وەزیری کارەبا: پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت لە قازانجی هەموانە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزیرى کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند:" لە رۆژى ٤ى ئایارى ئەمساڵەوە پڕۆژەی پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت دراوە بە ئەنجومەنی وەزیران و لە ئەنجومەنی وەزیران تیمێکی ڕاوێژکاریی کاری لەسەر دەکات و ئێستا ئەوان زیاتر پێوەی گرێ دراون"
لە لێدوانێکدا کە ئەمڕۆ یەک شەممە 22ی ئابی 2021 کەمال محەمەد، وەزیرى کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ میدیای فەرمیی پارتی داویەتی وتی:"بڕیار دراوە کە بدرێتە کەرتی تایبەت، ئەمەش لەبەر ئەوەی بابەتێکی ھەستیارە و ساڵێک و دوو مانگە ئەو پڕۆژەیە کاری لەسەر دەکرێت".
ئاماژەی بە ئەوەشکرد:"سودەکانی پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت ئەوەیە کە ئەو کارەبایەی ون دەبێت دەگەڕێتەوە و بۆ ھاوڵاتییان دەبێت، ئەمەش کاتژمێرى کارەبا زیاد دەکات و کاتژمێرەکانى موەلیدەش کەم دەبێتەوە و چەندین کارمەندی ئێمە کە %70ی لەگەڵ ئەوان کار دەکەن موچەکەیان کەرتی تایبەت دەیدات"
کەمال محەمەد، وتیشى، پڕۆژەکە لە قازانجی ھەموانە و گرنگ ئەوەیە لە خزمەت ھاوڵاتییاندایە.
لەبارەى پێوەرى زیرەکى کارەباش، کەمال محەمەد ڕونیکردەوە کە:"سەرکەوتنی پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت لە پێوەری زیرەکدایە، چونکە لە شوێنێکی وامان داناوە ئاسان نەبێت زیادەڕۆیی لەسەر بکرێت"
وتیشى:"تا پێنج شەممەی ڕابردوو ٨٢٧ ھەزار پێوەر گرێدراوە و خۆی یەک ملیۆن و٥٠٠ ھەزارە و ڕەنگە تا مانگی دوو تەواو بێت"
