قایمقامی سلێمانی: رێگە نادەین بەهیچ جۆرێک ئارد ببرێتە دەرەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى 

قایمقامی سلێمانی رایگەیاند:" بڕیاردراوە نرخی نان وەکو خۆی بمێنێتەوە و هەشت نان بە هەزار دینار دەبێت".  دەشڵێت" رێگە نادەن بە هیچ جۆرێک ئارد ببرێتە دەرەوە و لە هاتنەناوەوەشدا هەوڵدەدەن رسوماتی لەسەر نەبێت".

رۆژی دووشەممە 23-08-2021 نوێنەری نانەواخانەکان و سەندیکای کرێکاران لەگەڵ قایمقامی سلێمانی کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی کێشەی نانەواخانەکان کرد کە خۆی لە گرانبوونی نرخی ئارد و سووتەمەنی دەبینێتەوە. 

ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکە رایگەیاند کە بڕیاردراوە نرخی نان وەکو خۆی بمێنێتەوە و هەشت نان بە هەزار دینار دەبێت.

قایمقامیەتی سلێمانی راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، چالاک رەئووف، سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان بە نوێنەرایەتی تەواوی خاوەن نانەواخانە و سەمونخانەکان کێشەکانی باس کردووە کە "خۆی لە گرانبوونی نرخی ئارد و سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا و زۆری باجی تازەکردنەوەی مۆڵەتدا دەبینێتەوە و فشاری زۆری لەسەر دروستکرد، لەهەمان کاتدا لە خەمی ژیانی هاووڵاتیانیشداین، بەڵام ئێستا فشاری زۆرمان لەسەرەو لە زەرەرداین."

ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە کە لە کێشەکانی ئەوان تێدەگات و دەشڵێت "دەزانین بەشێکی گرنگی کۆمەڵگە و شارەکەمانن و زەرەرمەندی یەکەم ئێوەن، لە چەند لایەکەوە هەوڵێکی زۆرمان بۆ چارەسەری کێشەکان داوە، ئومێد دەکەین لە ئایندەدا ئەنجامەکەی ببینین."

قایمقامی سلێمانی ئەوەی گوتووە کە "رێگە نادەن بە هیچ جۆرێک ئارد ببرێتە دەرەوە و لە هاتنەناوەوەشدا هەوڵدەدەن رسوماتی لەسەر نەبێت."

ئاوات محەممەد لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە خاوەن نانەواکانی گوتووە "دەزانم هەمووتان لە زەرەردان، بەڵام با هەوڵ بدەین بە هەموومان رێگە بگرین لە گرانبوونی نرخی نان، چونکە دواجار شارەکەمان و کۆمەڵگەکەمان زیان دەکات."

بەپێی راگەیێندراوەکەی قایمقامی سلێمانی، لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتن کە لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیاندا نرخی نان وەکو خۆی بمێنێتەوە و "ژمارەی نان دەستکاری نەکرێت و 8 نان بە هەزار دینار دەبێت" و خاوەنی نانەواخانەکانیش "رەزامەند بوون." 

ئەم هەفتەیە گرانبوونی ئارد و غاز لە هەرێمی کوردستان بەشێک لە نانەواخانەکانی ناچارکرد نرخی نان بەرزبکەنەوە، ئەوەش ناڕەزایەتیی بەشێک لە هاونیشتمانیانی بەدوای خۆیدا هێنا. 

لە سلێمانی 650 نانەواخانە و 460 سەموونخانە هەن، رۆژانە بە نزیکەیی 5000 هەزار فەردە ئارد بۆ دروستکردنی نان و سەموون بەکاردەهێنن، نرخی یەک فەردە ئارد لە 27 هەزار دینارەوە بۆ 42 هەزار دینار بەرزبووەتەوە، هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنیش هێندەی دیکە کاری نانەواکانی قورس کردووە.

سلێمانی مانگانە پێویستی بە 23 هەزار تۆن گەنم هەیە بۆ بەرهەمهێنانی ئارد، بەشێکی زۆری ئارد لە ئێران، تورکیا و رووسیاوە هاوردە دەکرێن، لە دەروازە سنوورییەکان بۆ یەک تۆن ئارد 90 دۆلار گومرک وەردەگیرێت.

کاریگەریی وشکەساڵی و دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار دوو هۆکاری سەرەکین بۆ گرانبوونی نان، هەرێمی کوردستان ساڵانە بۆ پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆ ملیۆنێک و 670 هەزار تۆن ئاردی دەوێت و لەو بڕەش نزیکەی یەک ملیۆن تۆنی هاوردە دەکرێت. 700 هەزار تۆن گەنمی ناوخۆش لە ئاشەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێنە ئارد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار