قیروسیا لەخۆت، خەریكە سەر لەمنیش ئەشێوێنیت
دكتۆر شێركۆ عەبدوڵڵا، تەنزنووسی كورد بۆ هاوڵاتى:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: شاناز حەسەن
دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا، نووسەرو تەنزئامێزی كوردستان دەڵێت:» راستت بوێ تەنز لەنەوت و گومرگەكەی برایم خەلیل موهیمترە . عەیب نەبێ بۆیە دەسەڵات توند توند دەستی پێوە گرتووە. بەس بەو نەوعە كە جەنابت حاڵی بوویت. ئەو خوا لێی رازی بێ ئیمانی بەتەنزی عەمەلی هەیە .. چ قەرارێكی ئەم حكومەت و دوكان و بازاڕە ئیداری و سیاسییە هەیە قوڕبەسەریشی پێ نەیەتە پێكەنین ..».
دكتۆر شێركۆ عەبدوڵا، لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی، سەرجەم پرسیارەكان بە تەنز وەڵامدەداتەوەو دەشڵێت:» قیروسیا لەخۆت ، خەریكە سەر لەمنیش ئەشێوێنیت، تۆزێ لەمەوپێش فەرموت تەنز نەوعە جیهازێكە بەدەست دەسەڵاتەوە، ئێستا ئەڵێی تەنز نووسین جۆرێكە لەبێدەسەڵاتی .. بەڵێ تەنز پیسترین نەوعی بێدەسەڵاتییە..…بڕوخێ تەنز».
هاوڵاتى: بێهیواییەكی زۆر لە كوردستاندا هەیە، ئایا تەنز ئەم بێهیواییە دەڕەوێنێتەوە یان زیادی دەكات؟
شێركۆ عەبدوڵا: عەیب و بێویژدانییەكی گەورەیە ئینسان لایەنبازی بكات و تەنیا هەر چمكێكی وەزعەكە ببینێ. ئێمە ئەگەر چی وڵاتەكەمان بێهواییەكی زۆری بەسەرداڕژاوە، بەڵام لەوسەریشەوە ئەگەر تەماشا بكەی ئەبینی عەدالەت و ئەوانەمان زۆر نوقسانە . كەواتە زۆرەكە نوقسانەكەی لێ دەربكە سفر هیچ بەدەستەوە. یەعنی موشكیلەمان نامێنێ . ئیتر بۆچی مەمنونی تەنز و مەنز ببین . ئەیڕەوێنێتەوە نایڕەوێنێتەوە بە گونی بارگیری مەسئولەكانەوە . باوەجوو ئەوان بارگیریان نییە .. عەفوو وەڵا هەیانە . باش بوو ئاوێنەكەت نیشان دام . سوپاس
هاوڵاتى: جیاوازی چییە لەنێوان تەنزو گاڵتەجاری؟
شێركۆ عەبدوڵا: جیاوازییەكە عەینەن جیاوازی بەینی كەرەوز و مەعدەنوسە.. ئەوە قسەی من نییە ، زەوقی بینەرانی هێژایە كە چەند حەزیان لە حەرەكەتەكانی بەرنامەی بەزمی بەزمە دوو هێندە تەقەی سەریان دێت لە شانۆگەرییەكانی ماغوت و هەڤاڵە دانەبڕاوەكانی.
هاوڵاتى: هەندێ كەس بۆچونیان وایە كە تەنز نووسین، ئامرازێكە بەدەست دەسەتەوە بۆ دامركاندنەوەی نیگەرانی و نارەزاییەتییەكانی خەڵك، ئایا تەنزەكانی دكتۆر شێركۆ بەئاراستەی دامركاندنەوەی ناڕەزایەتی خەڵكە یان بەرزكردنەوەی ناڕەزایەتییەكان؟
شێركۆ عەبدوڵا: راستت بوێ تەنز لەنەوت و گومرگەكەی برایم خەلیل موهیمترە . عەیب نەبێ بۆیە دەسەڵات توند توند دەستی پێوەگرتووە. بەس بەو نەوعە كە جەنابت حاڵی بوویت. ئەو خوا لێی رازی بێ ئیمانی بەتەنزی عەمەلی هەیە .. چ قەرارێكی ئەم حكومەت و دوكان و بازاڕە ئیداری و سیاسییە هەیە قوڕبەسەریشی پێ نەیەتە پێكەنین !.. كەواتە فیعلەن و گوی سەگەن تەنز ئالەتێكە بەدەست حاكم و حكومەتەوە .. ئەی گوایە تەنز چی كەمترە لەجگەرەو مەشروبات كەدەسەڵات لەوەتەی هەیە بستێكی بەقەرز نەداوە.
هاوڵاتى: دكتۆر شێركۆ تەنزێك دەنووسێت دوای تەواوبوونی هەست بەچی دەكات، هەست بەخۆشحاڵی دەكات یان نیگەرانییەكانی زیاتر دەبێت؟
شێركۆ عەبدوڵا: ئیمام خومەینی رەحمەتی بەو هەموو عەزەمەتی خۆیەوە كە شای ئێرانی رووخاند لێیان پرسی هەست بەچی دەكەیت ؟ وتی هیچ .. ئیتر بابایەكی وەكو من دوای نووسینی شەش حەوت دێڕ قسەی حیز ئەبێ هەست بەچی بكەم ؟ تەبعەن بە هیچ … ئەسڵەن هەر نەدەبوو ئەو پرسیارە بكەیت ، چونكە كورد بێ شعورە.
هاوڵاتى: تەنز نووسین جۆرێك نییە لەبێدەسەڵاتی؟
شێركۆ عەبدوڵا: قیروسیا لەخۆت ، خەریكە سەر لەمنیش ئەشێوێنیت . تۆزێ لەمەوپێش فەرموت تەنز نەوعە جیهازێكە بەدەست دەسەڵاتەوە، ئێستا ئەڵێی تەنزنووسین جۆرێكە لەبێدەسەڵاتی .. سوئالەكەی پێشووت سەحب بكەرەوە با جوابی ئەم سوئالەت بدەمەوە . بەڵێ تەنز پیسترین نەوعی بێدەسەڵاتییە.. سەیری میللەتە بەهێزەكان بكە، هەموو و مارك كون و قوژبنەكانی ئەدەبیاتی فەڕەنسی و ئینگلیزی و ئیتاڵی بگەڕێ بزانە یەك تەنز ئەبینی… مەولانا و بیرنارد شۆو چیخەف و سەعدی و جاحیڤ تواین هەر بێزیان نەهاتووە توخنی تەنز بكەون …بڕوخێ تەنز.
هاوڵاتى: ئەگەر دكتۆر شێركۆ دەسەڵاتی هەرێمی بەدەستەوە بوایە كەسێكی دیكە تەنزی لەسەر بنووسیاییە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەكرد؟
شێركۆ عەبدوڵا: بەپێی نەوعی مامەڵەكە ئەبوو.. مامەڵەكە بازرگانی بوایە پێم ئەگوو لە فڵانە سیتی ڤێلایەكت بۆ ئەكڕم ئیتر نقەت نەیە ها. مامەڵەی ئەمنی بوایە لەپەنایەكدا بە دەمانچەی كاتم خپم ئەكرد. دیپلۆماسی بوایە خۆی یان هاوژینەكەیم ئەكرد بەڕاوێژكار. پەیوەندی ئیعلامی بوایە مانگانە چل پەنجا وەرەقەم ئەبەخشی بەماڵپەڕەكەی و تادوایی.
هاوڵاتى: دكتۆر شێركۆ یەكێكە لەتەنزنووسە دیارەكانی كوردستان، ئایا سەرسامیت هەیە بەتەنزنووسی دیكە لەڕابردوو یان لەئێستادا؟
شێركۆ عەبدوڵا: سەرسامی نا، شەریك شعورییە.. هەست ئەكەم خوا بەتەنیا هەر غەزەبی لەمن نەگرتووە، بەڵكو داخەكەم زۆر كەسی لەمن بێ ئەقڵتر هەبوون و هەن كەمەسڵەحەتیی خۆیانیان نەزانیوە. مەسەلەن مامە شێخ رەزا ئەگەر كاتی خۆی عال و سال لەتەكێكەی خۆی مەشغوڵی تەریقەت و كەسابەت و تەجەسوس بوایە هەم بۆ خۆی باشتر بوو هەم بۆ ئەو تەلەبانەش كە مەجبوورن شیعرەكانی دەرخ بكەن و لە ئیمتیحانیشدا یەك سوئالی تێدا نایەتەوە
هاوڵاتى: فیدباكی تەنزەكان چی بوون ئەوەی كە خۆت وەرتگرتووەتەوە، لای هاووڵاتیان و سیاسییەكان؟
شێركۆ عەبدوڵا: حەزم لە قسەی موسەقەفانە نییە. فیدباك و میدباك تێناگەم .. ئەوەندە ئەزانم تەنزیش وەك هەموو شتە خۆشەكانی دنیا بۆ سیحەت خراپە.. سیحەتی جسمی و ئەقڵی، سیحەتی كۆمەڵایەتی و سیاسی ، سیحەتی ئابوری و وەزیفی
هاوڵاتى: پێتانوایە جیاوازی لەنێوان دەسەڵاتدارانی سلێمانی و هەولێر بۆ قبوڵكردنی تەنزەكانی بەڕێزتان، بۆ نموونە لەنێوان پارتی و یەكێتی، دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، سیاسییەك تا سیاسییەكی دیكە هەیە؟
شێركۆ عەبدوڵا: بەڵێ عەرزو عاسمانی فەرقە.. سیاسییەكانی ئێرە بەتەنز قەبز ئەبن ، بەڵام خوا هەڵناگرێ ئەوانەی هەولێر وانین .. ئەوان ناڵێن پێی قەبز دەبین ، دەرێن تووشی قبوزییەتمان دەكاتن.
هاوڵاتى: ئایا تەنز وشەیەكی كوردییە، یان لەچ زمانێكەوە وەرگیراوە؟
شێركۆ عەبدوڵا: عەرەب دنیایەك وشە و زاراوەی لەعەجەم داگیركردووە و عەگاڵی كردوونەتە سەر، فارسیش لەهەقی ئەوانەدا وشەی تەنزی بردووە بۆخۆی ، رەبی دەستی خۆش بێت.