*ئەوانەی زەوی دژە تــیرۆریان لەبەكرەجۆ كـڕیوە زەرەرمــەند نابن، بەڵام دەبێت مافی موڵكی گشتیش وەربگیرێت
توانا كەمال، سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی بۆ هاوڵاتى:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: هاوڵاتى
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی زانیاری نوێ لەسەر ئەو پارچە زەویانە دەدات كە بەزەوییەكانی»دژەتیرۆر» لەبەكرەجۆ دەستاو دەتسیان پێكراوە ئاشكرا دەكات و دەشڵێت:» ئەوانەی زەوی دژە تیرۆریان لەبەكرەجۆ كڕیوە زەرەرمەند نابن، بەڵام دەبێت مافی موڵكی گشتیش وەربگیرێت.
توانا كەمال، سەرۆكی شارەوانی سلێمانی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەڵێت هەموو ئەو زیادەرۆییانەی كراونەتە سەر موڵكی گشتی بە كۆنوسێك تەسلیمی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كراوەو چاوەڕێی تێبینی و سەرنجەكانیانن پەسەندی دەكات یان داوای روونكردنەوەو پێداچوونەوە دەكات.
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی باسی پرۆژەی 20 20 دەكات كە 23 هەزار دۆنم زەوی بۆ تەرخان كراوەو بەشاری سلێمانی نوێ ناسراوەو ئەوە دووپاتدەكاتەوە كەدەرگایان بۆ وەبەرهێنەران و سەرمایەداران كردووەتەوە تا بەپێی ماستەرپلانی شارەوانی پرۆژە جێبەجێ بكەن.
هاوكات توانا كەمال سەرۆكی شارەوانی سلێمانی جەخت لەوەش دەكاتەوە كە ناوەندی هەولێر بەروارد ناكرێت بەسلێمانی و لەدەسەڵاتی ناوەندی حكومەتەوە نزیكەوە دەیبینێت، بەڵام ئیدارەی پێشووی سلێمانی بۆچوونی وابووە كە خزمەتگوزارییەكان بگەیەنێتە قەزاو ناحییەكان و ئەنجامیشی داوە.
هاوڵاتى: سیمای شاری سلێمانی و شەقامەكان تاڕادەیەك خەڵك پێی وابوو فەرامۆشكراوە، بەڵام دوو سێ هەفتە پێش ئێستا بودجەیەكی تایبەتی لەلایەن ئیدارەی گشتییەوە بۆ تەرخانكرا و حكومەت نەیتوانی بۆتان جێبەجێبكات، خۆتان داواتان كرد؟
توانا كەمال: ئەو پارەیەی كە دادەنرێت بۆ خزمەتكردنی سەوزاییەكانی شەقامەكانی شاری سلێمانی، كە بریتیە لەهەردوو بلواری شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمودو بلواری سلێمانی تاسڵوجە، ساڵی رابردوو هیچ بودجەیەكی بۆ تەرخاننەكرا.
بۆ پاركی هەواری شاریش ئەمساڵیش سودمەندنەبووین، پارەكەی بۆ دانراوە، بەڵام سودمەندنەبوین و چۆتە پرۆژەی تەندەرینەوەو بەبڕوای ئێمە مانگێك بۆ 20 رۆژی دیكەی پێدەچێت، بۆیە كاری تەندەرین و وەرگرتنی ئەوە هۆكاری دواكەوتنەكەیە، ئەگینا بودجەكە لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە بڕیاری لێدراوە، بۆیە تەنیا بەهۆی شتی رۆتیناتەوە دواكەوتووە و لەپێنجی مانگەوە لەپارێزگای سلێمانی تەندەرەكەی بۆ كراوەتەوەو ئینجا دەچێتەوە وەزارەت و گرێبەستەكەی بۆ دەكرێت، بۆیە لەمانگی نۆدا دەستبەكاردەبێت.
بۆیە ئەمساڵ و پاریش ئەوە دواكەوت و بۆیە بیرمان لەوە كردەوە شتێك بكەین هەرچۆنێك بێت بیپارێزین، بۆیە لەئیدارەی گشتییەوە دووجار بڕە پارەی كەم كەممان بۆ دابینكراو هەندێك وەبەرهێنەر وەك بەخشین پێشكەشی سلێمانی كردووە، بۆ ئەوەی ئەو شوێنانەی ماون و وشك نەبوون وشكتر نەبن، تا بتوانین خزمەتێكی بكەین بەئاودانێك تەنیا بۆ مانەوەیان، بۆیە جێگری سەرۆكی حكومەت لەسەر راسپاردەی بافڵ تاڵەبانییەوە بڕیار درا لەلایەن ئیدارەی گشتییەوە بڕە پارەیەكمان بۆ دیاریبكەن لەسنوری یەك ملیار دینار، بۆیە ناوی لێنرا جوانكاری بۆ ئەوەی جیابكرێتەوە لەئەو بڕە پارەیەی تر.
بۆیە ئێمە بەشێك لەو پارانەمان پێگەیشتتووەو كارمان دەستپێكردووەو چەندین لیژنەمان پێكهێناوە بۆ ئەوەی لەیەك كاتدا پێش وەرزی باران و قوڕ ئەوە تەواو بكەین، جوانكاریەكە خۆی دەبینێتەوە لە بۆیاخكردنی قەراغی شۆشتەكان و رێكخستنیان، ئەو شوێنانەی وشكبوون لەبلواری مەلیك مەحمودو هەندێك لە بلوارەكانی شەقامی ناو شاری سلێمانی، ئێستا هاتووینە سەر قیرتاوكردنی شەقامەكان، چونكە پرۆژەی یەك ملیارەكە ئەوانەش دەگرێتەوە، ئەوانەی قیرەو تێكچووەو چاڵ و چۆڵییە هەموویمان چاككردووە.
هاوڵاتى: پێتانوایە گرنگترین شت بەردەوامبوونی ئاودان و سەوزكردنەوەیانە؟
توانا كەمال: ئەمانە هەمووی دەكەونە پرۆسەیەكەوە، چونكە ئەمە گرنگترین شتی بەردەوامبوونە، چونكە ئێمە خۆمان وەك شارەوانی و حكومەتیش كە بزانرێت توانای نیە یەك جار وازی لێبهێنرێت باشترە.
هەموو ساڵێك دەبێت ئەو بڕە پارەیەی لێبدرێت، چونكە ساڵێك نەكرێت بۆ ساڵی دواتر، پێویستە چەندین قاتی ئەو پارەیە دابنرێت تا دووبارە سەوزدەكرێتەوەو دروست دەكرێتەوە، ئەو بلوارانەی باسمان كردن و بودجەكەیان بۆ دانراوە چەندین ملیار دیناریان تێچووە تائێستا ئێمە ئەیڵێین تەنیا بۆ جوانكردن و رێكخستن و ئاودانە، یان بۆ گوڵە وەرزیەكان و پاككردنەوەی بۆری و سۆندە و مزەخەكان بۆ پاركی هەواری شارو بلوارەكان، بۆیە كە سەیربكرێت ساڵانەكە پێنج ملیارو 700 ملیۆن دینارە بۆ ئەو شوێنانە.
ئێمە ناڵێین ئەو پارەیە هیچ نیە و كەمە، بەڵام دەبێت بزانی بۆچی ئەو پارەیە دانراوەو ئەوانە زەرورەو پێویستە، بۆیە ئەمە ساڵانە ئەوەندەی پێویستە، كە دووساڵ نەكرا ئەوە خۆی وێران دەبێت و وشك دەبێتەوەو بەو بڕە پارەیە دروست نابێتەوە، پێویستە حكومەت رێنمایی تایبەتمان بداتێ بۆ ئەوە، كە ساڵی داهاتوو پارەی بۆ دابینناكرێت، بۆیە ئەو بڕە پارەیەی لەبەردەستدایە، ئەوانەی پێبكرێت كە سودی دەبێت بۆ ساڵی داهاتوو.
هاوڵاتى: بڕیاربوو سلێمانی دوو بازاڕی هاوچەرخ لە رۆژئاواو رۆژهەڵاتی سلێمانی دروستبكرێت هاوشێوە یان لێچووی بازاڕی ئێستا، چی كراوە بۆ ئەوە؟
توانا كەمال: ئێمە بەنزیكەیی 27 بۆ 28 پارچە زەویمان دیاریكردووە بۆ ئەوە لەزەوی جۆراوجۆر و پاراستومانە، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو پڕۆژەیە جێبەجێبكەین، بەڕاستی ئێمە چاوەڕێی پرۆسەی یاساو رێنمایی (PP) پیپی -مان كرد بۆ ئەوەی هەم ببێت بەداهات بۆ شارەوانی و هەم بۆ ئەو كەسەی كارەكە دەكات، چونكە رەبتی كەین و شارەوانی تێدابێت بۆ دیاریكردنی نرخەكان و شێوازی كاركردنەكە و دیاریكردنیان، هەموو ئەمانە پرۆسەی پیپی-یە، بەڵام پرۆژەكە لەلایەن حكومەت و وەزارەتی پلاندانانەوە و زۆر چەقیوەو قورس بووەو هەندێك رێنماییان دەركردووە وەك یاساكە، بەڵام پێویست بەڕێنمایی دیكە دەكات.
زۆر دەمێكە ئەو رێنماییانەی پێ دەرنەچووە كە ئاسانكاریەك بێت بۆ ئێمە كە بیخاتە بەردەستمان بڵێ ئەمە پیپیەكەی تۆیەو تۆ بۆت هەیە لەم سنورەدا كار لەسەر ئەم جۆرە شتانە بكەی، چونكە ئێمە زۆر شتمان هەیە.
بۆ نمونە بازاڕی دەبۆكە، موڵكی شارەوانییە، بەڵام ئەو ویرانەیە كە دەیبینی، پاركەكەی كارناكات، قاتی سەرەوەی كراوە بەمەخزەن و سودی لێوەرناگیرێت، كە دەتوانرێت چەندین قاتی دیكەشی لەسەر دروست بكرێت، بۆیە پێویستە بەو موشارەكەیە بیكەیت، ئەو موشارەكەیەش شتێكی تازە نیە، لەوڵاتان و شارانی تر زۆر بەكارهاتووەو لەحكومەتی عێراقیدا چەندین ساڵە ئەو پیپیانە هەیە و ناوی ناوە موشارەكە، لەیاسای بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیەكانیشداهەیە، بەڵام بەڕاستی ئەو دەسەڵاتانە وەرگیراوەتەوە، چۆتە شوێنی بەرزتر لەشارەوانی، ئێمە زەویەكانمان حازرە، ئەوەی ماوەتەوە جۆری پرۆژەكەیە، چاوەڕێی ئەوەمان كرد، بۆیە كەچاوەرێی ئەوەمان نەكردایە، دەتوانرا زووتر بكرایە، رووبەری زەوییەكان جۆراوجۆرە، چونكە بیركردنەوەكەی كە بیرمان لێكردۆتەوە بازاڕی جۆراوجۆرە، وەك ئەوەی بازاڕێك دروستبكرێت تەنیا بۆ بابەتی مۆبایل و كارەبایی و وردەواڵە، بۆ هاووڵاتیان سودی زۆرە و قەرەباڵغی ناو بازاڕ كەمدەكرێتەوە.
ماستەرپلانی هەردوو بازاڕی هاوچەرخی رۆژهەڵات و ڕۆژئاوای سلێمانی لەتەواوبوندایە و دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە
بەم نزیكانە بازاڕە هاوچەرخەكان لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای سلێمانی دەكرێت، ئێمە بابەتەكانمان و شێوازەكەیمان داڕشتووە، بۆیە كە بزانین ئەو موشارەكەیە دوادەكەوێت ناچار دەبین بەزیادكدرنی ئاشكرا یان بەجۆرێكی وەبەرهێنان بیدەین، مەرجی تێدا دابنرێت كە كابرا ئینزامكەین كە بەردەوام بێت، بەتایبەتی وا بیرمان لێكردۆتەوە ئەمە خزمەتی ئەو چین و تووێژانە بكات كەتوانای داراییان كەمە، چونكە ئەوانیش جێگەیان بێتەوە، لەوانەیە یەكێك لەو زەویانە هەمووی بكرێت بەكۆشك یان بەمێز بۆ ئەوەی خەڵكانێك بێن وەریبگرن و رۆژانە كاری خۆی تێدا بكات.
هاوڵاتى: ئەو پێشانگایانەی تەنیشت تاسڵوجە كە بە علوجەكان ناسراوە، دەگوازرێنەوە یان نا؟ ئەی ئەوانەی ناوچەی پیشەسازی یەك دەوترێت ماستەرپلانی نوێتان بۆی هەیە؟
توانا كەمال: نەمبیستووە ئەوە ئاوا بكرێت، بەڵام ئەوانە لە زمنی پرۆژەی تەرمیناڵەكە پێشانگایەكی زۆری تیدایە و پرۆژەی تریشمان هەیە، كەهەر خۆی پیشەنگایە و لەلایەن وەبەرهێنی ترەوە دروستكراوە.
پێشانگاكانی دیكەش ئەمانە خۆیان دەبێت دواتر بگوازنەوە، لەماستەر پلانی خۆماندا هەیەو وەك ناوچەی پیشەسازی ناوزەند ناكرێت، ناوچەی پیشەسازی گوازراوەتەوە بۆ هوانە، بۆیە لەڕێگەی وەبەرهێن و خۆبەخشەوە كاری تەختكردنی زەویەكان و ئاوو ئاوەڕۆ و تیكەڵەڕێژێكی بۆ بكەین بۆ ئەو كەسانەی كە پیشەوەرن دەگوازنەوە بۆ ئەو شوێنانە بتوانێت بچێت لەو شوێنە تەختانەدا بیناكەی خۆی دروست بكات، ئەو پیشەوەرانە ببرێنە دەرەوەو ناوچەی پیشەسازی یەك بەناوی پیشەسازیەوە نامێنێت و شوێنی تازەی پیشەسازی لێناكەین.
ماستەر پلانی تازەی بۆ دەكەین و وەك هەموو بەشەكانی دیكەی شاری سلێمانی بازاڕی تێدایە و پێشانگای تری تێدایە و بینای بازرگانی و ئەو بابەتانەی تێدایە، پیشەسازی بچووك و پاركی تێدایە، گەنجینەی دەرمان، شتی بەهادار و بەقیمەت كە نزیك شار بێت و زوو بگات، یان ئەو شتانەی زوو خراپ دەبن و ماستەر پلانی دانراوە نزیكە لەتەواوبوون.
ئەوانەی لەناوچەی پیشەسازی یەكن بۆ نموونە پێشانگایە بەپێی ماستەر پلانەكە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، پێی بوترێت ئەم شوێنەی تۆ بۆ گەنجینەیە یان بۆ پێشەنگای جۆراوجۆر وەك ناوچەیەكی پیشەسازی نامێنێت.
هاوڵاتى: لیژنەیەك لەلایەن جێگری سەرۆكی حكومەتەوە دروست كرا بۆ بەدواداچوونی ئەو زیادەڕۆییانەی كە لەسلێمانیدا دەكرا، بەڕێزتان ئەندامی لیژنەكە بوون و چەند كەسێكی دیكەی تێدابوو؟ كاری ئەو لیژنەیە بەچی گەیشت؟
توانا كەمال: ئەو لیژنەیە لەلایەن جێگری سەرۆكی حكومەتەوە دانرابوو، لەشوێنی تریشەوە لیژنەی بچووك هەر هەبووە و كارمان تێداكردووە پێشتر، بەڵام ئەوە لیژنەیەكی حكومی بوو لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە دانرابوو خۆشی ئامادەبوو و رێنمایی تەواویان كردین كە چۆن بكرێت، ئەو بڕگانە چیە كە دەبێت ئێمە كاری تێدابكەین، لەسەر ئەوە رێككەوتووین و چەند مانگێكە زۆر سەرقاڵی ئەوە بووین و مەهام و كاری لیژنەكەمان تەواو كردووە و كۆنووسی خۆمان نووسیوە و پێشكەش جێگری سەرۆكی حكومەتمان كردووە و چاوەڕێی بڕیاری بەڕێزیانین، ئێمە زۆر بابەتیانە كارمان لەسەر كردووە، دواتر ئەم لیژنەیە تەواوكەری دەبێت، ئەو كۆنووسە یان پەسەند دەكرێت یان رەخنە و تێبینی لەسەری دەبێت و ئێمە دەبێت چاكی بكەین.
رێژەی زیادەرۆییەكان زۆرن، هەمووی دیاریكراوەو هەیە زۆر زۆر كۆنە، تیایەتی، كە لەساڵی 2000 كراوە لە تاسڵوجەو چەند شوێنێكی دیكە كە هەر بووە بەگەڕەك كە كارەباو ئاوو ئاوەڕۆی بۆ چووە، خەڵكی تێدا دانیشتووە و كراوە بەفۆرم، زۆرمان هەیە لەئەوانە، ناكرێت تا پەسەند نەكرێت كۆنووسەكە زیاتر باس بكرێت، ئێمە كارمان لەسەر هەموو خاڵێكی كردووە.
هاوڵاتى: زەویەكانی بەكرەجۆ كە بەناوی زەوی «دژەتیرۆر» لەناو خەڵكدا باسدەكرێت كڕین و فرۆشتنی زۆری پێوە كراوە چۆن چارەسەری ئەو پرسە دەكەن كە كەوتووەتە دەست خەڵك بەگشتی؟
توانا كەمال: ئێمە لە لیژنەكەداو بەپێی رێنمایی جەنابی كاك قوباد و كاك بافڵ لەسەر ئەم تەوەرانە هەمووی قسە كراوە، بەڕاستی هەمووی چاوی لەسەر چارەسەرە، كە مافی خەڵك و ئەوانەی كە كڕیویانە و ئەوانەی لەچین و تووێژێكی دیاریكراون، لەهێزەكانی پێشمەرگە و دژتیرۆرو ناوخۆ یان هەیە فەرمانبەرێكە و چووە بەقەرزو قۆڵە كڕیویەتی، چونكە پێشتر ئەم دیاردەیە هەر هەبووە.
شەش بۆ پێنج پارچە زەوی هەیە كەئێستا بۆتە خانوو لەتاسڵوجە و ئەو ناوانە كە لەساڵی 2007-ەوە خەڵكی تێدا دەژی و چەندین جار كڕین و فرۆشتنی تێدا كراوە، بۆیە كە تۆ بێیت و بانگی بكەیت و تاپۆی فەرمیشت بۆ دەكەمەوە نایەن، چونكە 10 ساڵە تیای دەژی و كێشەی نەبووە.
بۆ چارەسەری ئەوانە رێنماییەكەی ئێمە بۆ چارەسەری ئەوانەیە، چارەسەری بنبڕی بكەین، بەشێك لەو خەڵكانە بوونەتە زەحیە و بەشێكیش وەك بازرگانی كڕیویانەو ئێستا چوونەتە دەستێكی تر.
زەوی هەیە چەندین دەستی كردووەو كەسیش هەیە چەندین پارچەزەوی كڕیوە، ئێمە بابەتیانە چارەسەری دەكەین و ئەو خەڵكانەی كە خۆیان چین و تووێژن و خۆیان بەپێی یاسا مافی زەوی وەرگرتنی هەیە، راستە دابەشكردن و ئیفرازكردنی زەوی وەستاوە، كە ئەمەش یەكێك بووە لەو بابەتانەی كە ئەم بابەتی زیادەرۆییەی زۆر زیاتر كردووە.
بۆیە كە ساڵانی پێشوو بودجەی دیاریكراو هەبوایەو ئیفرازی زەوی و زار بكرایە، بەپلان بكرایەو ئەوەی بۆ نیشتەجێبون بوایە جیابكرایەتەوە، بەڕاستی كەس نەیدەتوانی ئەو زیادەڕۆییە بكات، چونكە زەویەكە سورەت قەیدێكی دەبوو بەناو شارەوانی یان بەناوی كەسێكەوە، ئەمە هۆكار بوون و زیاتر زەمینەی رەخساندووە، ئێمە هەوڵمانداوە چارەسەری بكەین بەئاراستەی ئەوەی مافی دەوڵەت نەفەوتێت و قەرەبووی ئەو زەویانە چۆن بكرێتەوە و مافی گشتی نەفەوتێت و زەویەكان زەوی تر بخەینەوە شوێنی.
هیچ كەس بەمانای زەرەر زەرەرمەند نەبێت، بەڵام كە هاتەسەر ئەوەی كە بۆیان تاپۆ بكرێت، بۆیان بە یاسایی بكرێت و رەچاوی مافی حكومەت و بەرژەوەندی گشتی بكرێت، نابێت بەرژەوەندی گشتی بفەوتێت، بڕە پارەیەكی مامناوەند و گونجاوی لێوەربگیرێت كە كەس زەرەرمەند نەبێت، راسپاردەكەمان و رێنماییەكان هەمووی بەو ئاراستەیە بووە.
هاوڵاتى: كۆمەڵێك لە خەڵكی پارەدارو دەوڵەمەند زەویەكی زۆریان كڕیوە خەڵك هەیە 45 دۆنمی كڕیوە لەسەر شەقامی سەدمەتری یان نزیكی شەقامەكە، ئایا گرفتیان بۆ دروست نابێت كە هێشتا شەقامی خەدەماتیش دروست نەكراوە؟
توانا كەمال: ئێمە هەر لەسەرەتاوە، لە رێگەی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی و پارێزگاری سلێمانی و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیشەوە، هەر هەمووی پێكەوە بانگەوازمان كردووەو بۆ بەڕێوبەرایەتییەكان، بۆ شارەوانییەكان و بۆ یەكە ئیدارییەكانی ئەو سنورانە و قەزا و ناحیەكان كە بەهیچ جۆرێك هیچ پابەندبوونێكی نوێ وەك ئەو گرێبەستە كشتوكاڵییانەی كە باسی دەكەیت نابێت بكرێت، لەكەناڵەكانیشەوە داوامان لەخەڵكی كردووە خۆیان سەرقاڵ نەكەن بە بابەتی كڕینی ئەو پارچەزەویانەوە.
بە نسبەت شەقامی سەد مەترییەوە، ئێمە 200 مەترمان هەیە لە پانتایی شەقامەكە، پاشان شەقامی خەدەمی و سەد مەتری و زۆر بابەتی دیكە هەیە، بۆیە ئەو كەسە كە ئێستا دەچێت دەیكڕێت وابزانێت ئێمە لەسەر شەقامی سەد مەترییەوە دوكان و بازاڕ و بەنزینخانە دروست دەكەین، نەخێر وانییە، بۆیە هیچ جۆرە شتێكی دیكە دروستناكرێت تا شەقامەكە تەواو دەكرێت.
ئینجا لەسەر شانەكانی یان ئەمبەرو ئەوبەری، ئێمە دامەزراوە دروستناكەین، چونكە ئەوە رێگایەكی خێرایە، چونكە لەدوای ئەو شەقامەكە شەقامی خەدەمی هەیە، شەقامی خزمەتگوزاری هەیە بلوارو باخچەو ئەو شتانە هەیە، ئەم شەقامە لەم رۆژەدا دروستدەكرێت پێویستی بەجوانی و رازاندنەوە هەیە، ئینجا ئەمە لەژێر دەستی خۆماندایە دەتوانین ستانداردەكانی بەسەردا جێبەجێبكەین، بۆیە دوایی نەیكەینەوە بەلۆمە.
كەسێك دەچێت لەنزیكی شەقامەكە پارچە زەویەك دەكڕێت، بۆ بەنزینخانە یان دوكان، نەخێر ئەمە شتی تری بۆ دەكرێت، بۆیە نازانم چۆن و لەسەر چ ئەساسێك لەوێیا پارچەزەوی دەكڕدرێت، لەحاڵەتێكدا تاپۆی كشتوكاڵیشی هەبێت تەنیا لەسەدا 20یان هەیە، لەسەدا 12 قەرەبوو دەكرێتەوە، بۆیە ئێمەش نووسراومان كردووەو تا خەڵك خۆشی تووشی زەرەرو زیان نەكات، چونكە ئەوانەی كە لەوێدان و لەسەدا 12 مافی قەرەبوویان هەیە هەمووی تۆماركراوە و پێداچوونەوەی بۆكراوە لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵەوە، بۆیە پێویستە ئەو فەرمانگانەش مولتەزیم بن بەئەوانەوە و ئاگاداریشمان كردووە لەدوای راگەیاندنی ئەو شەقامەوە هەر گرێبەستێكی تازە بكرێت قەرەبوو وەرناگیرێتەوە.
هاوڵاتى: پرۆژەی بیست بیست، یان شاری سلێمانی نوێ بەچی گەیشتووە
توانا كەمال: پرۆژەی پارچەزەوی 20 ، 20 هەمووی وەك یەكە، بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، پەردەیەكی ترە دادەخرێت لەسەر ماستەر پلانی شاری سلێمانی و شەقامەكە.
ئێمە هەموو ماستەر پلانەكەمان گۆڕیوە كە پێی دەوترێت ماستەر پلانی 20 ،20 راستە هەندێك ماستەر پلانی كۆنی سلێمانی بۆتە ئەمری واقع وەك عەلوەی سلێمانی، ئەوە پێشتر كراوەو فەرمین و هەن، بۆیە ئەوانە مافەكانیان پارێزراوەو لەناو ماستەر پلانە تازەكەدا شوێنی بۆ كراوەتەوەو شوێنەكانی دیكە هەمووی گۆڕاوە، ئەوە نەماوە كە لە ماستەرپلانە كۆنەكەدا هەیە.
ئیستا خۆمان تەواومان كردووەو بەشێكی دیكەی ماستەرپلانەكە ماوە، ئەوە تەفاسیلی جادەو بان و ئاوەڕۆی سندوقی و كارەبا و تەفاسیلی ئەندازیارییە، ئێستا كۆمپانیایەك كاری تێدا دەكات و بەبێ بەرامبەر و گریبەستێكی یاسایمان لەگەڵ كردووە، لەسەدا 50ی ئیشەكانی ئەو ماستەر پلانەی كە شارەوانی خۆی كردوویەتی ئیستا تەواو بووەو لەیەك دوو هەفتەیەكدا دەخرێتە بەردەم ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی بۆ روونكردنەوە.
ئێمە ئەوەی ئێستا لە بیست بیست دەیكەین پەیمانگاو زانكۆ و كەمپەكەی ئاسایش و شاری ئابوریناسان و مامۆستایان و كۆمەڵگەی تری تێدایەو ئەمانە هەمووی لە بابەتی بیست بیست-دایە.
مافی هەموو ئەوانە پارێزراون كە پێشتر هەبوون و لە ماستەر پلانەكەدا جێگەی كراوەتەوە، ئەوەی لەم دوو ساڵەدا كراوە وەك كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون و گەنجینەیەكی زۆر و چەندین پرۆژەی ستراتیژی تر.
هاوڵاتى: گرفتی سەرەكی جێبەجێنەكردنی خزمەتگوزاری گەڕەكەكانی شار چییە؟
توانا كەمال: بەداخەوە سیستمەكە هەر ئەوەیە كە لەلایەن حكومەتدا پەیڕەو دەكرێت، سیستمی زۆر زۆر هەیە، كرانەوەیەك هەبێت، زۆر پلانی دیكە هەیە و لەوڵاتان هەمووی بەكاردەهێنرێت، دەیان ساڵ و سەدان ساڵە، چۆن تۆ خۆت ژێرخانی خۆت دروستبكەیت بۆ ئەوەی ژێرخان دروست بكەیت، بەشێوەیەك بێت حكومەت بودجەیەكی هەبێت تا بتوانێت بودجەی بۆ تۆ هەبێت، لەهەموو كاتێكدا، لەو كاتانەی كە لوتكەی هەبوونی بودجە بوو لەهەرێمداو پرۆژە تەرخانكرابوو، لەو كاتەدا ئەندازیارمان نەبوو، هەر ئەندازیارەی سێ بۆ چوار پرۆژەی گەورە گەورەی لابوو، لەوكاتەشدا كێشەی كەمی بودجەمان هەر هەبووە، چونكە خواست زۆرەو وڵاتەكەت تازەیەو حكومەت تازە بۆی دەركەوتووە، ئەو وڵاتانەی كە چەندین ساڵە دەستیان كردووە بەپرۆژە ئێمە تازە ناگەینەوە بەئەوان، چونكە تۆ پرۆژەیەكی زۆرت هەیە، چەندین بەنداوت هەیە، كەهەر لەدەوروبەری سلێمانی سێ بەنداوی زۆر گەورەو چاك هەیە، هەیانە كە نیوەی ئاو بردوویەتی و ویران بووە، رووخاوە، دەبێت پارەیەكی بۆ دابنرێتەوە، یان بەنداوی ترت هەیە كەدەبێت دروستبكرێت، یان كارگەت هەیە، ئەمانە مەرج نین هەمووی دروستبكرێت، رێگەی تریش هەیە بۆ دروستكردنیان، بەداخەوە ئەو رێنمایی و یاسا ئاشكراو روونەی كە دەسەڵاتی لەسەر بدرێت، كەهەر هەیئەتێك یان هەر دامودەزگایەك یەكەیەكی لەم یەكەو فەرمانگەیە بتوانێت ئەو دەسەڵاتانەی لەبەردەستدا بێت بۆ ئەوەی هەر یەكەی ئیشی خۆی بكات، چونكە بەو رێگەیە زۆر ئاسانە بچی لەدوكانەوە بۆریەكی تری ئاو بهێنیت، بەبێ ئەوەی بودجەی بۆ دابین بكرێت.
هاوڵاتى: كەسانێك پێیان وایە هەولێر شارە، بەڵام سلێمانی بووەتە گوندێكی گەورە؟
توانا كەمال: ئەم قسەیە واریدەو هەیە منیش ئەوە دەبینم كە لەهەولێر پرۆژە دەكرێت، چونكە هەولێر پایتەختە و لەمەركەزی دەسەڵاتەكەوە نزیكە و مەركەزی دەسەڵاتەكە لەبەرچاوی خۆیدایەتی و دەبینرێت و جیاوازی زۆرە.
*چەندین پرۆژەی نوێو ســتراتیژی لەســلێمانی ئـامادەیــــەو وەبەرهێنەرانو سەرمایەداران دەتوانن جێبەجێی بكەن
پرۆژەیەك لەناوچەیەكی تر بكرێت كە دوورە لێیەوە، ئەمانە جیاوازی هەیە، ئەو گرنگی پێدانەی كە باس دەكرێت زیاتر لەسەر پایتەختە یاخود لەسەنتەری پایتەختەوە بۆ شوێنەكانی تر، لەهەموو وڵاتێكیشدا وایە.
راستە كە بێیتە سلێمانیش دەڵێیت ئەوەندەی گرنگی دەدرێت بە سلێمانی گرنگی نادرێت بەقەزاو ناحیەكان.
كابینەكانی ئیدارەی سلێمانی بۆچوونی وابوو زیاتر خزمەتی قەزاو ناحیەكان بكرێت، چونكە لەقەزا و ناحیەكاندا پرۆژە خزمەتگوزارییەكان هەمووی كراوە، بڕە پارەكانی هەولێر زۆر بێشومارە، لەكاتێكدا هەندێك گەڕەكی هەیە ئاوەرۆی بۆ نەكراوە، لەكاتێكدا سلێمانی لەزووەوە ئاوەڕۆی بە رێكوپێكی بۆ كراوە، گرنگی زۆر دراوە بە خزمەتگوزاری ئاوو ئاوەڕۆو تیكەڵەرێژ كردن، بۆیە ئەمانە شتی حەقن دەبێت بوترێت.
هاوڵاتى: ئەوەندەی ئاگاداربین وەبەرهێنەران و سەرمایەداران ئامادەن پرۆژە جێبەجێ بكەن لەسلێمانیدا، هاوكارییان دەكەن.
توانا كەمال: بەڵێ ئامادەین، چونكە تۆ دەكەویتە ناو دەرگای كۆمەڵێك پرۆژەی ترەوە كە ئەو پرۆژانە سەرتاسەرییە یا تا پەنجا ساڵە یان تەندەری لەسەر دەكرێت، یان دەگەڕێتەوە بۆ حكومەت، ئەم وەبەهێنەرانەی سلێمانی ئامادەن ئەمە بكەن، بۆیە دەرگایەگ دەكاتەوە بۆ كۆمەڵێك پرۆژەی تر، وەبەرهێنێك كە پارەكەی پێبێت با نەیەت هەر كۆمەڵگایەكی نیشتەجێبوون دروستبكات، بابێت بیر لەوە بكاتەوە ئەو دوكان و بازاڕە هاوچەرخەی لە رۆژهەلات و رۆژئاوای سلێمانی پێشتر باسمان كرد بیكات، وەبەرهێنی ئێمە هیچی لەبەردەستدا نیە، دەبێت یان بازاڕ دروستبكات یان كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون یان ئوتێل دروستبكات، بۆیە وەبەرهێنێك بێت لەپرۆژەی بیست بیست دا پرۆژە ئەنجام بدات، خۆی سودی لێوەردەگرێت و پارەكەی خۆی دابین دەكاتەوەو قازانج دەكات و بەدرێژایی ئەو چەند ساڵەش بڕێكی كەمی داوە بەحكومەت.