لەفڕۆکەخانەی کابول شەڕوپێکدادان رویدا

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

ئەمڕۆ لە دەروازەی فڕۆکەخانەی کابوول شەڕوپێکدادان لەنێوان هێزە ئەفغانییەکان و ژمارەیەک چەکداری نەناسراو رویدا و لە ئەنجامدا ژمارەیەک کەس بوونە قوربانی.

ئەمڕۆ دوشەممە  23ى ئابى 2021، سوپای ئەڵمانیا هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند:" لە دەروازەی باکووری فڕۆکەخانەی کابوول، شەڕوپێکدادان لەنێوان ژمارەیەک لە پاسەوانانی ئەفغانی و چەند هێرشبەرێكی نەناسراو روویدا و بەهۆیەوە پاسەوانێک کوژرا و سیانی دیکەش برینداربوون.

سوپای ئەڵمانیا راشیگەیاند، هێزەکانی ئەڵمانیا و ئەمریکا کە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی فڕۆکەخانەکەیان گرتووەتە ئەستۆ، تێکەڵ بە شەڕوپێکدادانەکان بوون.

پێکدادانەکان لەدوای یەک رۆژ دێن لە هۆشدارییەکانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە ئەگەری هەوڵی داعش بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لە کابوول. 

پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریدایە ئەمریکییەکانی نێو کابوول و داوای لێکردن لە دەوروبەری فڕۆکەخانەکە دووربکەونەوە، ئەوەش بەهۆی ئەگەری هێرشکردنە سەر ناوچەکە لەلایەن داعشەوە. 

ئەفغانییەکانی بەردەم دەروازەی فڕۆکەخانەی کابوول لەنێوان ژیان و مردندان و تێدەکۆشن بۆ گەیشتن بە ئەودیوی دیواری فڕۆکەخانەکە؛ بەڵام ئەوە کارێكی ئاسان نییە و هەندێک جاریش ژیانی لەسەر دادەنرێت.

دوێنێ وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، لە ئاڵۆزییەکانی نێو فڕۆکەخانەی کابوول حەوت هاووڵاتیی ئەفغانستانی کوژراون و کۆنترۆڵکردنی بارودۆخی نێو فڕۆکەخانەکە "قورسە".

فڕۆکەخانەی کابوول بۆ بەرەیەکی شەڕ گۆڕدراوە لە وڵاتێک کە لەسەر بەرمیلێکی پڕ لە بارووتدایە. ئەمریکا کە بڕیاربوو تاوەکو 31ی ئەم مانگە هێزەکانی لە ئەفغانستان بکشێتەوە، ئێستا هێزی زیاتر بۆ ئەو وڵاتە دەنێرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار