ئەمریكا تاكۆتایی ئەم مانگە هەموو ئەو ئەفغانییانە دەگوازێتەوە کە نایانەوێت لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا بمێننەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئەمریکا دەیەوێت تا 31ی ئاب زۆرترین کەس لەو ئەفغانییانەی کە نایانەوێت لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا بمێننەوە، لەگەڵ هاوڵاتیەکانی خۆی بگوازێتەوە دەرەوەی ئەفغانستان.
بە گوێرەی رێککەوتنی نێوان تاڵیبان و ئەمریکا، پێویستە دوای 31ی ئاب، کە کۆتایی ئەم مانگەیە، هیچ هێزێکی بیانی لە ئەفغانستان نەمێنن.
وێڕای داواکاریی بەریتانیا و فەرەنسا بۆ درێژکردنەوەی وادەی کۆتایی کشانەوەی هێزە بیانییەکان، بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، بایدن سوورە لەسەر ئەوەی کە دەبێت تا 31ـی ئاب، کشانەوەی هێزەکان و گواستنەوەی خەڵکیش کۆتاییبێت.
بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە دیدێکی دیکەوە باس لە مەسەلەکە دەکات، ئەو بەبیری جیهانی دەهێنێتەوە کە وڵاتانی گرووپی حەوت، کە ئەمریکاش یەکێکە لە ئەندامەکانی، لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە دەبێت تاڵیبان دوای ئەو وادەیەش، رێگە بە خەڵک بدات بە سەلامەتی ئەفغانستان جێبهێڵن.
ئەو لایەنەی بەشێکی رازیبوون یان رێگەنەدان بە درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی لەلایەن، بزووتنەوەی تاڵیبانە، وتەبێژی بزووتنەوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە ئەوان رازی نین هێزە بیانییەکان لە دوای کۆتایی ئەم مانگە لە وڵاتەکەیاندا بمێننەوە.
هەروەها داوا لە ئەمریکاش دەکات خەڵکی ئەفغانستان لەسەر بە جێهێشتنی وڵات هان نەدات و گواستنەوەی پسپۆڕە ئەفغانیەکان بۆ دەرەوەی وڵات رابگرێت.
زەبیحوڵڵا مجاهید، وتەبێژی تاڵیبان دەڵێت: "ئێمە دووبارە پەیام بە ئەمریکا دەدەین کە هەموو هاوڵاتییەکانی تا وادەی دیاریکراو بکشێنێتەوە. ئەوان پێداویستی و فڕۆکەی پێویستیان هەیە، هەروەها فڕۆکەخانەکەش لە دەستی ئەواندایە، بۆیە پێویستە هەموو هێز و بەڵێندەرە پەیوەندیدارەکانی تا ئەوکاتە بکشێنێتەوە. ئێمە رێگەنادەین ئەفغانییەکان بگوازرێنەوە و پێشمان خۆش نییە ئەو کارە بکرێت".
بەرپرسانی پێنتاگۆن جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دەیانەوێت لە وادەی دیاریکراودا کۆتایی بە هەموو کارەکانیان بێنن.
بە گوێرەی داتاکانی پێنتاگۆن، لە سەرەتای تەممووزەوە، 63 هەزار هاووڵاتیی ئەفغانی و بیانی گوێزراونەتەوە دەرەوەی ئەفغانستان، لە نێویشیاندا، 58 هەزار و 700 کەسیان لە دوای 14ی ئابەوە گوێزراونەتەوە.
