سیناریۆیەك دژی ئۆپۆزیسیۆنی كوردی ئێران‌و توركیا

ئه‌نوه‌ر حسێن(بازگر)

3 ساڵ لەمەوپێش



 

ئه‌نوه‌ر حسێن(بازگر)

فشارەكانی ئێران و توركیا بۆ دەركردنی ئۆپۆزیسیۆنی كوردی وڵاتەكانیان لەهەرێمی كوردستان و عێراق و داخستنی بارەگاكانیان، تا دێت زیاتر دەبێت و پێدەچێت حكومەتی عێراق، ملی بۆ ئەو داواكارییە دابێت و هەرێمیش لەژێر فشاردا بێت. 

 هەرێمی كوردستان سێ ئۆپۆزیسیۆنی پارچەكانی كوردستانی تێدایە، (هی باكور پەكەكە [كە لەزۆنی زەردو سەوزن]، هی رۆژهەڵات دیموكرات، كۆمەڵە و پژاك [یەكەم و دووهەمیان لە زۆنی سەوز و زەرد هەن، پژاك و كۆدار و باڵە سەربازییەكەشیان (YRK - یەرەكە) تەنها لەسنوری زۆنی سەوزن]، هی رۆژئاواش باڵەكەی سەر بەپەكەكە [لە زۆنی سەوز و باڵەكەی سەر بە پارتیش (ئەنەكەسە) لەزۆنی زەردن]، جگە لە (یەبەشە) كە لەشەنگال و مەخموور)ن.

لەكۆی ئەم گروپانە، (پەكەكە) لە زۆرترین سنوری جوگرافیای هەرێمی كوردستان بڵاوبوونەتەوە، لەنزیكەی (1140) گوندی سنوری زۆنی زەردو سەوز بارەگایان هەیەو وجودیان هەیە و زۆرجار تووشی شەڕو بەریەككەوتن دەبن لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە.

بەڵام پێدەچێت فشارەكانی ئێران و توركیا بۆ دەركردنی (پەكەكە) و (كۆمەڵە و دیموكرات) لە كوردستان، وردە وردە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، تەنها لەسنوری پەلامار، بۆردومان، هێرشی فرۆكەی بێفرۆكەوان و تیرۆر نەمێنێتەوە.

توركیا بەتەنها لە (15/8/2018) تا كۆتایی (ئابی 2021)، (10) لێپرسراوی گەورەی سەربازی و سیاسی پەكەكەی لەهەرێمی كوردستان تیرۆر كردوە، دووجاریش لەسەرەتاو  ناوەڕاستی (2017) هەوڵی تیرۆركردنی قەرەیڵان و رفاندنی جەمیل بایكی داوە، دوایین هێرشی چڕوپڕو ئۆپەڕاسیۆنی فرۆكەكانی توركیا بۆ سەر بنكەكانی (پەكەكە و پژاك)، لەڕۆژی (24/8/2021)، كە (20) فرۆكەی جەنگی بەچاودێری راستەوخۆی خۆلوسی ئاكار وەزیری بەرگری لەهێرش بۆ سەر ناوچەكانی شارباژێرو پێنجوێن بەقوڵایی (300كم)، هەڕەشەیەكی جددی و مەترسیدارە، كە نە حكومەتی هەرێم، نە یەكێتی هیچ وەڵامێكیان نەبووە و پرۆتستۆیان نەكردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بێدەنگی بەتایبەتی كە گەریلاكانی (پەكەكە و پژاك) لەسنوری زۆنی سەوز، فشارێكی زۆریان دروستكردووە و بەپێی سەرچاوەكان نزیكەی (1260) گەریلایان هێناوەتە ئەو ناوچانەو بەرپرسە ئیدارییەكانی ناوچەكەش دەڵێن «نائارامییان دروستكردووە و باج و گومرگ لەكاسبكاران وەردەگرن».

پارتیش لای خۆییەوە، نەك هەر نیگەرانە لەمامەڵەو رەفتاری گەریلاكانی پەكەكە لەبادینان، بەڵكو لەوەش زۆرتر وجوودی هێزەكانی (یەبەشە)یە لەشەنگال و مەخموور، كە بەردەوام توركیا بۆردومانیان دەكات، رۆژانە وەكو خۆیان دەڵێن «سەرئێشە بۆ پارتی دروستدەكەن و حەشدی شەعبی هاوكارییان دەكات».

قسەكانی (جومعە عیناد)ی وەزیری بەرگری عێراقیش رۆژی (31ی ئابی 2021) ئاماژەن بۆ هەماهەنگی لەگەڵ توركیا بۆ لێدانی (پەكەكە)، پێشتریش سەردانی رۆژی (11/6/2020)ی (هاكان فیدان) سەرۆكی دەزگای میت بۆ عێراق و دواتریش سەردانی كازمی لە (17/12/2020)، بەشێكی زۆری ئەو دوو سەردانە پەیوەندی بە (پەكەكە)ەوە هەبووە، بەتایبەتی كە كازمی لەو بارەیەوە ملی بۆ هەموو داواكانی توركیا داوەو ناردنی پۆلیسی فیدڕاڵی و هێز بۆ شەنگال، هەر لەو چوارچێوەیەدایە، بۆ فشار خستنە سەر (پەكەكە) و داخستنی بارەگاكانی (یەبەشە).

سەبارەت بەئۆپۆزیسیۆنی رۆژهەڵاتی كوردستانیش (كۆمەڵە، دیموكرات و پژاك)، ئێرانیش جیا لەوەی رۆژی (8/9/2018) بۆردومانی بارەگاكانی (حدك)ی كرد لەكۆیە، (16) كادر و ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی شەهید كردو بەردەوامیش نیگەرانی خۆی لەجموجوڵی ئەو هێزانە لە سنورەكان دەربڕیوە، هەوڵی تریشی داوە، بەڵام دوایین سەردانی وەفدی پارتی لە (29/6/2021)، كە پێكهاتبوون لە: (فازڵ میرانی، هۆشیار زێباری، پشتیوان سادق) بۆ تاران، یەكێك لەفایلە گەرمەكان، نیگەرانی ئێران بووە، لە بوونی چوار هێزی كوردی ئێران (حدك، حدكا، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و كۆمەڵەی زەحمەتكێشان) لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی و ناوچەكانی هەڵگوردو لەسەر سنور و چوونی پێشمەرگەكانی ئەو هێزانە بۆ ناوەوە، بۆیە پاش گەڕانەوەی وەفدەكە، بەو هێزانەیان رایگەیاندوە، كە لەو ناوچانە پاشەكشە بكەن و فشاریان لەسەر دروستكردوون. 

حەشدی شەعبیش بەجددی كار بۆ ئەو فایلە دەكات، كە لەڕێگای حكومەتی عێراقییەوە، كۆتایی بەبوونی بارەگاكانی (كۆمەڵە و دیموكرات) بهێنن، وەكو چۆن لە (10/9/2016) دوایین كادری سازمانی موجاهیدنی خەڵقیان لەكامپی ئەلبەرتی لەعێراق دەركرد، ژمارەیەكییان لێ كوژرا، دواتر گواسترانەوە بۆ ئەلبانیا.

وجوودی ئۆپۆزیسیۆنی توركیاو ئێران، هەرچەندە فشاری زۆری بۆ هەرێم هێناوە لەلایەن ئەو دوو وڵاتەوە، بەڵام پارادۆكسێكی تێدایە، كە (پەكەكە) هێشتا لەپێگە و هەژموونی ئێراندا، بەتایبەتی لەشەنگال و شەڕی نێوان (پەكەكە و پارتی) یەكێكە لەئەگەرەكان، هەرچەندە ئەمساڵ چەندین پێكدادان و رووبەڕووبوونەوەی پچڕ پچڕ هەبوون، كە تێیدا هەردوولا شەهیدیان داوە، بەڵام هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی دراوە، بەڵام پارتی دەڵێت «چی تر تەحەموولی ئەو رەفتارانەی پەكەكە ناكرێت»، تا ئەو رادەیەی لە سەرەتای تەمموزی ئەمساڵدا (پەكەكە) داوا لە (مەلا بەختیار) دەكەن، هەوڵەكانی خۆی بەكاربهێنێت بۆ رێگری لەئەگەری شەڕی نێوانیان و سەردانەكەی (مەلا بەختیار)و بینینی مەسعود بارزانی و سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەتیش هەر لەو پەیوەندییەدا بووە و ئاكامی هەوڵەكانیش ئیجابی بووە، بەڵام ئایا بەریەككەوتنی بەردەوامی ئەو دوو هێزە، مەترسی شەڕی لێناكرێت؟

بەڵام جیا لەوانە هەست بەبوونی سیناریۆو تارماییەك دەكرێت لەناوچەكەدا، كەڕەنگە هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنی كوردی ئێران و توركیا تێیدا زەرەرمەند بن و تووشی گرفت ببن.

- كە پێناچێت حكومەتی هەرێمی كوردستان، یەكێتی و پارتی سەرەڕای پێناخۆشبوونیان، یان ناڕازیبوونیان، دەرەقەتی ئەو گەلە كۆمەكێیە بێن-

 

حەشدی شەعبیش بەجددی كار بۆ ئەو فایلە دەكات، كە لەڕێگای حكومەتی عێراقییەوە، كۆتایی بەبوونی بارەگاكانی (كۆمەڵە و دیموكرات) بهێنن، وەكو چۆن لە (10/9/2016) دوایین كادری سازمانی موجاهیدنی خەڵقیان لەكامپی ئەلبەرتی لەعێراق دەركرد، ژمارەیەكییان لێ كوژرا، دواتر گواسترانەوە بۆ ئەلبانیا

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار