لەگەڵ یەكێتی هەموو هەوڵەكانمان بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین كورسییە

یاسین حەمەعەلی، سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان بۆ هاوڵاتى:

3 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: هاوڵاتى

سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت حەوت بازنە بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق كاندیدیان هەیەو دڵنیان ئەنجامی دڵخۆشكەریان دەبێت.

یاسین حەمەعەلی، سەرپەرشتیاری ژووری هەڵبژاردنی گۆڕان و ئەندامی لیژنەی باڵای هەماهەنگی هاوپەیمانی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەشڵێت:» پشتیوان بەخواو هەڵسوڕاوان و هاونیشتمانیانی ئازیز، پێمانوایە سەرجەم كاندیدەكانمان سەردەكەون».

هاوكات ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كە وەكو هاوپەیمانی كوردستان هەموو هەوڵێكی خۆیان دەخەنەگەڕ، بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ و كورسی لە هاوپەیمانێتییەكەیاندا لەگەڵ یەكێتی نیشتمانیدا.

هاوڵاتى: بزوتنەوەی گۆڕان چۆن دەڕوانێتە هاوپەیمانێتی كوردستان لەگەڵ یەكێتی بەگشتی؟

 یاسین حەمەعەلی: دیارە پێكهێنانی هاوپەیمانێتی كوردستان، بەرهەمی چەندین گەڕی دانوستان و گفتوگۆ بوو لەنێوان ئێمەو یەكێتی نیشتمانی، دیدگای ئێمە لەسەر پرسە نەتەوەییەكان و چۆنییەتی مامەڵەكردنمان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی، چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ بەغدا بەكێشەی ناوچە كێشە لەسەرەكانیشەوە، هەروەها هەوڵەكانمان لەپێناوی بەدیهێنانی یەكڕیزی و یەك وتاری سەرجەم لایەنەكان دیدگایەكی روون و راشكاوە، بۆیە سەرەنجام ئەم هاوپەیمانێتیەمان پێكهێنا لەپێناوی بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەدا.

هاوڵاتى: گۆڕان كاندیدەكانی لەچەند پارێزگاو لەكام بازنەدایە ئەگەر بەوردی باسی بكەن؟

یاسین حەمەعەلی: پاش خوێندنەوەی وردو بابەتییانەی یاسا نوێیەكەی هەڵبژاردن، هەوڵمانداوە كاندیدەكانمان لەو شوێنانە بن كە دڵنیاین لەئەنجامەكانیان و سەركەوتن بەدەستدەهێنین، لەنێو هاوپەیمانی كوردستان و لە (7) بازنەی هەڵبژاردن كاندیدمان پێشكەش كردووە، كە بازنەكانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و پارێزگای كەركوك لەخۆدەگرێت.

هاوڵاتى: لەهەندێ بازنە گۆڕان كاندیدی نییەو تەنها كاندیدی یەكێتی هەیە، كارتان بۆ ئەوە كردووە دەنگدەرانتان دەنگ بدەنە كاندیدەكانی یەكێتی، بەپێچەوانەشەوە؟

یاسین حەمەعەلی: ئێمەو یەكێتی نیشتمانی پێكەوە هاوپەیمانێتی كوردستانمان پێكهێناوەو هەموو هەوڵمان دەستەبەركردنی زۆرترین كورسییە بۆ هاوپەیمانێتییەكە، بەڵێ كارمان لەسەر كردووەو هەردوولامان رەزامەندین لەسەری.

هاوڵاتى: ئایا هیچ گرفتێك لەتۆماری دەنگدەراندا بوونی هەیە، كە كێشە بۆ دەنگدەران دروستبكات؟

یاسین حەمەعەلی: دەتوانم بڵێم گرفتەكە لەوێدایە بەشێك لەدەنگدەران نەیانتوانیوە تۆماری بایۆمەتری بكەن و كارتی دەنگدانیان تازە نەكردووەتەوە، وەكو كۆمسیۆنیش ئاماژەی پێداوە بەشێك لەو كارتانەشی هاتوونەتەوە، هەڵەی تێدایەو نێردراونەتەوە بەو ئامانجەی راست بكرێنەوە، بەدڵنیاییەوە ئەمانە گرفتن و دەكرا كۆمسیۆن وردتر مامەڵەی لەگەڵ ئەم پرسەدا بكردایە، حاڵەتێكی تریش كەگرنگە كاری لەسەر بكرێت بەشێكی زۆری هاووڵاتیان كارتی بایۆمەترییان تەواو بووەو لەبنكەكانی تۆمارەو وەریان نەگرتووەتەوە، بۆیە زۆر گرنگە لەم وادەیەی كەماوە هەموان هاوكاربین لەوەی هاووڵاتیان بچن بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانیان و بێبەش نەبن لەمافی دەنگدان.

هاوڵاتى: هەڵسوڕاوانی گۆڕان بۆچوونیان چیە لەسەر هاوپەیمانێتییەكەتان لەگەڵ یەكێتی؟ ئایا روونكردنەوەی پێویستیان پێدراوە؟

یاسین حەمەعەلی: لەماوەی رابردوودا بەبەردەوامی گرنگی و ئامانجی بەستنی هاوپەیمانێتیەكەمان بۆ سەرجەم ئۆرگانەكانمان روونكردووەتەوە، خۆشبەختانە فیدباك و ئامادەیی تەواو هەیە لەسەرجەم ئاستەكان.

هاوڵاتى: پێتانوایە پێویستە بەرپرسانی گۆڕان و یەكێتی ان و دەنگدەران ئاشت بكەنەوە ئەوانەی كە نیگەرانییەكیان هەیە؟

یاسین حەمەعەلی: بەدڵنیاییەوەو بە بەردەوامی چ لەكۆبوونەوە هاوبەشەكانمان و چ وەكو بزوتنەوەكەشمان جەختمان لەوە كردووەتەوە، هەموو هەوڵێكی خۆمان دەدەین زۆرترین كەس بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگ بەهاوپەیمانی كوردستان بدەن.

هاوڵاتى: كورسییەكانی سێ پارێزگاكەی هەرێم روونە؟ پێتانوایە لەسلێمانی و هەولێرو دهۆك دەتوانن چەند كورسی بەدەستبهێنن؟ ئایا ئەمجارە لەكەركوك كورسی بەدەستدەهێنن؟

یاسین حەمەعەلی: پشتیوان بەخواو هەڵسوڕاوان و هاونیشتمانیانی ئازیز، پێمانوایە سەرجەم كاندیدەكانمان سەردەكەون.

هاوڵاتى: بەشێك لەهاووڵاتیان كارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە؟ چی دەكەن بۆ ئەوەی هۆشداری بدەنە هاووڵاتیان كە كارتەكانیان وەربگرنەوەو بەشداری دەنگدان بكەن؟

یاسین حەمەعەلی: هەڵبژاردن مافێكی سەرەتایی و دیموكراسی زۆر گرنگە، داوامان وایە هاووڵاتیان بە بایەخەوە ئەم مافە بەكاربهێنن و دەستبەرداری نەبن. داواكاریمان ئەوەیە هاونیشتمانیان كارتەكانیان وەربگرنەوەو بەشداری پرۆسەكە بكەن.

هاوڵاتى: گۆڕان لەهەڵبژاردنی پێشووی عێراق پێنج كورسی بەدەستهێنا، پێتانوایە دەتوانن پارێزگاری لەو ژمارە كوردسییەتان بكەن یان زیاتری دەكەن؟ پێشبینیتان بۆ بەدەستهێنانی چەند كورسییە؟

یاسین حەمەعەلی: زۆر گەشبینین هەموو هەوڵێكی خۆمان دەخەینەگەڕ لەپێناو زیادكردنی كورسییەكانمان و بەدڵنیایی ئەنجامی دڵخۆشكەرمان دەبێت.

هاوڵاتى: ئایا كاندیدەكانی گۆڕان جێی متمانەی هاووڵاتیانن؟

یاسین حەمەعەلی: كاندیدەكانی ئێمە كەسانی خاوەن پێگەو ئەزمونن و لەپسپۆڕی جیاوازن، بەدڵنیاییەوە جێگای متمانەی زۆرینەی هاووڵاتیانن.

هاوڵاتى: دەوترێت میكانیزمێكتان لەگەڵ كاندیدەكانتان گرتووەتەبەر كە وەك پێنج ئەندامەكەی ئێستای گۆڕان لەبەغدا لەبزوتنەوەكە دوورنەكەونەوە؟

یاسین حەمەعەلی: متمانەی تەواومان بەكاندیدەكانمان هەیەو پێویست بەهیچ رێوشوێنێك ناكات.

هاوڵاتى: هەموو دەزانین بەشێك لەهەڵسوڕاوانی گۆڕان زویرن لەبزوتنەوەكە، چی كراوە بۆ ئەوەی ئەوانیش لەم هەڵبژاردنەدا رۆڵیان هەبێت بۆ پشتیوانی لەبزوتنەوەكە؟

یاسین حەمەعەلی: بزوتنەوەكەی ئێمە هەمیشە دیدگای جیاوازی تێدابووە، ئێمە لەنیگەرانی هاوڕێكانمان تێدەگەین، بەڵام هەموو لایەك دڵنیادەكەینەوە كە سورین و بەردەوامین لەسەر ئەو ئامانجانەی كە رەوانشاد كاك نەوشیروان بناغەكەی داڕشتووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار