نرخی بیتکۆین 50 ھەزار دۆلاری تێپەڕاند

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئەمڕۆ دوشەممە نرخی دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆین گەیشتە زیاتر لە 50 هەزار دۆلار، ئەوەش بەرزترین ئاستی دراوەکەیە لەماوەی سێ مانگی رابردودا.
ئەمڕۆ دوشەممە نرخی دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆین بەڕێژەی 2% بەرزبوەوە و نرخی یەک بیتکۆین گەیشتە 50,249.15 (پەنجا هەزار و دو سەد و چل و نۆ دۆلار و پازدە سەنت)، ئەوەش بەرزترین ئاستی دراوەکەیە لەو کاتەی ئیلۆن مەسکی سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای (تێسلا و سپەیس ئێکس) بڕیاریدا کارکردن بەو دراوە رابگرێت.
شارەزایانی دراوی ئەلیکترۆنی بیتکۆین پێشبینی دەکەن بەهای دراوەکە لەماوەی داهاتودا لەنێوان 40 بۆ 50 هەزار دۆلار بەجێگیری بمێنێتەوە و لەم کاتەدا بەهاکەی ناگەڕێتەوە بۆ بەرزترین ئاستی دراوەکە کە لەمانگی نیساندا تۆماریکرد، بەجۆرێک ئەوکات نرخی یەک بیتکۆین بە زیاتر لە 60 هەزار دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
ساتوشی ناکامۆتۆ لە ساڵی 2008 یەکەم دراوی دیجیتاڵی دروستکرد بە ناوی بیتکۆین، بەڵام کەس تاوەکو ئێستا نازانێت ساتوشی کێیە، تەنانەت دیار نییە کە یەک کەسە یان ناوی گروپێکە. لە سەرەتای دروستکردنی دراوەکە، 10،000 (دە هەزار) بیتکۆین بە هەشت دۆلار بو.
وەبەرهێنەران پێیانوایە بیتکۆین دواجار دەتوانێت شوێنی خۆی وەک سەرەکیترین دراوی دیجیتاڵی جیهان بکاتەوە.
