خەڵكی شەنگال زیاتر بەرگەی بۆردومانەكانی توركیا ناگرێت‌و هەڵوێستی نوێمان دەبێت

حەسو ئیبراهیم، جێگری ئەنجومەنی خۆسەری دیموكرات لەشەنگال بۆ هاوڵاتى:

3 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: عەمار عەزیز

جێگری ئەنجومەنی خۆسەری دیموكرات لەشەنگال دەڵێت:» بەهۆی بۆردومانەكانی چەند رۆژی رابردووی توركیاوە هەشت كەس شەهید بوون، دەشڵێت:»جارێك ئۆتۆمبێلێكی سەكردەیەكی یەبەشەیان كردە ئامانج، جاری دووەمیش نەخۆشخانەی سكێنیە».

حەسو ئیبراهیم، جێگری ئەنجومەنی خۆسەری دیموكرات لەشەنگال لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى ئەوەش دەخاتەڕوو كە بۆردومانكردنی ئەم دواییەی توركیا بۆ سەر شەنگال بەپلانی حكومەتی عێراق و توركیا دەبینێت و وتی:» ئەگەر ئەمە پلان نەبێت چۆن دەكرێت لەڕۆژی هاتنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ پارێزگایەكی وەك موسڵ لەو رۆژە قەزاكە بۆردوومان بكرێت».

هاوڵاتى: لەبارەی بۆردومانەكەی 16 و 17ی ئاب كەتوركیا بۆ سەر شەنگال ئەنجامیدا چ قسەیەكتان هەیە؟

حەسو ئیبراهیم: بەفەرمی ئێمە بانگهێشتكرابووین بۆ ئامادەبوون لەكۆبوونەوەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵام بەداخەوە لەو رۆژە فرۆكەی توركیا بۆردوومانی ئۆتۆمبێلی سەركردەیەكی یەبەشەی كرد، بەداخەوە سەعید حەسەن سەركردەی یەبەشە لەگەڵ برازایەكی ئەو شەهیدبوون، ئێمە بەهۆی ئەو رووداوە بایكۆتی كۆبوونەوەی سەرۆك وەزیرانمان كرد، رۆژی 17ی ئاب گورزێكی تری كوشندەو ناخۆشی لەخەڵكی ئێمەدا ئەویش بۆردومانكردنی نەخۆشخانەی سكێنیە، كە بەداخەوە هەشت كەس شەهیدبوون، لەم ژمارەیە پێنج كەس خەڵكی شەنگال و ئێزیدی بوون ، دوو كەسیش عەرەب بوون، ئەوەی دیكە پزیشكێكی باكوری كوردستان بوو، بوونە قوربانی.

  هەرچەندە بەشەهیدكردنی فەرماندە سەعید حەسەن زۆر دڵگران بووین، بەڵام ئەمە بەواتای ئەوە نایەت كە هیچ كەسێكمان شوێنەكەی پڕبكرێتەوە، بەپێچەوانەوە دەیان كەس هەن لەشوێنی ئەو خزمەتی خاكی شەنگال و ئێزدییەكان بكەن، بەزووترین كات ئەنجومەنی خۆسەری دیموكرات كەسێكی نوێ لەشوێنەكەی دەستنیشان دەكات.

هاوڵاتى: ئێزیدییەكان لەبارەی هێرشەكانی توركیاوە چ هەڵوێستێكیان هەبووە بەگشتی؟

حەسو ئیبراهیم: خەڵكی ئێزیدی زۆر تووڕەو نیگەرانن لەهێرشەكانی توركیا بۆ سەر شەنگال، ئێمە بەزۆر خەڵكمان راگرتووەو داوامان لێكردووە كەمێك هێور ببنەوە، ئەگەر لەبەر ئێمە نەبێت هەڵویستی زۆر توندیان دەبێت و هێرش دەكەنەسەر دامودەزگاكانی حكومی لەشەنگال، ئەگەر دۆخەكە هەروا بەردەوام بێت خەڵك زیاتر بەرگە ناگرێت، ئێمە موڵەتمان داوەتە حكومەتی عێراق ئەگەر هەر هیچ هەڵوێستیان نەبوو و بەفەرمی داوایان لەتوركیا نەكرد هێرشەكان بۆ سەر شەنگال رابگرن، ئەوا ئەوكات هەڵوێستی نوێمان دەبێت.

هاوڵاتى: پێتانوایە كشانەوەی ئەم دواییەی بەشێك لەهێزەكانی حەشدی شەعبی رێگای بۆ توركیا كردەوە بۆ بۆردومانكردنی شەنگال؟

حەسو ئیبراهیم: كشانەوی بەشێك لەهێزەكانی حەشدی شەعبی لەشەنگال هیچ كاریگەری نەكردووەو بۆشایی ئەمنی دروست نەبووە، بەڵام وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت توركیا واز لەشەنگال ناهێنێت و دەیەوێت ئەمنیەتی ناوچەكە تێكبدات، بەدڵنیایەوە ئەگەر ئێمەش لەشەنگال نەبین، ئەوا توركیا هەر بۆردومانی شەنگال دەكات چونكە ئەوان نیازیان وایە سنورەكانی دەوڵەتی عوسمانی بگەڕێننەوە و جارێكی تر بیخەنەسەر توركیا، ئەمەش خەونە بۆ ئەردۆغان و قەد ناتوانیت ئەمە دووبارە بكاتەوە، چونكە ئێمە گوڕەپانەكە چۆڵناكەین.

هاوڵاتى: پێتانوایە دەبێت حكومەتی عێراق سەروەری خاكەكەی بپارێزێت؟

حەسو ئیبراهیم: دەبێت عێراق دان بەوەدا بنێت كە ناتوانیت سەروەری وڵاتەكەی خۆی بپارێزیت، لەچ شوێنێكی دونیا هەیە نەخۆشخانەیەك بۆردوومان بكرێت، نەخۆشخانەی سكێنیە كە دەكەوێتە باشوری شەنگال راستە سەر بەئەنجومەنی خۆسەری دیموكراتە، بەڵام خەڵكی سڤیل و ناوچەكە سەردانی نەخۆشخانەكەیان دەكردو چارەسەری پێویستیان وەردەگرت، ئەمە ئیهانەو شەرمەزارییەكی زۆر گەورەیە بۆ عێراق.

هاوڵاتى: بێجگە لەبەغدا داواتان لەوڵاتانی دیكە كردووە هەڵوێستیان هەبێت لەبارەی بۆردومانەكانی توركیا بەتایبەت كە ئێزیدییەكان قوربانی گەورەی دەستی داعش بوون؟

حەسو ئیبراهیم: داوا لەبەرپرسانی یوئێن و وڵاتانی دەرەوە دەكەین هەڵویستی توندیان هەبێت لەبەرامبەر هێرشەكانی توركیا بۆ سەر شەنگال و لەڕێگای پەرلەمانەكانی خۆیان و دامودەزگاكانی حكومی سنورێك بۆ توركیا دابنێن، چونكە ناكرێت توركیا بەئارەزوی خۆی هەركاتێك ویستی شەنگال بۆردومان بكات و هیچ وڵات و لایەنێك قسە نەكات .»

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار