کازمى ناوى ئه‌و لایه‌نه‌ى داوه‌ته‌ سه‌رکرده‌کان که‌ هیشام هاشمى کوشتووه‌

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

‌ئه‌ندامێکى په‌رله‌مانى عێراق ئاشکرایکرد، سه‌رۆکى حکومه‌تى عێراق زۆرینه‌ى سه‌رکرده‌ سیاسییه‌کانى له‌ ناسنامه‌ى ئه‌و لایه‌نه‌ ئاگادار کردووه‌ته‌وه‌ که‌ بکوژه‌که‌ى هیشام هاشمى شیکه‌ره‌وه‌ى دیارى عێراقى ئه‌ندامێتى.

ئه‌مڕۆ 17ى ته‌موزى 2021، عه‌لا‌و ڕوبه‌یعى، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا بڵاویکردووه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ پشتگیرى هه‌وڵى دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌کان بکرێت بۆ ڕاوه‌دونانى بکوژى خۆپیشانده‌ران و ڕۆژنامه‌نوسان و چالاکوانان و که‌سه‌ به‌توانا عێراقییه‌کان و ئه‌و دامه‌زراوانه‌ له‌و که‌سانه‌ پاک بکرێنه‌وه‌ که‌ چێنراون تێیاندا.  

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌ که‌ مسته‌فا کازمى ناسنامه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ى بۆ زۆرینه‌ى سه‌رکرده‌ سیاسیه‌کان ئاشکرا کردووه‌ که‌ بکوژه‌که‌ى هیشام هاشمى ئه‌ندامێتى، بۆیه‌ داوا ده‌کات ناوى ئه‌و لایه‌نه‌ ئاشکرا بکرێت، ئه‌وه‌ش له‌پێناو سنوردارکردنى کرده‌وه‌ تاوانکاریه‌کان، تا گه‌لى عێراقى بزانن کێ له‌گه‌ڵیانه‌ و کێش بازرگانى به‌ ئازار و مه‌ینه‌تییه‌کانیانه‌وه‌ ده‌کات.  

پێشتر دانپێدانانى بکوژى هیشام هاشمى بڵاوکرایه‌وه‌، که‌ که‌سێکه‌ ناوى "ئه‌حمه‌د کنانى"ه‌ و له‌ داکیبووى ساڵى 1985ه‌ و سه‌ربه‌ یه‌کێک له‌ گروپه‌ چه‌کداره‌کانه‌، له‌ساڵى 2007 بووه‌ به‌ پۆلیس و پله‌ى ملازمى یه‌کى هه‌بووه‌.  
هاوکات ئه‌حمه‌د کنانى باسى له‌وه‌کردووه‌، دوو ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێلێکى جۆرى کرۆلایان پێبووه‌ و چاوه‌ڕێى هاشمییان کردووه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌وه‌، کاتێک گه‌یشتووه‌ به‌ چه‌کێکى جۆرى "غه‌داره‌" ته‌قه‌ى لێکردووه‌ و دواى ئه‌وه‌ى ئۆتۆمبێله‌که‌ى وه‌ستاوه‌، به‌ ده‌مانچه‌ چه‌ند گولـله‌یه‌کى ترى پێوه‌ ناوه‌.

به‌پێى وته‌ى شاره‌زایانى ئه‌منى، له‌ دانپێدانانه‌کانى بکوژه‌که‌ و ئه‌و شوێنانه‌ى باسى ده‌کات ده‌رده‌که‌وێت، ناوبراو سه‌ربه‌ میلیشیاى "که‌تیبه‌کانى حزبوڵڵایه‌".  
هیشام هاشمى، شاره‌زاى ئه‌منى و ستراتیژى دیارى عێراقى که‌ یه‌کێک بوو له‌و که‌سانه‌ى زانیارى له‌سه‌ر میلیشیا چه‌کداریه‌کانى سه‌ربه‌ ئێران بڵاوده‌کرده‌وه‌، له‌ 6ى ته‌موزى 2020 له‌لایه‌ن چه‌ند که‌سێکه‌وه‌ له‌به‌رده‌م ماڵه‌که‌ى خۆیدا کوژرا و ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆیى و ته‌نانه‌ت جیهانیش کاردانه‌وه‌ى لێکه‌وته‌وه‌.  

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار