بایدن بەرپرسیاریەتی سەلامەتی خەڵك دەخاتە ئەستۆی تالیبان

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە رێگەی ڤیدیۆوە پەیوەندی بە ئەندامانی تیمی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاوە کرد و و رایگەیاند:" پاراستن و بەرپرسیاریەتی گیانی خەڵكی ئەفغانیتان لە ئەستۆی تالیبانە".
ڕۆژی یەکشەممە، 15ی ئابی 2021، جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە رێگەی ڤیدیۆوە پەیوەندی بە ئەندامانی تیمی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکاوە کرد و رەوشی ئەفغانستان و بەرەوپێشچونەکانی وڵاتەکەیان تاوتوێکردوە.
ئاژانسی ئەسۆشییەیتد پرێس بڵاوكردەوە کە هەرەسهێنانی خێرای حکومەتی ئەفغانستان و ئەو ئاژاوەیەی لە ئەفغانستاندا دروستبوە، جدیترین تاقیکردنەوەی بایدنە وەک فەرماندەی گشتی و سەرۆکی ئەمریکا، لەلایەن کۆمارییەکانەوە بە توندی ڕەخنەی لێگیراوە و دەڵێن، "شکستی هێناوە".
هاوکات دەیان وڵات داوایان لە سەرجەم بەشداربوانی ڕوداوەکانی ئەفغانستان کردوە ڕێز لە ئاسایشی وڵاتەکە بگرن و ئاسانکاری بکەن بۆ ڕۆیشتنی ئەو هاوڵاتییە بیانی و ئەفغانیانەی کە دەیانەوێت وڵاتەکە بەجێبهێڵن.
دوای تێپەڕبونی 24 کاتژمێر بەسەر روخانی حکومەتی ئەفغانستان و کۆنتڕۆڵکردنی هەمو خاکی وڵاتەکە لەلایەن چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبانەوە، بەهۆی خێرایی پێشڕەویکردنی بزتنەوەکە تائێستا دیپلۆماتکاران و هێزەکانی ئەمریکا بەتەواوی لەکابوڵ نەکشاونەتەوە، بەرپرسێکی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت، دۆخی ئاسایشی فڕۆکەخانەی کابوڵ بەرەو خراپتربون دەڕوات و پێدەچێت لەچەند کاتژمێری داهاتودا پێکدادان روبدات.
