نرخی پشكنینی كۆرۆنامان لەفرۆكەخانەكان 20 هەزار دینار كەمكردووەتەوە
رەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم بۆ هاوڵاتى:
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
بریكاری وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم ئاماژە بەوە دەدات كە لەئێستادا ئەو خەڵكانەی دێن و ناو دەنووسن و ڤاكسینەكە وەردەگرن بەڵگەی ئەوەن ترس نەماوە و خەڵك بەپەرۆشەوە خۆیان بەڤاكسینەكە دەكوتن، دەشڵێت:»نرخی پشكنینی كۆرۆنامان لەفرۆكەخانەكان بۆ هەر پشكنیكێك (20) هەزار دینار كەمكردووەتەوەو لەوە زیاتر ناتوانین كەمی بكەینەوە».
رەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی ئەوە دەخاتەڕوو كە پێش دوو مانگ لەمەوبەر، نووسراویان بۆ ئەنجومەنی وەزیران كردووە كە زیاتر لەحەوت هەزار كەس لەسەر میلاكی وەزارەتەكەیان بۆ پڕبكەنەوە لەجێگەی ئەوانەی خانەنشینبوون یان گیانیان لەدەستداوە یا سەفەریان كردووە، بەڵام تائێستا وەڵامییان نەداونەتەوە.
هاوكات ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كە كەرتی تایبەت هاوكاری كەرتی گشتییە لەتەندروستیدا، بەڵام بەو ئامانجەی «كەرتی تایبەت باڵ نەكێشێت بەسەر كەرتی گشتیدا، بەڵكو تەواوكەری بێت».
هاوڵاتى: كۆرۆنای دەلتا گەیشتووەتە عێراق و توركیا، لەهەرێمی كوردستان تۆمار كراوە؟ مەترسییەكانی چییە؟
رەهێڵ فەرەیدون: بڵاوبوونەوەی جۆرە گۆڕاوەكەی كۆرۆنا، لەهەموو جبهاندا هەیەو مەترسییەكەی بڵاوبۆتەوەو ئەگەری هەیە وەك ڤایرۆسی كۆرۆنا لەسەرەتادا كەبڵاوبۆوە بگاتە هەرێم و حاڵەت هەبێت چونكە سنورەكان كراوەن و هاتوچۆ هەیە، بەڵام ئێمە وەك تەندروستی و رێكخراوی تەندروستی جیهانیش، قسەمان لەسەر ئەوە كردووەو بەرنامەمان هەیە سەرلەنوێ رێنماییەكان نوێ بكەینەوەو هاووڵاتیان ئاگاداربكەینەوە ئەم جۆرە گۆڕاوە ئەگەری هەیە سەرلەنوێ بەهەڵكشانەوەی شەپۆلی سێ بێت و بڵاوبێتەوەو لەڕێگەی وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆناوە رێگری لەبڵاوبوونەوەی لەهەرێمدا بكەین.
پێشنیارێكم پێشكەش كردووە، بەتایبەت بۆ ئەوانەی كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، بتوانین لەڕێگەی تیمەكانی موبایلەوە دەكرێت ئەو ڤایزەرە بۆیان بەكاربهێنرێت و لەهەمانكاتدا، كارێك بكەین لەگەڵ دەستپێكی دەوامدا لەقوتابخانەكان مامۆستایان و كارمەندان ڤاكسینەكە وەربگرن و بتوانین بەگوژمێكی باشی ڤاكسین و بەلێدانی ڤاكسینەكە بتوانین بەشێوازێك بەرگرییەكی باش لەناو كۆمەڵگەدا بڵاوبكەینەوەو مەترسی گۆڕاوەكە و جۆرەكانی دیكەی كەمبكەینەوە.
هاوڵاتى: بەردەوام باس لەمەترسییەكانی كۆرۆنا دەكرێت، بەڵام لەئێستادا زۆر كۆڕو كۆبوونەوە دەكرێت ماسك نابەسترێت، دەوامی فەرمانبەران فوول دەكرێتەوە؟ ئەوە پێچەوانەی ئەو بۆچوونە نییە كەكۆرۆنا مەترسی بەتەواوی كەمبووەتەوە لەهەرێمدا؟
رەهێڵ فەرەیدون: راستە، بەڵام لەهەموو دنیادا ئەو كەرەنتینە گشتییە و رێكارە توندانە هەڵگیراون، بەڵام ئێستا لەگەڵ بەردەوامی ژیان ناتوانرێت ئاوا بەردەوام بن، بەشێكی پەیوەندی بەلێدانی ڤاكسینەوە هەیە، بەتایبەتیش لەوڵاتە عەرەبییەكان و لای خۆمان كۆرۆنا گۆڕاوەكە كەمتر هاتووە، بۆیە بەئەمە بەرگرییەكی گشتی بڵاوبۆتەوە و وایكردووە كەرەنتینی توند لاببرێت و تەنیا رێكارە خۆپارێزییەكان پەیڕەو بكرێت.
هاوڵاتى: پارەیەكی زۆر بۆ پشكنینی كۆرۆنا لەفرۆكەخانەكان وەردەگیرێت كە 60 هەزار دینارە؟ ئەمە ناڕەزایەتی دروستكردووە بۆچی چارەسەری ناكەن؟
رەهێڵ فەرەیدون: زیاتر لەدوو مانگە نرخەكەیمان كەمكردۆتەوە، ئەو (60) هەزارە بووەتە (40) هەزار و (90) هەزارەكەش بووەتە (60) هەزار، واتە بەتێكڕا (20) هەزارمان لەنرخی پشكنینەكان داشكاندووە، تێچووی ئەو پشكنینانە زۆرە و ناتوانرێت لەئەوە زیاتر كەمبكرێتەو، چونكە ئەم پشكنینانە گرانن و تیچووی زۆرە، بۆیە ئەوەش راستیە ئەوەی دەچێتە فرۆكەخانەاكان زیاترینی بۆ گەشت دەچن بۆیە حكومەتیش پێویستی بەئەوەیە لەڕێگەی ئەو كۆمپانیایانەوە هاوكاری بكرێت و ناتوانین لەئەوە كەمتری بكەینەوە.
هاوڵاتى: لەئێستادا لەهەرێمی كوردستاندا رەنگە سەد هەزار كەسێك ڤاكسینی لەخۆی دابێت، جۆرێك لەترس هەیە لەبەكارهێنانی چۆن لەوبارەیەوە ئەو ترسە دەڕەوێننەوە؟
رەهێڵ فەرەیدون: كەسەرەتا ڤاكسینی دژ بەكۆرۆنا هاتە دنیایەوەو زانكۆی نێودەوڵەتی و سەنتەرەكان كاریان لەسەركرد، سەرەتا ترس لەناو دڵدا هەبووەو تێبینییەكان لەسەر جۆرەكان هەبوو، مردنی چەند كەسانێك ترسەكەیان گەورەكرد، بەڵام دواتر بڵاویكردەوە ناكرێت مردنی ئەو چەندین كەسە، بسەلمێنرێت لێدانی ڤاكسین بووە، بۆیە لەئێستادا ئەو خەڵكانەی دێن و ناو دەنووسن و ڤاكسینەكە وەردەگرن بەڵگەی ئەوەن ترس نەماوە و خەڵك بەپەرۆشەوە خۆیان بەڤاكسینەكە دەكوتن، بۆیە بەشێوەیەكی گشتی ترس و تۆقاندنەكە نەماوە.؟؟؟؟؟؟؟؟ WHO
هاوڵاتى: لەئێستادا چەند جۆر ڤاكسینی دژە كۆرۆنا لەهەرێم و لای وەزارەتان بەردەستە، كامیان لەهەموویان باشترەو مەترسی كەمترە؟
رەهێڵ فەرەیدون: هەر ئەو سێ جۆرە ڤاكیسنە هاتووەتە هەرێمەوە و لەهەمووی سەلامەتتر ڤاكسینە چینیەكەیە، كە بەشێوازێكی كلاسیكی تەقلیدی ئامادەكراوە كە چەندین ساڵە ڤاكسین هەیە بەو رێگەیە ئامادەكراوە، كەكوشتنی ڤایرۆسەكە یان لاوازكردنی ڤایرۆسەكە خۆیەتی، بەڵام ڤاكسینەكانی تر راستە لایەنی سەلامەتی گیراوەتەبەر، بەڵام كاریگەرییان زیاترە لەسەر نەخۆش لەدوای بەكارهێنانی.
هاوڵاتى: هەموومان ئاگادارین نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە چەند فشارێكیان لەسەرە، حكومەت بڕێك پارەی بۆ تەرخانكردصون مانگانە، چیتان كردووە بۆ ئەوەی كێشەكانیان دووبارە نەبێتەوە بەتایبەت ئەوەی لەهیوا روویدا؟
رەهێڵ فەرەیدون: هەندێك رێكار هەیە كە لەكاتی خۆیدا بتوانی بیكەیت كەمترین كێشەت بۆ دروست دەبێت، لەهەمانكاتدا گرفتی ئابوری هەیە و كێشەی كەمی كارمەند هەیە، بەڵام ئێستا كە ئەو بڕە پارەیە دابینكراوە، بەپێلی ژمارەی دانیشتوان و رێژەی تووشبون لەپارێزگاكە دیاریكراوە، بۆیە كە بەو شێوەیە بەردەوام بێت ئەو كێشانە دووبارە نابنەوە، بەڵام ئەگەر بێتو لەساڵێكی دیكەدا هەمان گرفتەكان و لێكتێنەگەیشتنەكان دروست ببن، ئەوا كێشەكان بەدڵنیاییەوە دروست دەبنەوە.
هاوڵاتى: نەخۆشخانەی هیوا مانگانە چەند بڕە پارەی دەوێت وا حكومەت ناتوانێت ئیدارەی بدات، لەكاتێكدا كەدەوترێت 50 ملیار دینار لەسندوقی شێرپەنجەدا هەیەو هاتوچۆی سلێمانیش دەڵێن مانگانە ملیارێك دینار دەدەنە هیوا؟
رەهێڵ فەرەیدون: ئەوكات روونكردنەوە بڵاوكرایەوە و راستە بەسوپاسەوە هەندێك شوێن هاوكاری سندوقی شێرپەنجە دەكەن و كردوویانە، بەڵام ئەو رێژەیەی كە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ باسی كرد وەڵامدرانەوە كە بەو شێوەیە نیە و كەمترە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ژمارەی تووشبون و جۆری دەرمان و پێداویستیەكان جیاوازن، بۆیە ناكرێت دیاریبكرێت نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە چەند تێچوویانە مانگانە یان ساڵانە بۆیان دابین بكرێت.
هاوڵاتى: چی دەكەن بەفعلی بۆ دامەزراندنی دەرچووانی بەشە پزیشكییەكان؟ بۆ حكومەت ئامادە نییە دایانبمەزرێنێت لەكاتێكدا پێنج بۆ حەوت هەزار كەس دەستیان كێشاوەتەوەو رۆیشتوون بەرەو ئەوروپاو ئەمریكا؟
رەهێڵ فەرەیدون: پێش دوو مانگ لەمەوبەر، نووسراومان بۆ ئەنجومەنی وەزیران كردو كۆمەڵێك شوێن فەراغمان هەبووە لەوانەی كە چوونەتە دەرەوە یان مردن و یان خانەنشینكراون یان فەسڵكراون، كە زیاتر لەحەوت هەزار كەس دەبێت، داوامان كردووە لەسەر میلاكی وەزارەتەكەمان بۆمان پڕبكەنەوە، بەڵام تائێستا وەڵاممان نیەو كۆمەڵێك هۆكاریش هەیە، چونكە تائێستا وەزارەتەكان میلاكاتی تەرخانكراوی خۆیان نیە، بۆیە كە یەكێك دەڕوات یان نامێنێت میلاكەكەی دەگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی، بۆیە ئێستا بەڵێنمان پێدراوە كۆمەڵێكمان بۆ دامەزرێنرێت لەكاتێكدا كێشەی بودجە و موچە لەبەغداوە چارەسەر بكرێت گرفتەكان چارەسەر بكرێت.
هاوڵاتى: بۆچی حكومەتی هەرێم هەنگاو بەرەو ئەوە دەنێت كە كەرتی تەندروستی بەرەو كەرتێكی تایبەت ببات؟ مۆڵەتدان بەدروستكردنی نەخۆشخانەی ئەهلی زۆر بووە؟ ئایا حكومەت دەیەوێت چیتر بارگرانی دارایی لەسەر نەمێنێت؟
رەهێڵ فەرەیدون: كەرتی تایبەت تەواوكەری كەرتی گشتییە، لەهەموو بوارەكاندا و بەتایبەتیش لەكەرتی تەندروسیدا، لەزۆر وڵاتدا كەرتی تایبەت زۆر بەهێزەو بەڵام لای خۆمان وایكرد خزمەتگوزارییەكان رۆژ بەڕۆژ خراپ بوون، كە بەپێی شارەكانیش جیاوازی هەیە كە لەشاری هەولێر زیاتر كەرتی تایبەتی گەشەی كردووە، بەڵام لەشاری كۆیە كەرتی تایبەتی هەر تیانیە، بۆیە ئەمانە جیاوازییان هەیە، بۆیە وەزعی ئێستای ئێمەو بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا وایكردووە كەرتی تایبەت زیاتر بێتە پێشەوەو هاوكاربێت، تەنیا هەوڵی ئێمەش بۆ ئەوەیە خزمەتگوزاریەكان پێشكەشی هاولواَتیان بكرێت، بەڵام بەو ئامانجەی كەرتی تایبەت باڵ نەكێشێت بەسەر كەرتی گشتیدا، بەڵكو تەواوكەری بێت.
هاوڵاتى: بڕیاربوو حكومەت بەهاوبەشی چەند كۆمپانیایەك، كۆمپانیای نیشتمانی دەرمان دروستبكات، بۆ ئەوەی ئەم فەوزایە لەبواری دەرمان هاوردەكردندا دروست نەبێت، ئەوە گەیشتووە بەچی؟
رەهێڵ فەرەیدون: كۆگای نیشتیمانی دەرمان كەحكومەت بیەوێت بیكات، من خۆم لەئێستادا بەباشی نازانم، چونكە دەكرێت كە پرۆسەیەكی تازە جێبەجێ بكەیت پێویستت بەكۆمەڵێك هەنگاوەو كاری دەوێت، بۆ نموونە لەئێستادا بەچاودێری ئەنجومەنی وەزیران، عەقدێكمان ئیمزاكردووە بۆ رێكخستنەوەی سیستمی تەندروستی، زیاتر لەدوو مانگە عەقدمان ئیمزاكردووە بۆ ماوەی دووساڵ، بەڵام ئەوە كاری زۆری دەوێت و ماوەیەكی زۆری پێویستە، بۆیە مەسەلەی كۆگای نیشتمانی لە رۆژو دوو رۆژدا ناكرێت، بۆیە ئێمە هەر كارێك بۆ خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتیان بێت و شەفافیەتی زیاتری هەبێت و قۆرخكاری تێدانەبێت، ئەمە هەمووی بەچاودێری حكومەت و ئاگاداری پەرلەمان بێت ئێمە پشتگیری دەكەین، بۆیە ئەو كارە ئاسان نین و كاری زۆری دەوێت و لەهەموو لایەكەوە بۆی هەمواربكرێت و كاری بۆ بكرێت.