چەتەی دەریا یەختی پەنابەرانی كورد نقوم دەكات

حسێن حەمەساڵح، بەرپرسی پێشووی پەیوەندییەكانی یەكێتی لەیۆنان بۆ  هاوڵاتى:

3 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: ئارا ئیبراهیم

بەرپرسی پێشووی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتی لەوڵاتی یۆنان ئەوە دەخاتەڕوو كە كۆچكردنی گەنجان و خێزانەكان لەهەرێمی كوردستانەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا زیادیان كردووەو دەشڵێت:» گەنجان هیچ رووناكییەك بەدیناكەن بۆ مانەوەیان لەهەرێمی كوردستاندا، بۆیە رێگەی نادیار دەگرنە بەر لەپێناو ئاسودەیی و هەلی كاردا».

حسێن حەمەساڵح، بەرپرسی پێشووی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتی لەیۆنان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ  هاوڵاتى دەشڵێت:» چەتەی دەریا لەئاوەكانی نێوان توركیا و یۆنان بوونی هەیەو زۆركات لەڕێگەی یەختی گەورەو كەشتییەوە یەختی پەنابەرانیان نقوم كردووە یان تەقەیان لێكردوون، دواتر چوون هەموو كەلوپەلەكانیان دزیون و گوێ بەوە نادەن ئەمە مرۆڤەو گیانی لەدەستداوە».

 هاوڵاتى:كۆچكردن لەهەرێمی كوردستانەوە بەردەوامە بۆ وڵاتانی ئەوروپاو دەوترێت زیادی كردووە؟

حسێن حەمەساڵح: ئەو دۆخە ئاڵۆزەی لەهەرێمی كوردستاندا بوونی هەیە بەتایبەت بۆ چینی گەنجان دواڕۆژێكی روون بەدیناكەن لەمانەوەیان لەهەرێم بەتایبەت ئەوانەی كە دەرچووی زانكۆو پەیمانگاكانن یان تەنانەت ئەوانەی كاسپكارو خاوەن پیشەیەكن هیچ هیوایەكیان نەماوەو خەڵك كۆچ دەكەن و دەگەنە وڵاتانی ئەوروپا.

بەپێی زانیارییەكانی ئێمە خەڵكێكی زۆر لەناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت لەناوچەی بتوێن و پشدەرو دەربەندیخان و ئاكرێ هەزارەها گەنج و خێزان چوونەتە توركیاو چاوەڕێی ئەوە دەكەن بپەڕنەوە بۆ یۆنان یان لەتوركیاوە راستەوخۆ لەڕێگەی ئاوییەوە بگەنە ئیتاڵیاو لەوێوە بچنە وڵاتانی دیكەی ئەوروپا.

 هاوڵاتى: رێگاكانی گەیشتن بەئەوروپا قورس بووە بەتایبەت ئەوەی باسی رێگای قاچاغ دەكرێت؟

حسێن حەمەساڵح: بێگومان رێگای قاچاغ بمانەوێت و نەمانەوێت لەسەدا سەد كۆنترۆڵ ناكرێت لەتوركیاوە بۆ یۆنان چەند رێگایەك هەیە، رێگای دەریا هەیەو كەمتر كورد پێیدا تێپەڕ دەبێت، بەڵكو زیاتر لەتوركیاوە لەڕێگەی یەختی گەشتیارییەوە بەمانەوەی چەندین شەوو رۆژ خۆیان دەگەیەننە ئیتاڵیا، بەڵام مەترسی تێكچوونی یەختەكان و نوقمبوونیان لەسەرەو بەپەڕینەوەیان بەسەلامەتی قۆناغێكی دیكە دەچێتە پێشەوە.

رێگایەكی دیكەی وشكانی هەیە كەدەكەوێتە سنوری توركیا یۆنان بولغاریا، كە رووبارێكی لێرەو لەبولغاریا دێتە خوارەوەو چەند سەد مەترێك پەڕینەوەی تێدایە بەبەلەمی بچووك و چوپ دوو كەس و سێ كەس دەپەڕنەوە، ئێستا حكومەتی یۆنان لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا هێزێكی پۆلیسیان بڵاوكردووەتەوە لەناوچە سنورییەكان، حكومەتی یۆنان بەهاوكاری مادیی ئەوروپا تەلبەندێكی بەبەرزی پێنج مەترو بەدرێژایی 27 كیلۆمەتر لەسنور دروست كردووە كە ئەمە تەنها تەلبەندەكە نییەو كامێرای چاودێری و بورجی بەرز بەرز دروستكراون و پۆلیس بەردەوام چاودێری ئەو ناوچەیە دەكات.

لەدوای ئەوەش دیواربەندییەكی دیكە هەیە بەبەرزی سێ مەتر كە بەردەوام پۆلیسی پاسەوانی چاودێری وردی ناوچەكان دەكەن بۆ رێگرتن لەهاتنە ژوورەوەی كۆچبەران، لەو سنورەدا خەڵك زۆر زۆر بەكەمی تێپەڕ دەبێت.

 هاوڵاتى: ئەو رێگا وشكانییە مەترسی لەسەر نییە بۆ كۆچبەران هاوشێوەی رێگای ئاوی؟

حسێن حەمەساڵح: بێگومان مەترسی لەسەرە، هەندێكیان دەستگیردەكرێن و دەنێردرێنەوە بۆ توركیا، ئەو قاچاغچیانەی كۆچبەرەكانیش دەگەیەنێتە شوێنی خۆی بۆ نموونە ساڵۆنێك لەیۆنان دواتر ئوتومبێل دەچێت بەشوێن كۆچبەرەكاندا زۆر كات تووشی كۆنترۆڵی پۆلیس دەبن و دەستگیردەكرێن.

 هاوڵاتى: پەتای كۆرۆنای دەلتا كە ئێستا لەسەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەتەوە نەبووەتە هۆی كەمبوونەوەی كۆچكردن لەهەرێمەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا؟

حسێن حەمەساڵح: كۆچكردن بەردەوامەو كۆرۆنا ڤایرۆس هیچ كاریگەری نەبووە لەسەر كەمبوونەوەی، بەتایبەت لەسەرەتای بەهاری ئەمساڵەوە تا ئێستا زۆر زیادی كردووە و كەمی نەكردووە.

 هاوڵاتى:پێتانوایە هۆكار چییە گەنجان و خێزانەكان بیر لەكۆچكردن دەكەنەوە بۆ ئەوروپا بەو رێگا قاچاغانەی كە باستان كرد؟

حسێن حەمەساڵح: دیارە كۆچكردن تەنها لەهەرێمی كوردستانەوە نییەو لەزۆرێك لەوڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئەم كۆچە بوونی هەیە، ئەوەی تایبەتە بەهەرێمی كوردستان كە ئێمە لەساڵی 1991-ەوە حوكمڕانی خۆمان كردووەو دواتر لەساڵی 2003 و بەتایبەتتر لەساڵی 2005 سەرۆك كۆماری عێراق كورد بووە تائێستا، حكومەتی یەكگرتووی هەرێم دروستبووە لەو كاتەوە تائێستا هیچ پرۆژەیەكی ستراتیژی و گەورە وەك پێویست نەكراوە كەخاوەنی سامانی سروشتین لەژێر زەوی و سەرزەوی و ناوچەی فراوانی گەشتیاری زۆرمان هەیەو خاوەنی ئاوو زەوی كشتوكاڵی بەپیتن، خاوەنی سەرمایەی مرۆیی و دەستكاری گرنگن، بۆیە ئەو ماوە زۆرەی حوكمڕانی لەكوردستاندا دەبوو كارێك بكرایە بەو پارەیەی كە لەبەغداوە دەهات لەگەڵ داهاتی هەرێم سەدان و دەیان پرۆژەی جۆراوجۆری ستراتیژی و گرنگ ئەنجامبدرایە تادەستی كاری ناوخۆ هەلی كاریان بۆ بڕەخسێندرایە نەك خەڵك و گەنجان بێهیواو بێئومێد بكرێت و رێگەیەكی نادیار بگرێتە بەر كە نازانێت بەزیندوویی دەگاتە ئەوروپا یان لەناو ئاوەكاندا دەبێتە خۆراكی قرشەكان و تەرمەكەشی ون دەبێت.

حكومەتی هەرێم و عێراق هیچ پلانێكیان نییە بۆ گەنجان كەخاوەن بڕوانامەن و سەرمایەیەكی مرۆیی گەورەمان هەیە ئەم سەرمایەیە بەگەڕبخات و بیانخاتەسەر كار.

 هاوڵاتى: بێجگە لەگەنجان (رەبەن) خێزانەكانیش كەخاوەنی منداڵن چیان هەیە دەیفرۆشن و روو لەئەوروپا دەكەن، رێژەی كۆچی خێزانەكانیش هاوشێوەی گەنجان زیادی كردووە؟

حسێن حەمەساڵح: بێگومان خێزانەكانیش كۆچ دەكەن لەهەموو تووێژە جیاوازەكان، بۆ ئەوەی داهاتوویەكی باشتر بۆ منداڵەكانی دابین بكات تا ئاسوودە بن، چونكە لەهەرێمی كوردستان رووناكییەك بەدی ناكەن بۆ ئایندەیانو بۆیە گەنجان و خێزانەكان بەلێشاو روو لەئەوروپا دەكەن.

 هاوڵاتى: بەپێی هەندێك داتا ئاماژە بە رۆشتنی زیاتر لە 15 هەزار لەگەنجان و خێزانەكان دەكرێت لەمساڵدا، ئایا ئەو ژمارەیە راستە؟

حسێن حەمەساڵح: كۆچكردن بەردەوامەو هەموو ئەو كەسانەی لەهەرێمی كوردستانەوە كۆچ دەكەن تێیدایە سێ مانگ لەتوركیا ماوەتەوە تا دەرچەیەكی بۆ دروستبووە بۆ گەیشتن بەئیتاڵیا و لەوێوە بۆ ئەڵمانیا و بەریتانیا و وڵاتانی ئەسكەندەناڤی.

هەموو كۆچبەران تادەگەنە شوێنی خۆیان (وڵاتی مەبەست) تادوای وەرگرتنی بەڵگەنامەكانیان ئەوكات ناویان تۆمار دەكرێت، رۆژانە كۆچ بەردەوامە، بۆیە باسی هەر ئامارێك بكرێت زیاترە لەوەی كە دەخرێتەڕوو.

 هاوڵاتى: ماوەیەكی زۆرە بەشێك لەهاووڵاتیانی هەرێم لەڕێگەی (پاسپۆرتی دۆمەنیكا)و جۆرەكانی دیكەوە خۆیان دەگەیەننە ئەوروپا كە دەیان هەزار دۆلار خەرج دەكەن بۆ كڕینی، ئایا ئەو كەسانە وەك پەنابەر قبوڵ دەكرێن یان وەك گەشتیارێك بۆ ماوەی شەش مانگ مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت؟

حسێن حەمەساڵح: ئەوانەی پاسپۆرتی دۆمەنیكا دەكڕنەوە یان هاوشێوەی ئەوە ئەو پاسپۆرتە وەك گەشتیاری بۆ ماوەیەك قبوڵ دەكرێت نەك وەك پەنابەر قبوڵ بكرێت لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاو بەریتانیاوە.

خەڵك هەبووە ئەو پاسپۆرتەی كڕیوەو حكومەتی بەریتانیا دەڵێت ئەوانەی ئەو پاسپۆرتە دەكڕن بۆیان نییە بچنە ناو بەریتانیاوە وەك مانەوە، بەڵكو تەنها وەك گەشتیارێك مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، بەهەمان شێوە بۆ وڵاتانی ئەوروپاش بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.

بۆ نمونە وڵاتێكی وەك یۆنان هەر كەسێك بەبەهای 250 هەزار یۆرۆ موڵكێك بكڕێت لەیۆنان سەرەتا خۆی، دواتر خێزانەكەی ئیقامە وەردەگرن و پێنج ساڵ جارێك بۆیان نوێ دەكرێتەوە.

هەروەها لەوڵاتێكی وەكو ئیسپانیا هەر كەسێك بەبەهای 160 هەزار یۆرۆ موڵك بكرێت یان پرۆژەیەكی هەبێت كارتی مانەوەی پێدەدرێت لەوڵاتەكەداو دواتر ئەگەر خێزانی هەبێت مامەڵەی بۆ دەكات.

 هاوڵاتى: ئایا چەتەی دەریا لەئاوەكانی نێوان توركیاو ئیتاڵیا بوونی هەیە كە دەوترێت بەكەشتی گەورە یەختی كۆچبەرانی كورد نقوم دەكەن؟

حسێن حەمەساڵح: وەكو وڵات وەكو حكومەت ناتوانیت بڵێت ئاگادارن، بەڵام چەتەی دەریا بوونی هەیەو یەختی گەورەو كەشتییان هەیە لەدەریاكاندا هاتوچۆ دەكەن، زۆر كات بەلای یەختی كۆچبەراندا بەنزیكی تێپەڕ دەبن و شەپۆلی گەورە دروستدەكەن و یەختی كۆچبەران نقوم دەكەن و دواتر دەچن ئەو كەلوپەلانەی كۆچەران كە پێیان بووە دەیبەن و دەیدزن ئیتر گوێ نادەن بەوەی كە كۆچبەران گیانیان لەدەستداوە یان نا، ئەو كارانە روویداوە لەسنوری توركیا و یۆنان، بەڵام ئەوانەی چەتەی دەریان و تەنگەشەیان بۆ دروست دەكەن یاخود تەقەیان لێدەكەن و چیرۆكی خەمناك هەبووە و بۆ لەمەودواش دەبێت بەتایبەت كە لێشاوی خەڵكی هەرێمی كوردستان بەو رێگایەدا بەردەوامەو رۆژانە پەنابەران هەوڵی پەڕینەوە دەدەن.

رێگری دەكرێت لەپەنابەران لەهەموو ئەو ناوچانەی كۆچبەران پێیدا تێپەڕدەبن، تەقەیان لێدەكرێت وەك ترساندنیان تا بگەڕێنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار