هەپەگە: حەوت سەربازی توركیا كوژران

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
هەپەگە ڕایگەیاند:" لە ئەنجامی چالاکیی گەریلا دژی سوپای داگیرکەری تورک لە گردی کۆردینەی مەتینا، حەوت داگیرکەر سزادران.
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ى ئابى 2021، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لەسەر چالاکیی گەریلاکانی دژی سوپای داگیرکەری تورک لە هەرێمی مەتینا، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە، کە بەم شێوەیەیە:
“لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی جەنگی خابوور لە هەرێمی مەتینا”
ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە، گروپێک لە داگیرکەران کە خرابوونە ژێر کۆنترۆڵەوە، کاتژمێر ٠٦:٣٠ خولەکی ئێوارە، لەلایەن هێزەکانمانەوە، کرانە ئامانج، لەم چالاکییەدا بەلانیکەمەوە حەوت داگیرکەر سزادران و چوار داگیرکەریش برینداربوون، دوای ئەوە داگیرکەران بە هێلیکۆپتەر کوژراو و بریندارەکانیان گواستەوە.
ئەم چالاکییە شۆڕشگێڕانەیە بە شێوەی سەرکەوتووانە و بۆ بیرهێنانەوەی فەرماندەی نەمر عەگید و پیرۆزبایی قەلەمبازی ١٥ی تەباخ ئەنجامدرا.
لە هەرێمی ئاڤاشین؛
ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە، لە گردی سۆر بە چەکی قورس هێرش کرایە سەر مۆڵگە داگیرکەران.
ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٦:٠٠ی بەیانی بۆ ٠٧:٠٠ی ئێوارە سوپای داگیرکەری تورک چوارجار بە گازی کیمیاوی هێرشی کردە سەر تونێلەکانی شەڕ لە مەیدانی وەرخەلێ.
ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٩:٣٠ خولەکی شەو، لە مەیدانی وەرخەلێ، تونێلەکانی شەڕ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە کرانە ئامانج و لە بەرەبەیانیی ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە دژی تۆنێلەکانی شەڕ، گازی کیمیاوی بەکارهێنرا و جموجوڵی فڕۆکە سیخوڕییەکان بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا بینرا.
ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٨:٠٠ بۆ ٠١:٠٠ی شەو، هێلیکۆپتەرەکان لەسەر ناوچەی قاشورای چیای مەتینا سووڕانەوە، هەمان ڕۆژ، لە ناحیەی کانی ماسیی سەربە شارۆچکەی ئامێدی بە هاوەن هێرش کرایە سەر گوندی هرور، بەهۆی ئەو بۆردوومانەوە ئاگر لە ناوچەکە کەوتەوە.
ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٧:٣٠ خولەکی ئێوارە، ناوچەی کارکەر لە هەرێمی زاپ، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردوومانکرا.
ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە، کاتژمێر ٠٣:٣٠ تا ٠٤:٣٠ خولەکی بەرەبەیان، لە بنکەکانی سەر سنوورەوە بە هاوەن هێرش کرایە سەری ناوچەی چەمچۆ.
ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە، کاتژمێر ١٠:٠٠ تا ١٠:٤٠ خولەکی شەو، سوپای داگیرکەری تورک لە هەرێمی ئاڤاشین، هێزەکانی لە ناوچەکانی مەرڤانۆس و تابوری عەرەبان بە هێلیکۆپتەر گۆڕیی.
