قوباد تاڵەبانی: دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە بە یەک ئاراستەی نیشتمانی کار بکات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان  رایگەیاند: "دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە بە یەک ئاراستەی نیشتمانی کار بکات".

بەپێی راگەیێندراوی حکومەت، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند "دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە بە یەک ئاراستەی نیشتمانی کار بکات و هەنگاوەکانی چاکسازیش جێبەجێ بکرێن لەپێناو رێکخستنەوەی باشتری هێزەکان".

کۆبوونەوەکە رۆژی چوارشەممە 25-08-2021 لە هەولێر بە ئامادەبوونی وەزیری کاروباری پێشمەرگە، لەلایەن جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەرپەرشتی کرا و تایبەت بوو بە چاکسازییەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە.

وەزیری پێشمەرگە لە کۆبوونەوەکەدا باسی لە هەنگاوەکانی چاکسازی کردووە کە گەیشتوونەتە چ ئاستێک و پێویستییەکانی قۆناخی داهاتوو بۆ جێبەجێکردنی هەموو ئەو هێڵانەی کە دیاریکراون بۆ چاکسازی لە وەزارەت و هێزەکانی پێشمەرگە چین.

قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە کردووەتەوە، دەبێت بەردەوامی بدرێت بە چاکسازییەکان لەسەر بنەمای ئەو پلان و هەنگاوانەی کە بە ‌هاوبە‌شی لە‌گە‌ڵ هێزی هاوپەیمانان دیارییان کردووە و وتیشی "دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە بە یەک ئاراستەی نیشتمانی کار بکات و هەنگاوەکانی چاکسازیش جێبەجێ بکرێن لەپێناو رێکخستنەوەی باشتری هێزەکان".

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەی راگەیاند "راستە هەنگاوەکانی چاکسازی ئاسان نین، بەڵام دەبێت بکرێن و ببینە خاوەن هێزێکی رێکخراوتر و ئێمەش لە‌ سە‌رۆكایە‌تیی ئە‌نجوومە‌نی وە‌زیران هاوکارتانین لەپێناو سەرخستنی پلانەکانتان".

بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا چۆنێتیی چارە‌سە‌ركردنی گرفت و لەمپەرەکان خراوەتەڕوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار