میكانیزمی چارەسەركردنی كێشەكان لەنێوان هەردوو هـــــــاوسەرۆكان جیاوازە

نیكولا ئەشرەف شاڵی دكتۆرا لەبواری یاساو مامۆستای زانكۆو یەكێك لەدەستەی نێوەندگرانی نێــــوان هاوسەرۆكانی یەكێتی بۆ هاوڵاتى:

3 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: هاوڵاتى

یەكێك لەئەندامانی دەستەی نێوەندگرانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی زانیاری نوێ و نەبیستراو بۆ هاوڵاتى ئاشكرا دەكات و دەڵێت:»میكانیزمی چارەسەركردنی كێشەكان لەنێوان هەردوو هاوسەرۆكان جیاوازە «.

نیكولا ئەشرەف شاڵی یەكێك لەدەستەی نێوەندگرانی نێوان هاوسەرۆكانی یەكێتی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەشڵێت:» بافڵ تاڵەبانی لەناو مۆبایلەكەی خۆیەوە 11 تۆمەتباری پێنیشانداین كە بەرپرسی یەكێتی تێدایەو  فەرمانی دەستگیركردنیان هەیەو لەماڵی لاهور شێخ جەنگیدان، بەڵام لاهور شێخ جەنگی پێی وتین كە ماڵەكەی كراوەیەو هیچ تۆمەتبارێكی لانییەو دوو برای لایە كە چوونەتە بەردەم دادگا».

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو كە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی باسی لەوە كردووە كە ئەو هەنگاوانەی دەینێت بۆ چاكسازی و گەڕانەوەی شكۆیە بۆ یەكێتی و پێشی وتووین كە» بەدەرمانی دایۆكسین هەوڵی ژەهراویكردنم دراوە».

هاوكات نیكۆڵا ئەشرەف شاڵی ئەوەشی روونكردەوە كە لاهور شێخ جەنگی پێی راگەیاندوون كە ملم لەموو باریكترە لەبەردەم یاسادا، هەر تۆمەتێكم بەسەردا ساغ بێتەوە بەڵێن بێت بەدەستی خۆم پەتی سێدارە دەخەمە ملم.

هاوڵاتى: هەوڵی نێوەندگیری دەیان كەس پێكەوە سەردانی هەردوو هاوسەرۆكی یەكێتیتان كردووە، ئامانجەكەی چی بووە؟

نیكولا ئەشرەف شاڵی: ئێمە وەك دەستەیەكی ناوەندگیری ئاشتەوایی بێلایەن رۆڵ دەگێڕین لەنێوان هەردوو هاوسەرۆكانی یەكێتیدا، چەندین كەسین لەئاست و پێگەی جیاوازدا.

ئێمە كەسانی بێلایەنین لەنێوان هەردوولادا، هەرچەندە هەندێك كەس و لایەن تۆمەتبارمان دەكەن كە لایەنداری یەكێك لەهاوسەرۆكان دەكەین، ئەمەش هیچ بنەمایەكی نیە و تەواو دورە لەڕاستیەوە، چونكە ئەم دەستپێشخەریەی ئێمە تەنها لەڕوانگەی هەستكردنمانە بەبەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەتەوەیی.

هەروەها ئامانجمانە ئەوە بیری هەردوو هاوسەرۆكان بهێنینەوە، ئەوان لەم قۆناغەی كاری حزبیاندا لەبەردەم بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتمانی و مێژوویی و ئەخلاقی و پیشەیی حزبیەوەن، لەكۆی ئەو كارو هەنگاوانەی دەیگرنەبەر دەبێت ئاشتی و ئارامی شاری سلێمانی بەتایبەتی و هەرێمی كوردستان بەگشتی بپارێزن.

ئەوەی روویداوە لەنێوان هاوسەرۆكاندا، راستە بابەتەكە تەواو حزبیەو لەفۆرمی حزبیدایە، لایەنێكیان بەچاكسازی ناویدەبات و ئەوی دیكە بەكودەتا، بەڵام هەرچیەك بێت، كۆی ئەوەی روودەدات كاریگەری راستەوخۆی نەرێنی هەیە لەسەر دەروون و ژیان و بازاڕو ئابوری خەڵك بێ جیاوازی.

ئێمە دەزانین لەكوردستاندا، حزب دابڕاو نیە لەكۆمەڵگا بەتایبەت حزبێكی خاوەن پێگەو باڵادەستی وەك (ی.ن.ك) كە سەنگ و قورسایی خۆی هەیە لەبڕیاری سیاسی چ لەناوخۆی هەرێم یان لەسەر ئاستی عێراق و تەنانەت هەرێمایەتیش، بۆیە هەرشتێك لەناوخۆی ئەو حزبەدا رووبدات كاریگەری و لێكەوتەی راستەوخۆی دەبێت لەسەر سەقامگیری كۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی.

ئێمە لەواقعێكدا دەژین سەرجەم هێزەكانی پێشمەرگە بەكرداری لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم یەكنەخراون، بۆیە دەبینین حزبەكان بەتایبەت حزبێكی وەكو یەكێتی كەمێژوویەكی دورودرێژی هەیە لەخەباتی چەكداری تائێستا هێزی چەكداری تایبەت بەخۆیان لەژێر دەستدا ماوە هەرچەندە ئەو هێزانە نیزامی و رێكخراون، بەڵام لەژێر فەرمانی چەند كەسانێكی دیاریكراوی حزبیدان و ئەوان دەتوانن بیانجوڵێنن.

ئێمەومانان، وەك دەستەی ناوەندگیری بێلایەن، نیگەرانیمان هەبوو لەوەی ئەو هێزانە بەپێچەوانەوەی ئامانجەكانیان بەكاربهێنرێن لەیەكلاكردنەوەی ناكۆكیەكانی ناوخۆیی حزبدا، بەتایبەتی ئێمە بینیمان ئەو هەنگاوانەی نران لەلایەن هاوسەرۆك بافڵ تاڵەبانی زیاتر مۆركێكی سەربازی پێوە دیاربوو، لەهەمان كاتدا بینیمان لەماڵی هاوسەرۆك لاهور جەنگی خەڵكانێك بەچەكی قورس و سوكەوە وێنەیان دەگرت و لەشۆسیال میدیا پەخشیان دەكرد، كۆی ئەمانە بووە هۆی ترس و دڵەڕاوكێ بەتایبەت لای خەڵكی شاری سلێمانی.

لەڕوانگەی هەستكردنمان بە بەرپرسیارێتی، بۆ ئەوەی خوانەخواستە هەنگاو نەنێین بۆ قۆناغێك ململانێكان تیایدا لەململانێی حزبییەوە بگۆڕێت بۆ ململانێی چەكداری، دەستەیەكی بێلایەن كۆبووینەوە و پەیوەندیمان بە بەڕێزان هەردوو هاوسەرۆكانی (ی.ن.ك)ەوە كرد.

هاوڵاتى: هەریەك لە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی ئەوەیان راگەیاند كە هێز بەكارناهێندرێت و دواتریش لاهور جەنگی ئەوەی دووپاتكردەوە كە كاری واناكەن؟ كەواتە تائێستا دۆخەكە ئارامە؟

نیكولا ئەشرەف شاڵی: سەبارەت بە بەڕێز قوباد تاڵەبانی، ئەو جێگری سەرۆكی حكومەتە، دەسەڵاتەكانی دەسەڵاتی فەرمین و بەیاسا دیاریكراوە، هەر بەیاساش دەسەڵاتەكانی بەكاردەهێنێت لەكاتی پێویستدا بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی هەرێم لەدۆخە نەخوازراوەكاندا.

واتا تادۆخێك نەیەتە پێشەوە كە پێشێلكاری بێت بۆ ئەركەكانی حكومەت، بەتایبەتتر ئەو ئەركانەی پەیوەندیدارن بەپاراستنی ئارامی و ئاسایشی شارەكان و ژیان و سەرو ماڵی خەڵكەوە، بەهیچ جۆرێك خۆیان هەڵناقورتێنن و دەبێت دور بن لەكێشە حزبیەكانەوە.

سەبارەت بە هاوسەرۆك لاهور جەنگی، ئێمە لە 7 و 9 ئاب 2021، سەردانمان كردو لەگەڵیدا كۆبووینەوە، داوامان لێكرد بەهێمنی كێشە حزبیەكانیان لەگەڵ هاوسەرۆك بافڵ تاڵەبانی چارەسەر بكەن لەكۆی ئەو شتانەی روودەدات پێویستە ئارامی سلێمانی بپارێزیت، وتی «دڵنیاتان دەكەمەوە لەلایەن منەوە هەرگیز پەنا نابرێتە بەر هێز یان كارێك سەقامگیری سلێمانی و هەرێم تێكبدات». هەروەها وتی «من هێزی ئەمنیم دروستنەكردووە بۆ ئەوەی لەململانێ و بۆ بەرژەوەندی خۆم بەكاریان بهێنم، بەڵكو من هێزی دامەزراوەیم بۆ خزمەتی خەڵكی كوردستان بێ جیاوازی دروستكردووە، بۆ دەرخستنی نیازپاكی و بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەموو دەسەڵاتەكانی خۆم بەشێوەی كاتی تا پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوەی حزبی رادەستی هاوسەرۆك بافڵ تاڵەبانی كردووە»،

هەروەها ئامادەیی دەربڕی لاپەڕەی سپیمان بۆ واژو بكات بۆ چارەسەركردنی كێشە حزبیەكان بەپێی پەیڕەوو پرۆگرامی (ی.ن.ك) و یاسا بەركارەكانی عێراق. جەختیشی كردەوە كەكوردستان جێناهێڵێت وەك ئەوەی داوایلێكراوەو لەبەردەم دادگادا بەرگری لەخۆی دەكات لەكۆی ئەو تۆمەتانەی خراونەتەپاڵی و جەختی كردەوە تاوانبار نیە و بەناهەق تۆمەتی بۆ هەڵدەبەستن، لەدادگا بێتاوانی خۆی دەسەلمێنێت و ئەگەر لەناوخۆی حزبیشدا بێت بەهەمان شێوە بەڵگەكان دەخاتەڕوو.

سەبارەت بە هاوسەرۆك بافڵ تاڵەبانی، بەهەمان شێوە لە 9 ئاب 2021 لەگەڵیدا كۆبووینەوە، دوای گفتوگۆیەكی چڕوپڕ نزیكەی حەوت كاتژمێری خایاند، بەوردی كێشە ناوخۆییەكانی (ی.ن.ك)ی خستەڕوو كە خاڵی ناكۆكی بوون لەنێوانیاندا وەك هاوسەرۆكان.

هەروەها باسی لەكۆی ئەو پاڵنەر و هەنگاوانە كرد كە بۆ گۆڕانكاری و چاكسازی ناویەتی، وتی ئەو كارانەی دەیكات «بۆ گەڕاندنەوەی شكۆیە بۆ یەكێتی، لەهەمان كاتدا هەنگاونانە بۆ چاكسازی، چونكە لەدوو ساڵی رابردوودا دەستدرێژی زۆر كراوەتەسەر مافی خەڵك و هەڕەشە لەبازرگان كراوەو دەستخراوەتە بینەقاقای بازاڕ، هێڵەكانی پەیوەندی چاودێری خراوەتەسەر، هێزەكانی دژە تیرۆرو زانیاری بۆ مەرامی تایبەتی و كۆكردنەوەی زانیاری ناپێویست و ناڕەوا بەكارهێندراون«. هەروەها وتی «سیخوڕ لەماڵەكەمدا دانراوەو بەدەرمانی دایۆكسین هەوڵی ژەهراویكردنم دراوە».

هاوكات كاك بافڵ وتی:» هەنگاوەكانم بەردەوام دەبن بەئاڕاستەی چاكسازی و لەچارەسەركردنی كۆی گرفتەكان سەقامگیری هەرێم و شاری سلێمانی دەپارێزم»، بەڵێنیشی پێداین كە هەر هێزێك لەژێر فەرمانی حزبدا بێت هەرچەندە سەرجەمیان نیزامی و رێكخراون و میلیشیا نین، بەهیچ جۆرێك‌‌ فەرمان لەهیچ كەسێكی ئەوانەوە وەرناگرن بۆ جوڵەپێكردنیان، ئەمما دەسەڵاتی حكومەت چی دەكات ئەوە پەیوەندی بەئەوانەوە نییە، چونكە ئەوان فەرمان لەحكومەتەوە وەردەگرن نەك سەركردەكانی حزب.

جەنابیان وتیشی؛ «ئەگەر هێزی حكومی بجوڵێندرێت بۆ دەستگیركردنی ئەو (١١) تاوانبارەیە كە لەماڵی لاهور جەنگی خۆیان حەشارداوە، ئەوە پەیوەندی بەمنەوە نیەو دەسەڵاتی منی تێدا نییە».

دوای سەردانمان بۆ لای هاوسەرۆك بافڵ تاڵەبانی، بۆ تەواوكردنی كارەنمان راستەوخۆ لەهەمان رۆژدا، سەردانی هاوسەرۆك لاهور جەنگی-مان كردەوە، گفتوگۆیەكی ترمان لەگەڵ ئەنجامدا لەسەر ئەو بابەتانەی كەگرنگن بۆ پاراستنی سەقامگیری سلێمانی و هەرێم.

سەبارەت بەو كەسانەی داواكراون لەلایەن یاساوە، من بە بەڕێز لاهور شێخ جەنگی-م وت، «ئەو (١١) كەسەی بەڕێز بافڵ تاڵەبانی باسیان دەكات و داواكراون لەماڵەكەتدان، لەڕووی یاساییەوە پێویستە رادەستیان بكەیت بۆ ئەوەی هێزی حكومی كە دەسەڵاتی سەپاندنی یاسایان هەیە، پاڵپشت بەفەرمانی دادوەر نەیەنە سەر ماڵەكەت و دەستبەسەریان بكەن بۆ بەردەم دادگا». لەوەڵامدا وتی «بفەرموون دەرگای ماڵەكەم واڵایە، بگەڕێن تیایدا هەر داواكراوێكی تیادا بوو بیبەن» وتیشی «من كەسی داواكراوم لا نییە، تەنها ئەو دوو برایەم لایە كە سكاڵایان لەسەر تۆماركراوەو هەردووكیان ئامادەن بچنە بەردەم دادگاو  پێشتریش چوون و جارێكی دیكەش دەچنەوە بەردەم دادگا»

هەروەها قسەمان لەگەڵ كرد سەبارەت بە بەكارهێنانی هێز و ئەو كەسانەی بەچەكەوە لەماڵەكەیدا لەڕێگای سۆشیال میدیاوە نمایش دەكەن، جەنابیان پێی راگەیاندین كە سەرقاڵەو ئاگاداری ئەو جۆرە نمایشانە نیە، وتی؛ «بەهیچ شێوەیەك چەكم بەكارنەهێناوەو هێزی سەربازیم نییە تا بەكاریبهێنم»، پێمان وت لەماڵەكەتدا خەڵكانێك بەچەكەوە ڤیدیۆو وێنەیان بڵاوبووەتەوە! ئەو بێئاگایی خۆی لەوە دەربڕی و وتی؛ «ئەوانەی لێرەن میلیشیا نین، بەشێكی زۆری كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگەی دێرینن و بەشێكی دیكەیان خەڵكی مەدەنین و هاوسۆزن». وە بەڵێنی بەهەمووماندا كەناهێڵێت كەس بەچەكەوە ماڵەكەیدا نمایش بكات. دوای پەیامەكەی ئێمە، بینیمان دیاردەی چەكداری لەماڵەكەیدا وەك پێشتر نیە، بۆ بەدواداچوون و دڵنیایی خۆتان دەتوانن بچنە ماڵەكەی بەدواداچوونی زیاتر لەسەر ئەو بابەتە بكەن.

هاوڵاتى: پاش هەفتەیەك لەو پەیامەی ئێوە كە گەیاندوتانە هەردوو هاوسەرۆك، چ گۆڕانكاریەك بەهۆی نێوەندگیریەكەوە روویداوە؟ ئایا میكانیزمی چارەسەر لای هەردوولایان جیاوازە؟

نیكولا ئەشرەف شاڵی: ئێمە لەچوارچێوەی پەیامەكەی خۆماندا كارمانكردوە، سەبارەت بەمیكانزمی چارەسەركردن، هەردوو هاوسەرۆكان میكانیزمی تەواو جیاواز بۆ چارەسەركردنی گرفتە حزبیەكان دەخەنەڕوو لەناو یان لەدەرەوەی حزب، واتا لەبەردەم دادگاكاندا.

 لەئاستی حزبیش هەوڵدراوەو بەردەوام هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی ناكۆكییەكان بەپێی پەیڕەوو پرۆگرامی ناوخۆی حزب و یاسا چارەسەر بكرێن، بەڵام دیارە تائێستا دەرەنجامی نەبووە.

ئێمە وەك دەستەی ناوەندگیر هەست دەكەین گوێمان لێگیراوە، بەتایبەت لەو بابەتانەی پەیوەندیان بەنمایشی هێزو شەڕی راگەیاندنەوە هەیە كەتەواو خاوبوونەتەوە، هەر پێشوازی لێكردنمان لەلایەن بەڕێزان هەردو هاوسەرۆكانەوە نیشانەی رێزگرتن و بەهەند وەرگرتنی هەوڵەكانمانە، هەرچەندە ئێمە هەر چاوەڕوانی ئەو بەدەنگەوەهاتنەمان لێدەكردن.

هاوڵاتى: بافڵ تاڵەبانی هیچ زانیارییەكی لەبارەی ئەو (١١) كەسەوە خستەڕوو بۆ ئێوە كە وەك دەستەی نێوەندگیر سەردانتان كردووە؟

نیكولا ئەشرەف شاڵی: جەنابی بافڵ تاڵەبانی هەموو فەرمانی دەستگیركردنی ئەو (١١) كەسەی لەمۆبایلەكەی خۆیەوە پیشانداین، كۆمەڵێكیان بەرپرسیارێتیان هەبووە، هەندێكی تێدایە بەناوی یەكێتی و دەزگا ئەمنییەكانەوە خەڵكی دەستگیركردووە، بەرپرسی باڵای حزبی یەكێتیش لەناو ئەو (١١) كەسانەدا بوونی هەبوو.

هاوڵاتى: وتەی لاهور شێخ جەنگی لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكان چی بوو؟

نیكۆلا ئەشرەف شاڵی: وەك ئاماژەم پێدا، ئێمە لە ٧ و ٩ ئاب ٢٠٢١، جەنابیمان بینی، جەختی كردەوە ئامادەیە ملكەچی كۆی رێكارە حزبی و یاساییەكان بێت بەچوونە بەردەم دادگاشەوە، وتی «ملم لەموو باریكترە لەبەردەم یاسادا، هەر تۆمەتێكم بەسەردا ساغ بێتەوە بەڵێن بێت بەدەستی خۆم پەتی سێدارە دەخەمە ملم، چونكە هیچ كەموكورتیەك لەخۆم قبوڵ ناكەم چ بەرامبەر خەڵكی كوردستان بێت یان یەكێتی یان بەرامبەر ماڵی مام جەلال و هاوسەرۆك بافڵ تاڵەبانی». وتیشی «بەهیچ جۆرێك ئامادەنیم كوردستان جێبهێڵم وەك ئەوەی داوام لێكراوە، چونكە ناكرێت تۆمەتبار بكرێم و داواكراوی دادگا بم، بەڵام بوارم نەدەن بەرگری لەخۆم بكەم و بێتاوانی خۆم بسەلمێنم. وتی؛ لەكوێی دنیادا بووە بەتۆمەتبار بوترێ بڕۆ وڵات جێبهێڵە!»

هاوڵاتى: پێتانوایە یەكێتی ئەم دۆخەی ئێستای تێپەڕێنێت، یان پێش هەڵبژاردنەكانی عێراق یەكلاببێتەوە؟

نیكولا ئەشرەف شاڵی: یەكێتی لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لە 1975، لەسەر بنەمای رای جیاوازو لەیەكگرتنی سێ ئاڕاستەی جیاواز دامەزراوە، تائێستا ئەو تێڕوانین و را جیاوازە تیایدا بەردەوامە، ئەوەش خاڵی جیاكەرەوەی یەكێتیە لەحزبە تەقلیدیەكانی تر.

چارەسەركردنی ئەم دۆخە كاتی دەوێت، چونكە ئەم كێشانە لەبنەڕەتدا هەر هەبوون، بەڵام دوای كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال و بەستنی كۆنگرەی چوار زیاتر بەدەركەوتن و لەم ماوەیەدا دەرهاویشتەو لێكەوتەكانیمان بینی، بۆیە چاوەڕوان ناكرێت پێش هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق چارەسەر بكرێن.

من پێم وایە ئەم كێشەیە زیاتر پەل ناكێشێت و وەك ئەوانی پێشتر تێدەپەڕێت، متمانەمان بەهەردوو هاوسەرۆكانە كە بەرپرسیارانە مامەڵە دەكەن لەچارەسەركردنی كێشەكان. چونكە ئەوان وەك هەر تاكێكی ئەم كوردستانە دەزانن، كە ئەم ئەزمونەی هەرێم بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و بەری رەنج و ماندوبونی پێشمەرگە و رێكخستن و تێكۆشەرە دێرینەكانی كوردستانە. بۆیە دەبێت حەكیمانە و وردبینانە مامەڵە لەگەڵ كۆی كێشەكان بكەن.

هاوڵاتى: پێتانوایە ئەم كێشانە كاریگەری دەكاتە سەر دەنگدەری یەكێتی؟

نیكۆلا ئەشرەف شاڵی: بەگشتی دەنگدەر، دەنگدەری یەكێتین كە بۆ ئازادی و مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆی كوردستان دامەزراوە‌‌، بەڵام دەبێت ئەوەمان بیرنەچێت بەشێكی زۆر لەدەنگدەران بەسۆز بیر دەكەنەوە، بۆیە‌ بێگومان ئەم كێشانە بەشی خۆی كاریگەری دەبێت لەسەریان و وەك لێكەوتەش كاریگەری دەبێت لەسەر كۆی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق سەبارەت بە (ی.ن.ك)

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار