بافڵ تاڵەبانی: گۆڕانکاریەکانی رابردوو لە پێناو دوورخستنەوەی ئەو كەسانە بووە كە لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بافڵ تاڵەبانی دەڵێت:"هەموو ئەو گۆڕانكارییانەی لەماوەی رابردوودا روویاندا دوورخستنەوەی ئەو كەسانە بووە كە كە یەكێتییان بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەكارهێناوە و لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون".
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی ئەمرۆ 11ی 8ی 2021. لە دەباشان لەگەڵ هانس ئاکیربووم، كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان، کۆبۆوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەکەدا هاوسەرۆکی یەکێتی هەڵوێست و ستراتیژی یەكێتی روونكردۆتەوە و ڕایگەیاندووە: "ئامانجی ئێمە یەكڕیزی كورد و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستەیە بۆ خەڵكە خۆشەویستەكەمان. کۆدەنگی و لێکتێگەیشتنی هاوبەشە سەبارەت بە پرسە نیشتمانییەکان و یەکخستنی ناو ماڵی کوردە. هەوڵدانە بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوورییەكانمان و بەهێزكردنی پێگەی هەرێمە لە بەغدا".
هاوکات، بافڵ تاڵەبانی ئاماژە بەوەشکردووە، " دەبێت هێزە کوردییەکان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق یەکهەڵوێست بن، تاوەکو هەموومان پێکەوە کوردستانێکی بەهێز و ئارام بونیادبنێین و هاووڵاتییانمان ژیانێکی ئارام و سەقامگیریان هەبێت. دروستکردنی هاوپەیمانی کوردستانیش لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان هەر لەوپێناوەدا بووە. دەمانەوێت یاسا سەروەربێت و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ببینەوە. قاچاخچێتی، دەستخستنە بینەقاقای بازرگانان بنبڕ بکەین و رێگە لە بەهەدەردانی سامانی گشتی بگرین".
لەبارەی ئەو گۆڕانكارییانەی لەماوەی رابردوودا لەناوخۆی یەكێتی ئەنجامدراون هاوسەرۆكی یەکێتی وتی، هەموو ئەو گۆڕانكارییانەی لەماوەی رابردوودا روویانداوە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و گەڕاندنەوەی شكۆ بووە بۆ یاسا. دوورخستنەوەی ئەو كەسانە بووە كە یەكێتییان بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەكارهێناوە و لە گەندەڵییەوە تێوەگلاون. حزبیان بۆ مەرامی شەخسی بەكاردەهێنا و لە رێبازی پیرۆزی مام لایاندابوو. ئێمە دەمانەوێت حزب خزمەتكار بێت نەوەك بار بەسەر شانی خەڵكەوە.
یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە یەكێكبوو لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە و بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە، یەكێتی لەگەڵ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دروستكردنی هێزێكی نیشتمانییە كە پارێزگاری لەبەرژەوەندییە نەتەوەییەكان بكات. بۆ ئەمەش یەكێتی ئامادەی هەموو پشتیوانییەكە.
