عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك: پێویستە ھەموو خەڵكی چەمچەماڵ پشتیوانی مەسرور بارزانی و حزبەكەی بكەن

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك ڕایگەیاند:" پێویستە ھەموو خەڵكی سنورەكە نەك ھەر سوپاس و ستایشی بكەین، بەڵكو ھەموان پشتیوانی خۆی و حزبەكەی بكەین تا ھانی بدەین بۆ خزمەتی زیاتر و تۆڵە سەندن و پەیامێكیش بێت بۆ ئەوانەی كە چەندە ساڵە دڕۆیان لەگەڵمان كردووە".

عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك كادیرەی پارتی لە پەیامێكدا كە لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردووەتەوە:" چارەسەركردنی كێشەی ئاوی چەمچەماڵ، لەمیانەی دانیشتنێكی خۆی و سەرۆكی حكومەت بووە، كە كێشەكەی بۆ باسكردووەو مەسرور بارزانیش زۆر نیگەران و غەمبار بووەو  دڵنیای كردووەتەوە كە زۆر بە جدی ھەموو ھەوڵێكی خۆی دەخاتەكار بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە.

ئاماژەی بەوەشكردووە كە ھەر دوابەدوای ئەو دانیشتنە، سەرۆكی حكومەتی هەرێم نوێنەری تایبەتی خۆی ناردە سنورەكەو دەرخستەی چارەسەری خێرا بە 10 بیری ئیرتیوازی و دەرخستەی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ- یان گەیاندە وەزارەتی پەیوەندیدارو ئەنجومەنی وەزیران، راشیگەیاندووە: وا ئێستا بڕیار لەسەر ھەڵكەندنی بیرەكان و بەستەوەی بە ھێڵی گشتی ئاوی چەمچەماڵەوە دراوەو بە جدیش ئیش لەسەر پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە -چەمچەماڵ دەكرێت.

عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك، رەخنەی ئەوەشی گرتووە كە ماوەی 30 ساڵە كێشەی كەمئاوی لە قەزای چەمچەماڵ هەیەو كەم حزب و كەسایەتی سیاسی و حكومی ھەیە موزایەدەی پێوە نەكردبێت و چەندین جار حزبەكان وەكو بانگەشەی ھەڵبژاردن بەكاریان ھێناوە، دەشڵێت: بۆ یەكەم جارە كە پارتی دیموكراتی كوردستان و سەركردە و نوێنەری ئەو حزبە لە حكومەتدا باسی چارەسەری ئەو كێشەیە دەكات و بە شێوەی كردەیی گرنگی پێداوە.

راشیگەیاندووە، ئەمە ھەوڵ و تاقیكردنەوەیەكی نوێیە، ئیتر چی پێویست دەكات خەڵكی گوێ لە چەند دەسوپێ سپی و بێ كردارێك بگرن، كە دەیان جار لەلایەن خۆیان و حزبەكانیانەوە قۆڵی خەڵكیان بڕیوە بەناوی چارەسەری ئاوی چەمچەماڵەوە، یان بۆ دەبێت پێویست نەكات ئێمە سوپاس و ستایشی كەسێكی نوێ بكەین كە لە حكومەت و بۆ یەكەم جار بەڵێنی خۆی بردبێتەسەر و كێشەكەمان بۆ چارەسەر بكات دوای ئەو ھەموو فریودان و بەڵێنە درۆینەیانەی ئەوانی تر، بەڵێ ھەنگاوەكەی كردەییەو پێویستە ھەموو خەڵكی سنورەكە نەك ھەر سوپاس و ستایشی بكەین، بەڵكو پێویستە ھەموان پشتیوانی خۆی و حزبەكەی بكەین تا ھانی بدەین بۆ خزمەتی زیاتر و تۆڵە سەندن و پەیامێكیش بێت بۆ ئەوانەی كە چەندە ساڵە دڕۆیان لەگەڵمان كردووە.

كادیرەكەی پارتی خەڵكی قەزای چەمچەماڵی دڵنیا كردووەتەوە كە بەردەوام دەبن لە داواكاری ھەموو جۆرەكانی خزمەتگوزاری بۆ سنورەكەو بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ھەوڵی تەواو دەدەن بۆ بەدیھێنانی خواستەكانی خەڵك و "چەند كەچە نوسەر و دڵ ژەنگاوییەكی سیاسی و چەند گروپێكی دروستكراو لە مناڵومەزم ساردمان ناكاتەوە لە خزمەتكردنی خەڵك و ناوچەكەمان".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار