مەسعود بارزانی و مالیکی لە سەلاحەدین هەڵبژاردنی عێراق تاوتوێدەكەن

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
مەسعود بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازیی لە نووری مالیکی کرد و هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە "پێویستە هەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت".
بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی چوارشەممە 25ـی ئابی 2021 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی پێشوازیی لە نووری مالیكی، سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و شاندێكی یاوەری كرد.
وەکو لە راگەیێندراوی بارەگای بارزانی-دا هاتووە، لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەكانی تیرۆر و ئاڵنگارییەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ كران.
لە كۆبوونەوەکەدا باس لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق کراوە و "هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە بۆئەوەی هەڵبژاردن ببێتە هۆی سەقامگیری و راستەڕێبوونی پرۆسەی سیاسی، پێویستە هەڵبژاردنەكان لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت و گەرەنتیی ئەوەش هەبێت كە هەڵبژاردنێكی پاك و ئازاد و دادپەروەرانە لە ژینگەیەكی ئارام و دوور لە دەستكاری بەڕێوەبچێت، هەموو لایەكیش رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و ئیرادەی گەل بگرن".
