لافاوەکەی تورکیا: ٢٧کەس گیانی لەدەستداو ١٠٠کەسیش بێ سەروشوێنن

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

ئازانسی ئافاد رایگەیاند:" لە تورکیا دوای لافاوەکەی شارۆچکەی بۆزکورتی لە رۆژئاوای هەرێمی دەریای رەش تاوەکو ئێستا تەرمی 27 هاوڵاتی دۆزراونەتەوە و زیاتر لە 100 کەس بێسەروشوێنن.

ئەمڕۆ هەینی 13ی ئابی 2021 ئازانسی "ئافاد" رایگەیاند:" لە پارێزگای کاستامۆنو ژمارەی مردن بەهۆی لافاو بۆ 25 کەس بەرزبووەتەوە و لە پارێزگای سینۆپ 2 کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە، ئەو کەسانەی هەواڵی بێسەروشوێنبوونیان بە فەرمی تۆمارکراوە ژمارەیان زیاتر لە 100 کەسن". 

ئازانسەکە ڕاشیگەیاندووە :" لە پارێزگای بارتن 2 کەس بێسەروشوێنن و هەوڵەکانی گەڕان بۆ دۆزینەوەی ئەو 2 کەسە بەردەوامن".

کەشناسی تورکیا رۆژی پێنجشەممە هۆشداریی دا بەوەی، رۆژی هەینی 13ی ئاب و شەممەی داهاتوو شەپۆلێکی نوێی بارانبارین هەمان ئەو ناوچەیە دەگرێتەوە. 

رۆژی چوارشەممە 11ی ئابی 2021 لە پێنج شاری تورکیادا لافاو هەستا و زیانی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. لافاو لە چەند شارۆچکەیەکی پارێزگاکانی سامسون، کارابوک، بارتن، سینۆپ و کاستامۆنو دروستبوو. بە گشتی چەندین ئۆتۆمبیل و کەرەستەی لەگەڵ خۆی برد و زیانی بە ژمارەیەکی زۆر خانوو و باڵەخانە گەیاند.

بەهۆی لافاوەوە لە چەند شوێنێکی ئەو 5 پارێزگایەدا رۆچوونی زەوی روویدا و چەند رێگەیەکی سەرەکیش بەڕووی هاتووچۆدا داخران و ژمارەیەک خانووبەرە ژێرئاوکەوتن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار