24ھەزار فه‌رمانبه‌ری گرێبه‌ست پەیامێک ئاڕاسته‌ی حكومه‌ت و لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌كه‌ن
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست له هه‌رێمی كوردستان رایانگەیاند:" ئه‌گه‌ر واده‌یه‌كی دیاریكراو بۆ بوون به هه‌میشه‌یمان دیاری نه‌كرێت، بایكۆتی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عیراق ده‌كه‌ین".
ئەمڕۆ هەینی 6ی ئابی 2021، له راگه‌یه‌ندراوێکدا ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و لایه‌نه سیاسییه‌كانیان كردووه، دەستەی نوێنەرایەتی فەرمانبەرانی گرێبەست ده‌ڵێت: "ئێمە وەک فەرمانبەرانی گرێبەست لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە ژمارەمان نزیک بە 24 ھەزار فەرمانبەرە، ماوەی ساڵانێکی زۆرە بەشێوەی گرێبەست بەبێ ھیچ ماف و ئیمتیازێک بە شاھیدی سەرجەم ئەو وەزارەت و دەسته و فەرمانگانەی کاری تێدا دەکەین ئەرکێکی زۆر قورس بە مووچەیەکی زۆرکەم ئەنجام دەدەین، کە بڕەکەی لە نێوان (300- 500) ھەزار دیناری مانگانەدایە".
باس لەوەش دەکات: "ئەمە لە کاتێکدا دەبوو پاش سێ ساڵ لە خزمەتکردن بەپێی رێنمای دارای ژمارە (39-43)ی ساڵی (2013) ھەموو فەرمانبەرێکی گرێبەست بکرێتە ھەمیشەیی، لەکاتێکدا ئێمە ماوەی ساڵانی خزمەتمان لە نێوان (4-16)ساڵدایە و ھێشتا لە چاوەروانی ھاتنەدی خەونی بەھەمیشەیی بوونمانداین، کە پێویستیەکی زۆری نێو فەرمانگەکانین ھەر بەپێی لێدوانی بەرێوەبەری فەرمانگەی خانەنشینی ھەرێم لە ماوەی ساڵانی 2014 تا 2020 نزیک بە 43 ھەزار فەرمانبەری ھەمیشەی خانەنیشن بوون و کۆتایی بە راژەکانیان ھاتوە و جێگەکانیان پڕ نەکراوەتەوە".
دەشڵێت: "هەروەها بەپێی راپۆرتی بەرێوەبەرایەتی گشتی بوودجە بەژمارە (4310)ی ساڵی (2019) بەھەمیشەیی کردنی فەرمانبەرانی گرێبەست ھیچ بارگرانیەکی دارایی دروست ناکات بەڵکو مانگانە بری زیاتر لە دوو ملیار دینار دەگەرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی".
ده‌سته‌ی نوێنه‌رانی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست له كۆتا به‌شی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ده‌ڵێت: "لێرەوە بەپێویستی دەزانین بە ئێوەی بەرێزان رابگەیەنین کە ئێمە ئێستا لەسەرو بەندی پرۆسەی ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقین، نیازی بەشداری و دەنگدانی ئەو پرۆسەیەمان نیە و بەھەموو جۆرێک بایکۆت و ده‌كه‌ین رەتی دەکەینەوە، ئەگەر لەپێش وادەی دەنگدان و ھەڵبژاردن سەقفێکی زەمەنی بۆ بەھەمیشەیی کردنی ئێمەی (فەرمانبەرانی گرێبەست) دیاری نەکەن ئەوا بەھەموو توانامانەوە بایکۆتی ئەو پرۆسەیە دەدەین کە زەرەرمەندی یەکەم تیایدا ئێوە دەبن، بە پێچەوانەوە بە ھەموو توانا‌مان کار دەکەین بۆ سەرخستن و دەرچوونی کاندیدەکانتان لەسەرجەم بازنەکان لە ھەرێمی کوردستان".
