80 ملیار دۆلار كارەبای عێراقی پێ چارەسەر نەكرا
3 ساڵ لەمەوپێش
نامۆ سەربەست
ماوەی چەند رۆژێكە نەمانی كارەبا لەناوەڕاست و باشوری عێراقدا بووەتە كێشەیەكی گەورەو بەهۆیەوە لەزۆرین و شارو شارۆچكەكاندا خۆپیشاندان بەردەوامەو هەندێكیش هەڵیانكوتایە سەر وێستگەكانی بەرهەمهێنان و دابەشكردنی كارەبا لەشارەكانیاندا لەكاتێكدا (80) ملیار دۆلار بۆ دابینكردنی خەرجكراوە.
دروستبوونی قەیرانەكە لەئەوەوە دەستیپێكرد كەكۆماری ئیسلامی ئێران ئەو غازە سروشتییەی دەینارد بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لەعێراقدا رایگرت، بەبیانووی ئەوەی عێراق بڕی چوار ملیار دۆلاری شایستەی ئەو غازەی نەداوە.
حكومەتی عێراق بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا پشت دەبەستێت بەئەو غازەی لەئێرانەوە هاوردەی دەكات، بەڵام بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە ناتوانێت راستەوخۆ پارەكە بداتەوە بەئێران، بەڵكو دەبێت لەئەژمارێكی بانكیدا دایبنێت و ئێران تەنیا بۆ كڕینی پێداویستیی مرۆیی وەك خواردن و دەرمان بەكاری بهێنێت.
هاوكات لەگەڵ بڕینی سەرچاوەی وزەكەیدا، بەهۆی چەند هێرشێكەوە بۆ سەر تاوەرەكانی گواستنەوەی كارەبا، قەیرانەكە زۆر گەورەتربوو، بەجۆرێك رۆژی هەینی رابردوو زیاتر لە 99٪ی ناوەڕاست و باشوری عێراق بێ كارەبا بوون و هەندێك ناوچە بۆ زیاتر لە (72) كاتژمێر كارەبای نیشتیمانییان نەبوو، هەندێك سەرچاوەی حكومیش بەكەناڵی سۆمەریە نیوزیان راگەیاند، كە نەمانی كارەبا بەهۆی كێشەیەكی هونەرییەوە بووەو بەهۆیەوە وێستگەكان 99٪ی تواناكەیان لەدەستداوە.
ئێران لەڕێگەی كۆمپانیایەكەوە هەژموونی خۆی بەسەر وەزارەتی كارەبای عێراقدا دەسەپێنێت
بەهۆی ئەو قەیرانەوە ماجد حەنتوش وەزیری كارەبا دەستی لەكار كێشایەوەو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران ئەحمەد خەیری، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای گواستنەوەی كارەبای لەسەر كارەكای لابردو شانەیەكی قەیرانی بەسەرۆكایەتیی خۆی بۆ چارەسەری كێشەكان پێكهێناوە.
قەیرانی كارەبا لەعێراقدا هەمیشە وەك كێشەیەكی ئەزەلی ناودەبرێت و وێڕای گۆڕینی چەندین وەزیرو بەوتەی ماجد حەنتوشی وەزیری دەستلەكاركێشاوەی كارەبا، خەرجكردنی زیاتر لە (80) ملیار دۆلار، هێشتا بەردەوامە، چونكە كێشەكە زیاتر لەڕەهەندێكی هەیەو ئیرادەیەكی راستەقینە نییە بۆ چارەسەركردنی.
یەكێك لەڕەهەندەكان بوونی گەندەڵی و بەش بەشێنەی سیاسییە، كەبووەتە مایەی ئەوەی گەندەڵەكان لێپێچینەوەیان لەگەڵ نەكرێت و سزا نەدرێن، محەمەد ئەلغەزی پەرلەمانتاری عێراق لەو بارەیەوە دەڵێت:»بابەتەكە ئەوەیە كە بەیەكتر دەڵێن تۆ لەوەزیرەكەی من بێدەنگ بەو منیش لە وەزیرەكەی تۆ بێدەنگ دەبم، بۆیە لێپێچینەوە لەكەس ناكرێت و كەس سزا نادرێت. ئەوەتا ئەمبارەكانی وەزارەتی كارەبا چۆڵكراوە لە محەویلەكان، چونكە كاندیدی حزبەكان بردوویانە تا لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا بەكاری بهێنن».
هاوكات لایەنی ئەمنی و تەقاندنەوەی تاوەرەكان بەشێكی تری هۆكارەكەیە كە دەبێتە هۆی نەمانی كارەبا. ئەگەر چی هەموو جارێك هێزە ئەمنییەكان دەڵێن هێرشەكان لەلایەن داعش یان رێكخراوە تیرۆریستییەكانی ترەوە كراوە، بەڵام جاسم ئەل جەبارە نوێنەری پارێزگای سەڵاحەدین لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت:»چەند لایەنێكی سوودمەند لەپشت هێرشی بەردەوامی سەر تاوەرەكانەوەن، كەسانێك هەن بازرگانی بەئەو سوتەمەنییەوە دەكەن كە بۆ موەلیدە ئەهلییەكان دابیندەكرێت، بۆیە ئەگەر كارەبای نیشتیمانی بەردەوام بێت ئەوان زیان دەكەن»
لەلایەكی دیكەوە زۆرێك هۆكاری سەرەكیی كێشەی كارەبا دەگێڕنەوە بۆ دەستوەردانی ئێران لەدۆسیەكەدا، قاسم فەهداوی وەزیری پێشوی كارەبای عێراق بەماڵپەڕی عەینی هەواڵیی راگەیاند:»هەندێك وادەزانن چارەسەری كێشەی كارەبا تەنیا بەدەست وەزارەتی كارەبایە، بەڵام وەزارەتەكانی دارایی و نەوت و هێزە ئەمنییەكانیش بەشدارن، ئەوە بێجگە لەدەستوەردانە دەرەكییەكان».
فەهداوی ئەوەی ئاشكراكرد وەزارەتی نەوت لەساڵی 2008دا بەڵێنیدا تاساڵی 2013 غاز بۆ سەرجەم وێستگەكان دابینكات، بەڵام تائێستا نەیكردووە، بەمەرجێك ئەو غازەی لەئێرانەوە دێت لەوە كەمترە كە لەكێڵگەكانی بەسرەو باشوردا بێسود دەسوتێن، وتیشی:»عەبدول جەبار لعێبی وەزیری پێشوتری كارەبا ویستی غازی كێڵگەی نەهران عومەر بەكاربهێنێت، بەڵام بەهۆی بەرژەوەندیی حزبەكان و كاریگەریی دەرەكییەوە نەیانهێشت».
زۆرینەی ئەوانەی لەسەر دۆسیەی كارەبای عێراق دەدوێن كۆكن لەسەر ئەوەی بەهۆی هەژمونی ئێرانەوە بەسەر عێراقدا ئەو دۆسیەیە چارەسەر نابێت، چونكە بووەتە مایەی داهاتێكی گەورە بۆ ئەو وڵاتەو ئەو میلیشیا عێراقییانەی سەر بەئێرانن
هاوكات، خالد ئەلئەسەدی پەرلەمانتار لەبەرنامەی (لعبە الكراسی) كەناڵی شەرقیەدا وتی:»كۆمپانیایەك دەسەڵاتی بەسەر وەزارەتی كارەبادا گرتووە كەوەزیر و سەرۆك وەزیرانیش دەزانن كێیە، بەڵام كەس جورئەتی ئەوەی نییە كارەبا لەدەست ئەو كۆمپانیایە خۆماڵی بكات»، كە مەبەست لێی كۆمپانیایەكی سەر بەكۆماری ئیسلامی ئێرانە.
ئەسەدی ئاشكراشیكرد:» ئەو كۆمپانیایە، لەڕێگەی بەرتیل و پاڵپشتیی وڵاتێكی دەرەكییەوە هەژمونی وەرگرتووە، كۆمپانیاكە هی سەركردە باڵاكانی ئەو وڵاتەیەو ئەو پارەیەی لەگەندڵیی وەزارەتی كارەباوە دەستی دەكەوێت دەیداتە ئەوان، تەنانەت هەندێك جار دەستوەردەداتە دامەزراندنی وەزیرەكانیشەوە».
زۆرینەی ئەوانەی لەسەر دۆسیەی كارەبای عێراق دەدوێن كۆكن لەسەر ئەوەی بەهۆی هەژمونی ئێرانەوە بەسەر عێراقدا ئەو دۆسیەیە چارەسەر نابێت، چونكە بووەتە مایەی داهاتێكی گەورە بۆ ئەو وڵاتەو ئەو میلیشیا عێراقییانەی سەر بەئێرانن، بەجۆرێك تەنانەت رێگانادەن وەزارەتی كارەبا وێستگەی كارەبایی تیشكی خۆر دابمەزرێنێت، تاداهاتی ئێران و حزبە سیاسییەكان لەبازرگانیكردنیاندا بەسوتەمەنییەوە كەمنەكاتەوە.
بەدەر لەداهاتە داراییەكەشی، هەمیشە كارتێكی فشارە بۆ سەر عێراق تا زیاتر هەژمونی خۆی بەسەردا بسەپێنێت.
محەمەد ئەلغەزی پەرلەمانتاری عێراق ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە دروستكردنەوەی قەیرانی كارەبا بەم شێوە قورسەو لەكاتی ئەم گەرما زۆرەی عێراقدا كەپلەكانی گەرمی لە سەروو (50) پلەوەیە، بۆ ئەوەیە كارتێكی فشار بێت تا هەڵبژاردنەكانی مانگی تشرینی یەكەم دوابخرێت، چونكە «ئێرانییەكان هەستدەكەن حزبە لایەنگرەكانی ئەو هێشتا ئامادە نین بۆ هەڵبژاردن و كاتی زیاتریان پێویستە».