سێ هەزار ئێزیدی بێسەروشوێنن

نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزیدی لەهەرێم:

3 ساڵ لەمەوپێش



پ.دهۆك

دوای شەش ساڵ كاركردن نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزیدی ئەوە ئاشكرادەكات كەزیاتر لە سێ هەزار ئێزدی بێسەروشوێنن و دەشڵێت:» دوو هەزاریان هێشتا لەژێر دەستی داعشدان».

خەیری بۆزانی، سەرپەرشتیاری دۆسیەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزیدی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى  وت:» لەماوەی حەوت ساڵی رابردوو لەكۆی شەش هەزار و (417) رفێنراوی ئێزیدی تائێستا سێ هەزار و (445) كەس رزگاركراون و زیاتر لەدوو هەزار كەسی دیكە هێشتا لەژێر دەستی داعشدان».

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، بەردەوام دەبن لە رزگاركردنی رفێنراوان تاهەموویان رزگاردەكەن و هەموو داتاو زانیارییەكان بەشێوەیەكی وردو زانستی دۆكیۆمێنت دەكەن.

دەربارەی گواستنەوەی نوسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزیدی لەدهۆكەوە بۆ هەولێر، بۆزانی هێمای بۆ ئەوەكرد كەبڕیارەكە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمەوە دراوە.

سەرپەرشتیاری دۆسیەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزیدی، وتیشی:»وتمان سەرەتا لەدهۆك بێت، چونكە سەرەتای پرۆسەی رزگاركردنی رفێنراوان بوو، رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لەكەسوكاری قوربانیان سەردانی نووسینگەیان دەكرد، بەڵام ئێستا خەڵكێكی زۆر كەم سەردان دەكەن «.

سەرپەرشتیاری دۆسیەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزیدی، ئەوە دووپاتدەكاتەوە سەرۆكی حكومەتی هەرێم زۆر پشتگیرییان دەكات لەڕووی ماددی و مەعنەوییەوە.

دوای دەركردنی یاسای رزگاربووانی دەستی داعش لەپەرلەمانی عێراق بەڕێوەبەرایەتی گشتی تایبەت بەكاروباری رفێنراوان لەبەغدا دامەزراوەو نوسینگەیەك لەشەنگال یان لەموسڵ دەكرێتەوەو ئەوەی بەیەكێكی دیكە لەهۆكارەكانی گواستنەوەیان دادەنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار