مەلا بەختیار: دەسەڵات شۆڕشگێری لەناو یەكێتیدا بەتەواوی خەفە كردووە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
مەلا بەختیار:" حزبەكانمان لەپەنجا بۆ شەست ساڵی رابردوو، بەرامبەر بەگۆرانكارییە پێویستییەكان كە زەمینەی كۆمەڵایەتی، زەمینەی هزر بۆ دیموكراسی خۆشبكات، زۆر لاواز بووە. بەداخیشەوە كە دەبوایە لەم بارەوە یەكێتی شۆڕشگێڕتر بوایە ، بەتایبەت كە سۆسیال دیموكراتەو رەگەزە چەپیەکەشی لەكۆمەڵەوە دەستپێدەكات. بەڵام ئەو شۆڕشگێڕێتییە لەیەكێتیشدا دەسەڵات خەفەی كرد، وەكو هەموو شۆڕشگێڕەكانی دونیا كە دێنە سەر دەسەڵات خەفە دەبن.
مەلا بەختیار، یٔەندامی یٔەنجومەنی باڵای سیاسیو بەرژوەندییەكانی یەكێتی، كفتوگۆیەكی لەگەڵ ژمارەیەك لە مامۆستا جیاوازەكانی زانکۆکانی کوردستان یٔەنجامدا، كە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 22ى ئابى 2021، سەردانیان كردبوو.
مەلا بەختیار، رونیشیكردەوە، رەنگە بۆ ئەوروپا، بزوتنەوەی رووناكبیری خەسڵەتی خۆی هەبێ و رووناكبیر بەرەهایی سەربەخۆبێ یٔاساییە، چونكە لەوێ لەخەم رەخساون و قۆناغەكانیان هەموو بڕیوە. بەڵام ئێمە میللەتێكی ژێر دەستەین، لەچوار نەتەوەی گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەدوای تورك و عەرەب و فارس كە دەوڵەتیان هەیە، كورد چوارەم نەتەوەین كە بێ دەوڵەتینو تەنها ئەم باشورەمان هەیە، كە ئەویش بەدۆخێكی سەختدا تێدەپەڕێت.
راشیگەیاند، ناتوانرێ روناكبیری كورد لەخەونی ستراتیجی نەتەوەكە، لەرزگاری نەتەوەكەی، لەدیموکراسی نەتەوەكەی، لەكێشە كۆمەڵایەتیەكان، لەمۆدێرنەتە و لەئازادیو هەموو ئەو ئامانجانەی كە لەدنیای دیموكراسیدا هاتۆتەدی، داببڕیت!
وتیشی، كوا فەیلەسوفەكانی دونیا، لەخەونی دیموكراسی دابڕابوون؟ كوا بیرمەندەكانی دنیا لەرێنیسانس و رۆشنگەری، لەسەردەمی ئایینسازی، تەنانەت لەسەردەمی شۆڕشی پیشەسازی، لەششۆڕشی دیموكراسی، كام فەیلەسوف و بیرمەند بەجیهانبینی جیاوازیشیانەوە، دابڕاون لەخەمی گەورەی سیاسەت، سیستەم، ستراتیج، ئەگەرچی ئینتیماشیان نەبوبێ!
مەلا بەختیار، تەئكیدیكردەوە: كە دەڵێم رووناكبیر نابێ لەسیاسەت داببڕێت، مەبەستم ئەوە نییە بەزۆری زۆرداری ئینتیمای پێبكەیت، بەڵام ناكرێ بەكۆپیكردنی فەلسەفەكانی ئۆرۆپا، لەخەمی نەتەوەی داببڕیت، با ئینتیمای سیاسیشی نەبێ، با حزبایەتیش نەكا.
وتیشی: باوەڕموایە تەڵاقدانی رووناكبیر لەسیاسەت، نەك بەهەڵە بەڵكو بەكارەساتیشی دەبینم و زیانێكی ئێجگار گەورە دەكەین، چونكە یەكەم روناكبیرەكە لەنەتەوەكەی دادەبڕێت و سیاسییەكەش وشك و برینگ دەبێو نازانێ دنیای رووناكبیری، کاریگەریەکانی چییە!
لەبەشێكی تری گفتوگۆ كراوەكەیدا، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ كۆی تابلۆی رووداوە ئاشكراو نهێنییەكانی ئەفغانستان كردو كاریگەرییەكانی ئەو دۆخەشی لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هاوكات وەكو كوردیش رونكردەوەو وتی: بەداخەوە لەساڵی (1958)ەوە، هەتا دەگاتە دوای راپەڕین، ئەم حزبانەی کوردستان روانگەیەكی شەرمنانەیان هەبووە بەرامبەر ئەو كەلتور و دابو نەریتە كە داسەپاوە لەوڵاتی بەبێ فلتەر، بەبێ هەڵسەنگاندنو رەخنەلێگرتن. سیكولارن، سیكلاریستێكی شەرمنن! دیموكراتن، دیموكراتخوازێكی شەرمنن! مەدەنین، مەدەنیخوازێكی شەرمنن! سەربەستی، باوەڕیان پێیەتی، بەڵام لەزۆر خاڵدا رێگە لەسەربەستی دەگرن. باوەڕیان بەمۆدێرنەتە هەیە، بەڵام تەنها لایەنەكانی تەكنیكو تەكنەلۆجیا دەگرنو، لایەنەكانی تری كرانەوەی ئەقڵ، لایەنەكانی فەلسەفە لەمۆدێرنەتە، پێوەرەكانی بیركردنەوە، لەناو حزبەكانی ئێمە، لە بنچینەکانی مۆدێرنەتە دابڕاوە. كۆی ئەم هەڵانە لەساڵانی چل و پەنجاكانەوە، تا دەگاتە دوای راپەڕینی خۆمان، كۆی ئەم هەڵە فەلسەفەی و ئایدلۆجیانە كە گیراونەتەبەر، سەرەنجام لەهەناوی كۆمەڵی ئێمەدا، ئەندێشەی فێندەمێنتالیستی لە مەڵاسدا ماوە.
مەلا بەختیار، جەختیشیكردەوە: بەداخەوە، حزبەكانمان لەپەنجا بۆ شەست ساڵی رابردوو، بەرامبەر بەگۆرانكارییە پێویستییەكان كە زەمینەی كۆمەڵایەتی، زەمینەی هزر بۆ دیموكراسی خۆشبكات، زۆر لاواز بووە. بەداخیشەوە كە دەبوایە لەم بارەوە یەكێتی شۆڕشگێڕتر بوایە ، بەتایبەت كە سۆسیال دیموكراتەو رەگەزە چەپیەکەشی لەكۆمەڵەوە دەستپێدەكات. بەڵام ئەو شۆڕشگێڕێتییە لەیەكێتیشدا دەسەڵات خەفەی كرد، وەكو هەموو شۆڕشگێڕەكانی دونیا كە دێنە سەر دەسەڵات خەفە دەبن.
مەلا بەختیار، لەبارەی ئەوەی كوردستان و دەوروبەرمان بەرەو كوێ دەڕوات، نیگەرانی و ترسی خۆی لەكوردستان نەشاردەوەو وتی: خۆشبین نیم بەرووداوەكان، خۆشبیننیم بەئاییندەوەو باوەڕموایە ئەم یارییەی ئەمریكا لەئەفغانستان كردی و ئەو گفتوگۆیەی لەگەڵ ئێران لەكۆنگرەی ڤییەننا هەیە، ئەو روداو باسانەی لەپشتی پەردەكانی سیناریۆی سیاسەت دەگوزەرێت، دیسانەوە، سیاسەتی نێودەوڵەتی لەدنیادا، لەگەڵ سیاسەتی هەرێمایەتی، دیسانەوە لەچۆنێتی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوە زلهێزەكان و هەرێمایەتییەكان، چڕ دەبێتەوە.
تەئكیدیشیكردەوە: هیچ كام لەسیناریۆكانی رابردوو، بۆ گۆڕینی سیاسەتە خراپەكانی ناوچەكە، كە دژایەتی دیموكراسی بوو، نەگۆڕاو وەكو خۆیان مانەوە! دەبینین كە عیراق، سوریا، یەمەن، لیبیا، لوبنان شێواوەو میسریش هێشتا سەقامگیرنییەو لەولاشەوە بزوتنەوەی جیهادی تاڵیبان دێنەوە سەرحوكم! هەربۆیە لەناو دۆخێكی ئاوهاشدا دەوڵەتە گەورەكان بیر لەوە دەكەنەوە، سیاسەتی رابردوویان بپێچنەوەو سیاسەتی تازە بگرنەبەر.
دهشڵێت، سیاسەتە تازەكەش، رێككەوتنەوەیە لەگەڵ هەمان ئەم حكومەتانەی ئێستا، نەك گۆڕینیان! ئەمەش لەپێناو پاراستنی ئاسایشو بەرژەوەندییەكانی خۆیان دەبێ. دیارە حکومەتەکانیش، بۆ ڕێکەوتنی ئاوای زلهێزەکان، مەرجی خۆیان دەبێ.. کە تەواوی مەرجەکانیان لە بەرژەوەندی نەتەوەی کورد و ئازادیخوازان نابێ.
