ئێران داوای دەرکردنی حزبە رۆژهەڵاتیەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران داوا لە حکومەتی عێراق دەکات حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان دەربکات.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی نوورنیوزی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەو ئەنجوومەنە لە کۆبوونەوە لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لە بوونی گرووپە "چەکدارەکانی دژبەری ئێران" لە هەرێمی کوردستان کردووە و داوای لە حکومەتی عێراق کردووە "بۆ دەرکردنی ئەو گرووپانە لە کوردستانی عێراق هەوڵی جیدیتر بدات".
عەلی شەمخانی و فوئاد حوسێن رۆژی سێشەممە 10-08-2021 لە تاران کۆبوونەوە و تێیدا عەلی شەمخانی وتی، دەبێت عێراق ئەو گرووپانە دەربکات بۆئەوەی ئێران ناچار نەبێت "بۆ رێگریکردن لە شەڕەنگێزی بەردەوامیی" ئەو گرووپە "چەکدارانە دەستپێشخەری بکات".
پێشتر حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسداران 01-06-2016 هۆشداری دا و وتی: "هەر خاڵێک کە سەرچاوەی دروستبوونی مەترسی لەسەر کۆماری ئیسلامی بێت، بێ رەچاوکردنی هیچ تێبینییەک لەنێوی دەبەین".
حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی 1983ـەوە، دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی بەسەر ناوچە رزگارکراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا گرتەوە، بنکە و بارەگاکانیان لە باشووری کوردستان جێگیرکرد.
ئەو حیزبانە ساڵانێکە چالاکییان راگرتووە و هۆکاری ئەوەش بۆ رەچاوکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان دەگەڕێننەوە.
دوو ساڵ دوای ئەوە لە رۆژی 08.09.2018 سوپای پاسداران هێرشی موشەکیی کردەسەر سکرتاریەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان و 17 کەس، کە ژمارەیەکیان ئەندامی رێبەریی ئەو حیزبە بوون، گیانیان لەدەستدا.
لە چەند ساڵی رابردووشدا سوپای پاسداران زۆرجار بنکەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان تۆپباران کردووە.
