دەستەی دەستپاکی هەرێم: لەكۆی 54 كەیسی گەندەڵی پێنجیان لەدادگاکان یەكلاكراونەتەوە
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان دەڵێت:' لە 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 54 کەیسی گەندەڵی لەلایەن دادوەرانی لێکۆڵینەوەی دەستپاکییەوە لە پارێزگاکانەوە بۆ دادگاکان نێردراون:"
ئەمڕۆ دووشەممە حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کار و چالاکییەکانی 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵی دەستەکەیانی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوەو وتی: "رۆژانە زۆر زانیاریمان لەبارەی هەندێک بابەت بۆ دێت؛ هەندێک بابەت گەندەڵییە واتە بە هەدەردانی دارایی تێدایە، بەڵام هەندێک بابەت زیاتر کێشەی کارگێڕییە. بۆ یارمەتیدانی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان، فەرمانگەی یاسایی بەشێک لەو ئەرکە دەگرێتە ئەستۆی خۆی و بەدواداچوون بۆ زانیارییەکان دەکات".
حاکم ئەحمەد ئەنوەر وتیشی: "ئەگەر زانیارییەکان وەکو پێویست بەڵگەیان تێدابووم بە دڵنیاییەوە رەوانەی دادگا دەکرێت، بۆ نموونە ئەمساڵ 45 کەیس دراونەتە فەرمانگەی یاسایی بۆ دەرخستنی راستییەکان، لەوانە 7یان بەڵگەی تێدابووە و رەوانەی دادگا کراون، 17یان وردبینیان بۆ دەکرێت، 21 کەیسەکەی دیکە بابەتی کارگێڕی بوون و پەیوەست نەبوون بە کارەکانی دەستەی دەستپاکی".
هەر سەبارەت بە داتاکانی 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵ، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بە دوا هەوڵەکان دا کە مەبەست لێیان وەکو حاکم ئەحمەد دەڵێت: "ئەو کەیسانەیە کە دەستەی دەستپاکی لێکۆڵینەوە و وردبینیان تێدا دەکات، بەڵام هێشتا نەچوونەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە، کە لە ئەمساڵدا 53 داوای هەواڵدەرییمان هەبووە، بە گشتی 277 داوا تۆمارکراون، کە هی ساڵانی رابردووشی تێدایە".
سەبارەت بەو داوا سزاییانەشی کە لە ئەمساڵدا تۆمارکراون، حاکم ئەحمەد ئەنوەر وتی : "لەو 6 مانگەدا 158 داوای سزایی تۆمارکراون؛ کۆی گشتی داوا سزاییەکان لە هەرسێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆک 445 داوا بووە". کۆی گشتی داوا هەواڵدەری و سزاییەکان، کە ئێستا دەستەی دەستپاکی لێکۆڵینەوەی تێدا دەکات، بە وتەی حاکم ئەحمەد "722 کەیسی گەندەڵییە".
حاکم ئەحمەد ئەنوەر ئاماژە بەوەش دەدات کە "لە ئەمساڵدا 54 کەیسی گەندەڵی لەلایەن دادوەرانی لێکۆڵینەوەی دەستپاکی لە پارێزگاکانەوە بۆ دادگاکان رەوانەکراون؛ چاوەڕوان دەکرێت لەلایەن دادگاکانەوە بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدەن، ئەمساڵ لەو 6 مانگەدا تەنیا 5 کەیس لە دادگاکان یەکلایی بوونەتەوە، لە کاتێکدا 54 کەیس رەوانەی دادگاکان کراون".
