قوباد تاڵەبانی: قۆناغی داهاتووی بایۆمەتری سەرلەنوێ دابەشكردنەوەی فەرمانبەرە بەسەر فەرمانگەكاندا

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:" قۆناغی داهاتووی بایۆمەتری سەرلەنوێ دابەشكردنەوەی فەرمانبەرە بەسەر فەرمانگەكاندا".

ئەمڕۆ 23-8-2021، لەهەولێر، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ مێلانی سمارت كونسوڵی گشتی بەریتانیا بەوەكالەت و شاندێكی هاوڕێی كۆبووەوەو لەبارەی بارودۆخی ئابووری و وەبەرهێنان و چاكسازییەكان گفتوگۆیان كرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی رۆژنامەوانیی جێگری سەرۆك وەزیران، لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی پلان و بەرنامەكانی چاكسازی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ شاندە بەریتانییەكە روونكردەوە، لەوانەش پرۆژەی بایۆمەتری و نەهێشتنی گەندەڵی و باسی لەوەشكرد قۆناغی داهاتووی بایۆمەتری سەرلەنوێ دابەشكردنەوەی فەرمانبەرە بەسەر فەرمانگەكاندا.

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، داوای لە شاندە بەریتانییەكە كرد هانی كۆمپانیاكانی شانشینی یەكگرتوو بدەن وەبەرهێنانی زیاتر لە كوردستاندا بكەن، بەتایبەت كە ئێستا حكومەت سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بەو یاساو رێكارانەی رێگرو لەمپەرن لەبەردەم وەبەرهێناندا. هەروەها باسی لەوەكرد لە هەرێمی كوردستان هەندێك دەرفەتی وەبەرهێنان هەن تا ئێستا كاریان تێدا نەكراوە، لەوانەش وزەی خۆر و دروستكردنی بەنداوی جۆراوجۆر و چۆنییەتی بەرێوەبردنی سامانی ئاو. 

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، تیشك خرایە سەر سیستمی بانك لە هەرێمی كوردستان و كەموكوڕییەكانی خرانەبەرباس، لەوانەش نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان لقی بانكەكان، چاكسازیكردن لەم كەرتەش بە ئەركێكی هەنوكەیی لەقەڵەمدرا و شاندە بەریتانییەكە وەبەرهێنانیان لەم بوارە بەگرنگ دایە قەڵەم.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار