قوباد تاڵەبانی: كەموكوڕییەكانی حكومەت بە كەرتی تایبەت پڕدەكەینەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" ئێستا بۆمان دەرکەوتوە کە حکومەت هەمو شتێکی بۆ ناکرێت و ئەوە رونە، بەڵام ئەو کەموکوڕییانەی کە حکومەت هەیەتی رەنگە بەکەرتی تایبەت پڕ بکرێتەوە".
ئەمڕۆ شەممە 21ی ئابی 2021، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەكاتی ئامادەبونی لە كۆنفرانسێكدا لە فێستیڤاڵ و پێشانگەی تەكنۆلۆژی تێكفێست رایگەیاند:" سێ گۆشەیەک هەیە کە دەبێت پەیوەندیەکی زۆر باش هەبێت لە نێوانیاندا، ئەوانیش حکومەت، ناوەندەکانی خوێندن و کەرتی تایبەتە، ئەگەر پەیوەندیەکی باش لە نێوانیان هەبێت دەتوانین وڵات بەرەو پێشەوە بەرین، چونکە کاری حکومەت ئەوەیە سیاسەت دابڕێژێت و دۆخێک بڕەخسێنێت کە ئابوریەکی بەهێز و خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری هەبێت، ئێستا بۆمان دەرکەوتوە کە حکومەت هەمو شتێکی بۆ ناکرێت و ئەوە رونە، هەموان رەخن و گلەییمان هەیە لە حکومەت بە خۆشمەوە کە خۆم حکومەتم، بەڵام ئەو کەموکوڕییانەی کە حکومەت هەیەتی رەنگە بەکەرتی تایبەت پڕ بکرێتەوە".
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، "لە دەستپێکی کابینەی نۆیەمەوە ئێمە نزیکەی 860 مۆڵەتی وەبەرهێنانمان داوە بە کۆمپانیا کە بەپێی هەڵسەنگاندنی کۆمپانیاکان کە بەنیازن جێبەجێی بکەن 48 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت، ئەو فشارەی کە ئەمڕۆ لەسەر حکومەتە کەمدەکاتەوە، تەنانەت کاتێک دەچنە کەرتی تایبەت زۆر شتی زیاتر فێر دەبن لەوەی کە بێنە ناو حکومەت، بۆیە توانا و بەرهەمی خۆیان زیاد دەکات، کە ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت لە توانای ئابوری و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری کوردستان".
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان کارمەندێکی یەکجاری زۆری هەیە و ملیۆنێک و 250 هەزار کەس موچە لە حکومەت وەردەگرن، 750 هەزار فەرمانبەر هەیە بە مەدەنی و سەربازی، بۆیە توانای حکومەت بۆ وەرگرتنی دەیان هەزاری تر کەمە، بەڵام بازاڕی کار لە کەرتی تایبەت ئەو توانایە زۆر زیاترە.
