تاڵیبان: وەڵامی هەموو وڵاتانی جیهان دەدەینەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



 

 هاوڵاتى

وتەبێژی تاڵیبان  هۆشداریش دەدات لە دەستوەردانی وڵاتان لە کاروباری ناوخۆی ئەفغانستان.

 بزووتنەوەی تاڵیبان لە کابولی پایتەختدا گردبوونەوەیەکی تایبەتیان کرد. زەبیحوڵڵا موجاهید، وتەبێژی بزووتنەوەکە وتارێکی پێشکەشکرد و ئامادەیی ئەفغانستانی بۆ دروستکردنی پەیوەندی سیاسی و ئابووری لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا خستەڕوو.

موجاهید وتی: "ئێمە پەیامێکمان بۆ جیهان هەیە، کە دەمانەوێت لەسەر بنەمای دیبلۆماسی و پرەنسیپی رێزگرتن لە یەکدی، پەیوەندی سیاسی و ئابوورییمان لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهاندا هەبێت، بەڵام لە بەرامبەردا دەمانەوێت رێز لە بەهاکانمان بگیرێت".

هەر لە وتارەکەیدا موجاهید، هۆشداری دایە وڵاتانی جیهان و وتی: "نابێت رێگە بدرێت وڵاتان دەستوەربدەنە کاروباری وڵاتانی دیکە بەتایبەتی بابەتی سەروەری، هەر کەسێکیش بە پێچەوانەی پرەنسیپەکانمان کار بکات و بیەوێت هەڕەشە لە سەربەخۆیی وڵاتمان بکات، یان لێمان بدات بێگومان  وەڵامی دەدەینەوە".

موجاهید بە ئاماژەدان بە رووداوەکانی رابردووی ئەفغانستان، وتی: "لە 102 ساڵی رابردوودا ئەفغانییەکان سێ جار بۆ جیهانیان سەلماندووە کە ئەوان گەلێکن هەرگیز رازی نابن ببنە کۆیلە. ئێمە داوا لە ئەمریکا و ئەوروپا و جیهان دەکەین لەڕووی سیاسییەوە مامەڵەمان لەگەڵدا بکەن. ئێمە ئەوانە رەتدەکەینەوە کە لەڕێگەی هێزەوە قسەمان لەگەڵدا دەکەن، ئێمە لەبەردەم چەکدا خۆمان نادەین بەدەستەوە و  لە بەرامبەر تەکنەلۆژیای پێشکەوتووشدا سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە".

لەگەڵ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، چەکدارانی تاڵیبان لە ماوەیەکی پێوانەییدا دەستیان بەسەر زۆربەی هەرە زۆری ئەفغانستان بە کابولی پایتەختیشەوە داگرت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار