بریکاری وەزیری پێشمەرگە: بۆمبێك بە ئۆتۆمبێلێكی پێشمەرگەدا تەقییەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بریکاری وەزیری پێشمەرگەی هەرێم رایگەیاند:" بۆمبێكى چێندراو لە سنوری قەزای ئامێدی بە ئۆتۆمبێلێکی وەزارەتەکەدا تەقیوەتەوە".
ئەمڕۆ چوارشهممه 18ی ئابی 2021، سەربەست لەزگین بریکاری وەزیری پێشمەرگەی هەرێم رایگەیاند:" "لەسنوری قەزای ئامێدی چەکدارانی پەکەکە هەستاون بەدانانی مینێکى چێندراو لە رێگەی هاتووچۆی پێشمەرگە و خەڵکی سڤیلی ناوچەکە، لە ئەنجامدا مینە چێندراوەکە بە ئۆتۆمبیلێکی پێشمەرگەدا دەتەقێتەوە".
هاوكات بریکاری وەزیری پێشمەرگەی هەرێم، راشیگەیاند :"تەنیا پێشمەرگەیەک بەسوکی بریندارە".
دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە:
ئەمرۆ 18/8/2021بەرێز سەربەست لەزگین بریکاری وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند لەسنوری قەزای ئامێدی چەکدارانی پەکەکە هەستاون بەدانانی مینێکى چێندراو لە رێگەی هاتوو چۆی پێشمەرگە و خەڵکی سڤیلی ناوچەکە، لە ئەنجامدا مینە چێندراوەکە بە ئۆتۆمبیلێکی پێشمەرگەدا دەتەقێتەوە، ئەگەر چی خۆشبەختانە زیانی رۆحی لێ نەکەوتۆتەوە، تەنیا پێشمەرگەیەک بەسوکی بریندارە، هەروەها بریکاری وەزیری پێشمەرگە گوتی: دەمانەوێ ڕای گشتی و خەڵکی کوردستان ئاگادار بکەينەوە كەچەندین جارە پەکەکە ئەم رەفتارانە لە سنوری ئەرکی پێشمەرگە دووبارە دەکاتەوە ھەروەھا کاری تێکدارانە ئەنجام دەدات، بەم رەفتارانەیان مەترسی لە سەر سنورەکان و خەڵکی مەدەنی دروست دەکەن.
