قۆناغی گرژییەكان لەنێوان بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی تێپەڕیوە
لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی بۆ هاوڵاتى:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: ئارا ئیبراهیم
ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی ئاماژە بەكۆبوونەوەی رووبەڕووی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی دەدات بەئامادەبوونی وەفدی ئەمریكییەكان و دەشڵێت:» قۆناغی گرژییەكان لەنێوانیاندا تێپەڕێندراوەو ئێستا نیمچە ئاساییە».
لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەشڵێت:» دەتوانین بڵێین ئەمانە هەنگاوی ئەرێنین، بەڵام ئەم كێشەیە كێشەیەكی ئاڵۆز بوو، پێویستی بە كاتی زیاتر هەیە، لەو دواكۆبوونەوەیەدا بڕیاریاندا كۆبوونەوەكان بەردەوام بێت، بڕیاردان بۆ بەردەوامی كۆبوونەوەكان جیاوازە لەوەی بڵێین كۆبوونەوەكان بە بنبەست گەیشت، واتا كردنەوەی دەرچەیەكە بۆ ئەوەی بەردەوام بن لەسەر كۆبوونەوەی رووبەڕوو راستەوخۆ پێكەوە، دەبێت ئێمە گەشبین بین».
هاوڵاتى: هەوڵی نێوەندگیرییەكان زۆر بوون، لەكۆبوونەوەی رووبەڕووی لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی؟
لەتیف نێروەیی: سەبارەت بەدۆخی ناوخۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەتوانین بڵێین چەند هەنگاوێك چووەتە پێشەوە لەهەنگاوی گرژییە هەمەجۆرەكانەوە ئەو قۆناغەی تێپەڕاندووە بۆ قۆناغی هێوركردنەوەی دۆخەكە، دواتر بۆ قۆناغی ئەنجامدانی دانوساندنی جۆراوجۆری ناڕاستەوخۆ واتا لەلایەن تەرەفی سێیەمەوە چ لەلایەن وڵاتانی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتی دەكرا یان هەموو ئەو هەوڵانەی چەندین تێكۆشەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان دۆستانی یەكێتی حزب و لایەنەكانی كوردستان یان پارچەكانی دیكەی كوردستان خۆشبەختانە دواجار گەیشتە قۆناغێكی دیكە، ئەویش كۆبوونەوەیەكی راستەوخۆو رووبەڕوو لەنێوان هەردوو هەڤاڵان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی بەئامادەبوون و نێوەندگیری شاندێكی باڵای ئەمریكا دەتوانین بڵێین ئەمانە هەنگاوی ئەرێنین، بەڵام ئەم كێشەیە كێشەیەكی ئاڵۆز بوو پێویستی بەكاتی زیاتر هەیە، لەو دواكۆبوونەوەیەدا بڕیاریاندا كۆبوونەوەكان بەردەوام بێت، بڕیاردان بۆ بەردەوامی كۆبوونەوەكان جیاوازە لەوەی بڵێین كۆبوونەوەكان بە بنبەست گەیشت، واتا كردنەوەی دەرچەیەكە بۆ ئەوەی بەردەوام بن لەسەر كۆبوونەوەی رووبەڕوو راستەوخۆ پێكەوە، دەبێت ئێمە گەشبین بین متمانەمان بەهەڤاڵانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەبێت كە ئەو قۆناغە تێبپەڕێنن و بگەنە قۆناغی لێكتێگەیشتن، دواتر رێككەوتننامەیەكی لێ بكەوێتەوە.
هاوڵاتى: بەڵام باس لەوەشكرا لە رۆژئاڤای كوردستانەوە هەریەك لە ساڵح موسلیم و مەزڵوم كوبانێ ئامادەبوون تێیدا؟
لەتیف نێروەیی: باسی ئەوە ناكەم وەفدێك لە رۆژئاوای كوردستانەوە هاتووە یان نا، بەڵام ئێمە دەبێت سوپاسی هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكان بكەین چ ئەوانەی لەناوخۆدا بوون چ ئەوانەی لەپارچەكانی دیكەوە هاتوون و پەرۆشی ئەوەبوون كە دەورێك ببینن بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هەر هێزێك بێت و هەر وڵاتێك بێت ئێمە سوپاسیان دەكەین.
هاوڵاتى: ئێران و ئەمریكا دەیانەوێت كێشەكانی یەكێتی بەزوویی چارەسەر بكرێت و فشارەكانیشیان بەردەوامە بەتایبەت كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەبەردەم هێزو لایەنەكاندا هەیەو دەیانەوێت ئەو پرۆسەیەش سەركەوتوو بێت؟
لەتیف نێروەیی: بێگومان كە وتم وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی دوو وڵات لەوانە كۆماری ئیسلامی ئێران وەكو وڵاتێكی ئیقلیمی و ئەوی دیكەش ئەمریكایە كە وڵاتێكی زلهێزی جیهانییە، ئەمانە هەم دۆستی هەرێمی كوردستانن، هەم دۆستی یەكێتی نیشتمانی كوردستانن و بناغەكەی بۆ سەردەمی هەڤاڵ مام جەلال دەگەڕێتەوە كە پەیوەندییەكی هاوسەنگ و تەندروست لەسەر بنەمای هاوبەش بنیادنراوە، ئەم دوو وڵاتە عێراق و هەرێمی كوردستانیان بەلاوە گرنگەو لەناو هەرێمیشدا یەكێتی بەلای ئەوانەوە گرنگە كە بەشدارە لەحكومەتی هەرێم و لەهەمانكاتدا لەبەغداش لەهەرەمی سەرەوەی حكومڕانییە كە سەرۆك كۆمار بەبەردەوامی لەپشكی كورد بووەو لەناو كوردیشدا لەپشكی یەكێتی بووە.
یەكێتی حزبێكی سۆسیال دیموكراتەو گرنگی بەئازادیی رادەربڕین و ئازادی رۆژنامەوانی و پرسی مافی ژنان و مرۆڤ دەدات و دەورێكی كاریگەری هەبووە لەگەڵ هاوپەیمانان دژ بەتیرۆریستان، هیوادارین یەكێتی خۆی لەئاستی ئەو گرنگیپێدانانە بێت كە لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بە یەكێتی دەدرێت كە هەموومان بچینە ژێر باری ئەو بەرپرسیارێتییەی لەسەر شانی ئێمەیە تا بتوانین ئەم دۆخە تێپەڕێنین.
هاوڵاتى: هەوڵەكانی هەریەك لە مەحمود سەنگاوی و حامید حاجی غالی و عەدنان حەمەی مینا بۆ نێوەندگیری بەچی گەیشتووە؟
لەتیف نێروەیی: ئەو سێ هەڤاڵە سێ تێكۆشەری دێرینن و خاوەن ئەزمونن، بێگومان خەباتێكی زۆریان كردووە لەپێناو یەكێتی، بۆیە پەرۆشی ئەم دۆخەی یەكێتی بوون، بێگومان هەوڵەكانی ئەوان و كۆمەڵێك هەڤاڵانی دیكەی یەكێتی كە هەوڵەكانی ئەو دۆستانە بووە بەرهەمی هەموویانە كە كۆبوونەوەی رووبەڕوو ئەنجامدراوە، لەقۆناغێكی گرژی گەیشتووەتە قۆناغێكی نیمچە ئاسایی.
هاوڵاتى: ئایا سەركردایەتی یەكێتی چاوەڕوانی ئەو نێوەندگیریانەیە كە ئەنجامدراون؟ گلەییەك هەیە كە 124 ئەندامی سەركردایەتی بێدەنگن لەسەر ئەم دۆخە؟
لەتیف نێروەیی: سەركردایەتی یەكێتی بێدەنگ نییەو ئەم جۆرە كێشانە، كە پێی دەڵێن كێشەی ئاڵۆز واتا دانوساندنەكانیش ئاڵۆزن، ئەم جۆرە دانوساندنانە پێویستی بەوەیە كە قسەی لەسەرنەكرێت لەمیدیاكانەوە، تەنانەت شاندەكانیش نابێت زانیاری كۆبوونەوەكان ببەنە دەرەوە، چونكە جاری وایە لەسەر لێدوانێك دوور نیە كۆی پرۆسەكە پەكی بكەوێت، چونكە تا رادەیەك دۆخەكە هەستیارە.
بەگشتی سەركردایەتی یەكێتی تەحەفوز دەكەن لە لێدوان و قسەكردن، ئەوانیش بەبەردەوامی بەشێكی زۆریان لەهەوڵدان، بەڵام دواجار دەبێت ئەم دوو هەڤاڵە بگەنە نیمچە لێك تێگەیشتنێك ئەوجا سەركردایەتی دەتوانێت كۆبوونەوە بكات و بڕیاری تەندروست بدات، چونكە لەوانەیە بەدەر لەوە كۆبوونەوەی سەركردایەتی ئامانجی خۆی نەپێكێت.
بێدەنگبوونی سەركردایەتی جۆرێك بوو لەبەرپرسیارێتی و دۆخەكە وای دەخواست، لەم دۆخەدا هەر كۆبوونەوەیەكی بەپەلە بكرایە، بەرەئی شەخسی خۆم ئەنجامێكی ئەرێنی لێ نەدەكەوتەوە كە لەئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا بێت كە لەسەر شانی سەركردایەتیدا بووە.
هاوڵاتى: واتا دەتوانین بڵێین قۆناغی گرژی زۆر لەنێوان لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی تێپەڕێندراوەو بەرەو قۆناغی چارەسەر هەنگاو دەنێن؟
لەتیف نێروەیی: قۆناغی گرژی میدیایمان تێپەڕاند كە هەندێ گرژی دیكەی بەدوای خۆیدا هێنابوو، قۆناغی ئەوەشمان تێپەڕاند كۆبوونەوەی ناڕاستەوخۆ بكرێت لەڕێگەی تەرەفی سێیەم، گەیشتوونەتە قۆناغی كۆبوونەوەی رووبەڕوو، ئەمەش پێویستی بەكات هەیە و دەبێت گەشبین بین كە بگاتە ئەوەی هەواڵێك هەبێت كە دڵمان پێی خۆش بێت.