی شەش مانگ پێش و هەڵبژادنەكە چون دەبێت، ئێستا زۆر زۆر زووە باس لەو بابەتە بكەین، لەوانە خەڵكێك لەدەرەوی گفتوگۆی جددی قسەیەكی فڕێدابێت كە من تاوەكو ئێستا بەڕەسمی نەمزانیوە بەهیچ شێوەیەك بەڕەسمی قسیەكی لەو شێوەم باس نەكردووە، بەڵام ئاساییە ئەندامێكی ئێمەو یەكێتی قسەیەكی لەو شێوەیەی باس كردبێت بەس بەفەرمی هیچ لەوبارەیەوە باس نەكراوە.

گۆڕان قەبولی نیە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازیو سندوقی داهاتە نەوتییەكان پێكنەهێندراوە، بەڵام ماوەتەوە سەرئەوەی رەد فیعلی ئێمە چی دەبێت، ئەگینا ئێمە ماوەی شەش مانگ زیاترە ناومان ناردووە دەبوو ئەو سندوقە پێكبهێنرێت، بەڵام تائێستا ئەو سندوقە پێكنەهێندراوە، هەڵوێستیشمان روونە، ئەو رەخانەنەی دەیگرین ئەوە هەڵوێستەكانی ئێمەیە

هاوڵاتى: گۆران لە كابینەی نۆیەمی حكومەت بەشدارە باستان لەوەكردووە كە چاكسازی دەكرێت؟ چی كراوە كەبوونی گۆڕان رۆڵی هەبووبێت لەچاكسازی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی؟

دەرباز محەمەد: هەنگاوی باش نراوە بۆ چاكسازی لەڕووی تیۆری، لەڕێگەی ئەو یاسایەی تایبەتە بەچاكسازی لەخەرجییەكان، ئێمە بەوازحیو بەڕوونی وتوومانە چاكسازییەكان تائێستا ریشەییو گشتگیر نینو خاوو خلیچكیەكی زۆر هەیە بۆ ئەوەی چاكسازی بكرێت، پێمانوایە چاكسازیكردن یاسای ناوێتو كاتی زۆریشی ناوێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا گوێمان لەو ئەگەرەیەو ئەو هەنگاوەمان نەبینیوە بەجددی بەدوای چاكسازیدا بگەڕێت.

گەورەترین مەلەف لەڕووی داهاتەوە مەلەفی نەوتە تائێستا دەستی بۆ نەبراوە، لەڕووی ئەمنی و سەربازییەوە مەلەفی ئاسایشو پێشمەرگەیە تائێستا دەستی بۆ نەبراوە سەرەڕای فشاری هاوپەیمانان بەتایبەت بەریتانیاو ئەمریكا ئەو هەنگاوە نەنراوە كەپێویستە.

 هەروەها لەكەیسو مەلەفەكانی دیكەدا هەنگاوی ئیجابی نەنراوە،  هیوادارین ئەم دوو ساڵەی تەمەنی حكومەت كەماوە هەنگاوی باشتر بنرێت بۆ ئەوەی دوای چوار ساڵ بڵێن ئەم كابینەی حكومەتە ئەمە جیاوازییەكانی بووە لەچاو كابینەكانی دیكەی حكومەتدا.

وەزیرەكانمان فعلین، بەڵام باوەڕێك هەیە لەشەرقدا سوڵتەی بڕیاردان دابەش نابێت، واتا بەسیتترین كارێك وەزارەتێك دەیكات دەبێت بڕیارەكە لەئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیار بدرێت، ئێ ئەنجومەنی وەزیران ئاشكرایە چۆن بڕیارەكە دەدرێت، من حكومەتم نەبینیوە بەقەدەر حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجومەنی وەزیران دەبێت بۆ هەموو تەفاسیلێك بڕیار بدات، جارێ ئەگەر بوجەت نەبێت وەك حكومەت ئەوە هەر نابێت بڵێیت حكومەتم هەیە، ئێ حكومەت بودجەی نیە، بەنموونە دەبێت ئەنجومەنی وەزیران بۆ وەزارەتەكانی دیاری بكات بڵێت بودجەی ئەمساڵی تۆ سەد ملیۆن دۆلارە، دوایی ئەم ساڵە بەرهەمم لەتۆ دەوێت، جا وەزارەتەكە تەندروستییە یان پەروەردەیە هەر وەزارەتەێكی دیكە، ئێ حكومەتی هەرێم ئەمەی نیە، حكومەتی هەرێم دوو مانگ جارێك یان چوار مانگ وەڵا بڕیارماندا دە ملیۆن دۆلار تەرخان دەكەین بۆ فڵان پڕۆژە ئێ حكومەتداری چۆن وا دەكرێت، ئێ ئەو بەشەی ئێمە بەو شێوەیە ناتوانێت ئەو بەرهەمەی هەبێت، ئەسڵەن هەر ناتوانیت لێی بپرسیتەوە چونكە موازەنەت بۆ دانەناوە، ئێ كە موازەنە نەبێت ئیشوكار بەچی دەكرێت.

هاوڵاتى: پێتانوایە پارتی رێككەوتنەكەی لەگەڵ گۆڕان هەمووی جێبەجێ كردووە، لەكاتێكدا كە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی و سندوقی داهاتە نەوتییەكان پێكنەهێندراوە، واتا چوار وەزیر و چوار وەكیل وەزیرو چەند راوێژكارێك بەمانای بەشداری حكوەمەت دێت؟

دەرباز محەمەد: وەك هۆشداریمان لەحكومەت بەپێی ئەو رێكەوتنەی هەیە هەندێك شت دەبوو بكرێت نەكراوە، بەتایبەت مەسەلەی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی  سندوقی داهاتە نەوتییەكان كەهیچ رێگرییەك نیەو هیچ كێشەیەك نیەو یاساكەی هەیەو دەكرێت تەشكیل بكرێتو پێكبهێنرێت.

كێشەكە لەوەدایە، بۆچی پێكهێنانی سندوقەكە دوابخرێت، یەعنی ئەمە بۆخۆی كێشەیە، ئایا یاساكە خراپە؟ ئەگەر یاساكە خراپە با هەوڵی هەمواركردنی بدرێت، ئەگەر یاساكە خراپ نیە بۆچی هەوڵی جێبەجێ كردنی نادرێت، چونكە مەلەفی داهاتە نەوتییەكان بۆ خەڵكیش زۆر زۆر گرنگە، ئێمە بەشدارین لەحكومەت، بەس حكومەتێك هەیە لەدەرەوەی حكومەت ئەمەش هەقەتەكەیە، كە كۆنتڕۆڵی جومگەكانی حكومەتی كردووە چۆنی بوێت ئاوا هەنگاو دەنێت، بەكوردیەكەی هەتا چەك لەدەرەوەی حكومەت بێت دەسەڵاتیش لەدەرەوەی حكومەت دەبێت.

گۆڕان قەبولی نیە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازیو سندوقی داهاتە نەوتییەكان پێكنەهێندراوە، بەڵام ماوەتەوە سەرئەوەی رەد فیعلی ئێمە چی دەبێت، ئەگینا ئێمە ماوەی شەش مانگ زیاترە ناومان ناردووە دەبوو ئەو سندوقە پێكبهێنرێت، بەڵام تائێستا ئەو سندوقە پێكنەهێندراوە، هەڵوێستیشمان روونە، ئەو رەخانەنەی دەیگرین ئەوە هەڵوێستەكانی ئێمەیە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئەگەر چاكسازییەك بكرێت بەگشتی بەشداربین مانای ئەوە نیە بەهاتنە دەرەوەی ئێمە لەحكومەت شتەكان باش دەبێت، تەحەمولی مەسولیەتیش دەكەین، بەڵام مەسئولیەتەكە لە 90% بەر پارتیو یەكێتی دەكەوێت.

دۆخی ناو گۆڕان باشەو ئارامە، بەڵام كێشەكانی هەرێم ئەوەندە گەورەیەو چاوەڕوانی خەڵكیش لەگۆڕان زۆر گەورەیە، یانی ئەوەیە باری گۆڕانی قورس كردوە

هاوڵاتى: ئێوە سەقفێكی زەمەنیتان دانا بۆ رێككەوتنەكەتان لەگەڵ پارتی؟ كاتی ماوە یان جارێكی تر قسەی لەبارەوە ناكرێت لەجڤاتی نیشتمانیدا؟

دەرباز محەمەد: مەسەلەی رێكەوتنەكەمان سەقفی زەمەنی تێدا نیە راستیەكەی، رێكەوتنمانو پێكهێنانی حكومەت بۆ چوار ساڵە، لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا حكومەت ئەو بەرنامە سیاسییەی كە هەیە جێبەجێ بكرێت بەڵام راستییەكەی ئەوە دوای دوو ساڵ لەتەمەنی حكومەت واینابینین بەرنامەكەی حكومەت جێبەجێ كرابێت، دوای دوو ساڵ دەكرێت نیوەی جێبەجێ بكرێت، وەك دابەشكردنی كات بەسەر بەرنامەكەدا، هیوادارین بتوانرێت ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بكرێت، هەركاتێك بزوتنەوەی گۆڕان گەیشتە ئەو قەناعەتەی رێكەوتنەكە جێبەجێ ناكرێت، دەبێت پێداچوونەوەیەك بكات، لەجڤاتی نیشتمانی هەڵسەنگاندنێكی وردو جددی بكات.

هاوڵاتى: بۆچوونتان چییە لەبارەی بارگرژییەكانی پارتی و پەكەكە؟ پێتانوایە دەبێت پارتی شەڕی پەكەكە نەكات كە دەچێتە بەرژەوەندی توركیاوە؟ ئامادەن نێوەندگیری نێوان پارتی و پەكەكە بكەن؟

دەرباز محەمەد: پێمانوایە لەهەموو حاڵەتێكدا هەر كێشەیەك لەنێوان پەكەكەو پارتیداو هەر لایەنێكی تر بێت بەشێوازێكی گفتوگۆو ئاشتیانە چارەسەر بكرێت، هیچ كاتێك پێویست ناكات خوێنی كورد بەدەستی كورد بڕێژرێت، بۆئەوەی ئەجندایەك بێتەدی، بەداخەوە بونی پەكەكە حەتمیە، كێشەكەش حەتمیە نازانین دەبێت چارەسەر چی بێت، ئەوە دەزانین هیچ كاتێك شەڕ چارەسەر نیە، نێوەندگیری تائێستا بیرۆكەیەك نەبووە تا گفتوگۆی جددی لەسەر بكەین، نێوەندگیری بۆ ئەوەیەكە كە دوو لایەن نەگەنە یەك، پارتیو پەكەكە پەیوەندییان بەیەكەوە هەیە واتا پێویست بەنێوەندگیری ناكات بۆئەوەی ئەوان بگەن بەچارەسەر.

بەهیچ شێوەیەك گۆڕان لەپرەنسیپەكانی زەمانی كاك نەوشیروان لایی نەداوە، یەعنی ئێمە تەنازولمان لەهیچ یەكێك لەو پرەنسیپانە نەكردووە، بەڵام گرفتێك هەیە ئێمە لەحوكمەتین‌و ئەو پرەنسیپانە جێ‌بەجێ‌ ناكرێت

هاوڵاتى: ئەگەر شەری پەكەكەو پارتی رووبدات هەڵوێستان چی دەبێت وەكو بزوتنەوەی گۆڕان؟

 دەرباز محەمەد: ئێمە هەموو ئاواتێكمان ئەوەیە شەڕ روونەدات، هیوامان وایە روونەدات، ئەگەر روویدا ئەوە بزوتنەوەی گۆڕان ئەوكات هەڵوێستێكی روونی دەبێت.

هاوڵاتى: دۆخی ناو گۆڕان چۆنە بەتایبەت لەئێستادا ئامادەكارییەكانی بۆ تەواوكردنی كۆنفرانسی نیشتمانی نزیكە لەتەواوبوون؟

دەرباز محەمەد: دۆخی ناو گۆڕان باشەو ئارامە، بەڵام كێشەكانی هەرێم ئەوەندە گەورەیەو چاوەڕوانی خەڵكیش لەگۆڕان زۆر گەورەیە، یانی ئەوەیە باری گۆڕانی قورس كردوە، كە خەڵك چاوەڕوانی چارەسەری كێشەكانە، ئەگەرنا دۆخی ناوخۆی گۆڕان كێشەی نیە بەقەدەر ئەوەی دۆخی گشتی هەرێم خراپەو خەڵكی چاوەڕوانی باشی دۆخەكەیە.

هاوڵاتى: بڕیاربوو لیژنەیەكی باڵا بۆ ئاشتكردنەوەی ناڕازییەكانی خوار گردەكە پێكبهێندرێت، بەڵام تا ئێستا هەوڵەكان تاكە كەسین؟

دەرباز محەمەد: من مەسەلەی لیژنەی باڵا نازانم بۆ ئاشتكردنەوەی ناڕازییەكان هیچ كاتێك لیژنەی باڵامان نەبووە بۆ ئەو مەبەستە، ئەو برایانەی بەهەر هۆكارێك لەهۆكارەكان لەچوارچێوەی ئۆرگانەكانی گۆڕان بن، ئێمە مەرحەباییو بابڵێین پەیوەندیمان لەگەڵیان ئاسایە وەك ئەشخاس، بەڵام ئەوان هەڵوێستێكی سیاسییان هەیە لەدەرەوەی چوارچێوەی سیاسەتەكانی گۆڕان، ئەمەش شتێكی زۆر زۆر ئاساییە كەسێك هەڵوێستی جیاوازی هەبێت.

هاوڵاتى: گۆڕان پێنج پەرلەمانتاری لەبەغدا هەیەو پەیوەندی ئۆرانیان؟؟؟؟؟ نەماوە؟ پێتانوایە نامەی دووەمی عومەری سەید عەلی بۆ ئەو پەرلەمانتارانە توند بوو؟ بۆچی كار گەیشتە ئەوەی بڵێت یا خواتان لەگەڵ یان پابەندبن بەپرەنسیپی گۆڕانەوە؟

دەرباز محەمەد: هەر لەیەكەم رۆژەوە مەلەفی پەرلەمانتارو بەغدامان كێشەی تێدابووە كێشەكەش دەگەڕێتەوە بۆ پێش هەڵبژاردنی ساڵی 20018، كە تەرتیبەیەك لەئەندامی پەرلەمانمان هەبێت لەئەساسدا، بەڵام پێش ئەوەی بیسم للە بكەن لەكاروباری خۆیان ئەوان خواحافیزییان كرد، بۆ مەسەلەی نامەو نامەكاریو گۆڕان بوونو گۆڕان نەبوون، ئێمە راستییەكەی وتوومانەو دەشیڵێینەوە مەسەلەی گۆڕان بوون تەنیا ئۆرگانی نیە، دەبێت لەچوارچوێوەی بەرنامەی سیاسی گشتیی گۆڕاندا ئەو كەسە خزمەت بكات.

هاوڵاتى: دەوترێت گۆڕان لەپرەنسیپەكانی كاك نەوشیروان مستەفا لای داوەو نموونەو بەڵگەی زۆر دەهێندرێتەوە لەلای ناڕازییەكانی خوار گردەكەی گۆڕان؟ چی دەكەن بۆ ئەوەی پرەنسیپەكان وەك خۆی جێبەجێ بكرێت؟

دەرباز محەمەد: بەهیچ شێوەیەك گۆڕان لەپرەنسیپەكانی زەمانی كاك نەوشیروان لایی نەداوە، یەعنی ئێمە تەنازولمان لەهیچ یەكێك لەو پرەنسیپانە نەكردووە، بەڵام گرفتێك هەیە ئێمە لەحوكمەتین‌و ئەو پرەنسیپانە جێ‌بەجێ‌ ناكرێت، ئەمەش دوو شتی زۆر لەیەك جیاوازە، تەبعەن ئێمە لەحكومەتین بەو نیسبەتەی كەهەین ئایا بەوەی ئێمە هێزی پێشمەرگە یەكبخەینەوە دەستبەرداری ئەو پرەنسیپە بووین؟ بێگومان نەخێر، یان پەشیمان نین لەوەی دەبێت دادگاكان سەربەخۆبن، هەمیشە وتوومانە دەبێت یەكسانی هەبێت لەمەسەلەی دابەشكردنی داهات‌و كۆكردنەوەی داهات و هەموو شتەكانی دیكەش.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار