وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا: کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەخانەی کابوول قورسە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند:" لە ئاڵۆزییەکانی نێو فڕۆکەخانەی کابوول حەوت کەس کوژراون و کۆنترۆڵکردنی بارودۆخی نێو فڕۆکەخانەی کابوول "قورسە".
ئەمڕۆ یەکشەممە 22-08-2021 وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بە گرژییەکانی نێو فڕۆکەخانەی کابوول دا و رایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئارامکردنەوەی دۆخی نێو فڕۆکەخانەکە.
رۆژی شەممە 22-08-2021 بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا داوایان لە خەڵکی وڵاتەکەیان لە ئەفغانستان کرد کە نەچنە فڕۆکەخانەی کابوول و دەڵێن، زانیاریی هەواڵگرییان بەدەستگەیشتووە کە ئەگەری "هێرشی تیرۆریستی لە لایەن داعشەوە" لە دەرەوەی فرۆکەخانەکە هەیە".
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری داوە سەرجەم ئەمریکییەکان و ئەو ئەفغانیانەش بگوازێتەوە کە هاوکاریی هێزەکانی ئەمریکایان کردووە. پێنتاگۆنیش دەڵێت، لە ماوەی 24 کاژێردا زیاتر لە 3000 کەسیان لە ئەفغانستان گواستووەتەوە.
