بەمناڵێكی شیرە خۆرەوە ساڵێك دەستدرێژی كرایە سەرم

نازو دربۆ بۆهاوڵاتى:

3 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

«مناڵێكی شیرەخۆرە لەباوەشمدا بوو دەستدرێژی كرایەسەرم و شەش جار كڕین و فرۆشتنم پێوەكرا لەماوەی ساڵێكدا لەلایەن داعشەوە»، نازۆ دربۆ یەكێك لەژنانی ئێزیدیی وای وت.

نازو دربۆ، خەڵكی گوندی وەردیە سەر بەقەزای شەنگال، تەمەن 25 ساڵ لەكاتی هاتنی داعش منداڵێكی 9 مانگی هەبووە، لە 3ی ئابی 2014 لەگەڵ خێزانەكەی كەوتوونەتە دەستی داعش.

رێكخراوی داعش لەسێی ئابی 2014 قەزای شەنگالیان داگیركردو بەشێك لەپیاوانی ئێزیدییان لەناوبردو ژن و كچانیان جیاكردەوەو گوازرانەوە بۆ موسڵ و بەشێكیان بۆ شاری رققەی سوریا رەوانە كران و وەك كەنیزەك كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرا.

نازۆ دربۆ، رزگاربوویەكی دیكەی دەستی داعشە، چیرۆكی دەستگیركردنیان و مامەڵەی چەكدارانی داعش بۆ هاوڵاتى دەگێڕێتەوە وتی:» رۆژی 3ی ئاب داعش گەیشتە گوندی وەردیە، باش بیرم دێت ژن و منداڵ و پیاویان كردە ناو لۆریەكی گەورە، ئێمەیان گواستەوە بۆ ناو خوێندنگایەك لەشاری تەلەعفەر».

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد زانیارییان نەبوو لەوەی پیاوانی ناو لۆرییەكەیان چی لێكرد، بەڵام ژن و كچ و مناڵەكانیان گواستەوە بۆ ناو خوێندنگایەكی تر لەتەلەعفەر»لەوێ ژن و كچیان لێك جیاكردەوە، منداڵەكەم تەمەنی 9 مانگ بوو شیرەخۆرە بوو لەدەستم دابوو  و ئەوكات شیری منی دەخوارد، دواتر هەموو كچەكانیان برد تەنها ژنان مانەوە «.

«لەو خوێندنگایە چەكدارانی داعش بەمنیان وت ئەو منداڵە هی تۆ نیە درۆ دەكەی، منیش پێم وتن بەڵی هی منە، تەنها ژنان مانەوە، دواتر ئێمەیان گواستەوە بۆ گوندی ( كسر المحراب )  كەگوندێكی شیعەیە دەكەوێتە قەزای تەلەعفەر، پێنج مانگ لەو گوندە ماینەوە، دواتر ئێمەیان گواستەوە بۆ هۆڵی گالاكسی لەناوەندی نەینەوا، مانگێك لەموسڵ ماینەوە دواتر جارێكی تر بردیانینەوە بۆ ناوەندی تەلەعفەر»، نازۆ دربۆ وا دەڵێت.

ئەو ژنە ئێزیدیەی رزگاربووی دەستی داعش ئەوەشی خستەڕوو لە تەلەعفەر داعش بازاڕی كڕین و فرۆشتنی كچان و ژنانیان دانابوو، رۆژانە 15 تا 20 چەكداری داعش دەهاتن، هەر یەكێكیان دارێكی ماسیحە بەدەستیانەوە بوو، هەر كەسێكیان بەدڵیان بووایە دەیانبرد، وتیشی:»لەو بازاڕەدا ژمارەی ژنان و كچانی ئێزیدی نزیكەی 500 كەس بوون و كچەكان هەموویان فرۆشران، هاتنە لای من وتیان تۆ درۆ دەكەی ئەو منداڵە هی تۆ نیە، وتم قەسەم بەخوا ئەو منداڵە هی منە، من و دەیان  ژنی تر كە مناڵمان پێبوو ماینەوە، دواتر بەپاسێك ئێمەیان گواستەوە بۆ سوریا و چوار رۆژ لەناو خوێندگایەكی ژێرزەوی دا بووین وەكو زیندان وابوو».

هەروەها نازۆ دربۆ لەدرێژەی گێڕانەوەی چیرۆكەكەیدا باسی لەوەشكرد كەدوای  چوار  رۆژ گواستویانەتەوە بۆ ناو خوێندگایەكی تر لەشاری رققە» چەكدارێكی داعش هات و منی كڕی، ئەمە یەكەمجار بوو كەمن فرۆشرام، هەموویان بەعەرەبی قسەیان دەكرد نازانم خەڵكی چ وڵاتێك بوون، لەسوریا شەش جار كڕین و فرۆشتنم پێكراوە، مامەڵەیان زۆر خراپ بوو، ناتوانم وەسفی بكەم».

هاوكات ئەو ژنە ئێزییدیە هێمای بۆ ئەوەشكرد كە چەند رۆژێك لای چەكدارێكی داعش بووە بەناوی ئەبو حەسەن، كورێكی تەمەن شەش ساڵی هەبوو بۆكس و شەقی لە كوڕە یەك ساڵانەكەی دەداو نەیدەتوانی هیچ قسەیەك بكات» ئەبو حەسەن خۆشی دەیوت با بۆكس لە كوڕەكەت بدات تافێری شەڕو كوشتن بێت، لەكاتێكدا كوڕەكەم تەمەنی ساڵێك بوو»

«ناخۆشترین شت كەهەرگیز لەبیری ناكەم ئەوە بوو كاتێك چەكدارانی داعش دەستدرێژییان دەكردە سەرم هەموو ئازارێكمان دەبینی كە باس ناكرێت».

نازۆ دربۆ بەخت یاوەری دەبێت بۆ رزگاربوون لەدەستی چەكدارانی داعش و وەك خۆی روونیكردەوە كە دواینجار چەكدارانی داعش فرۆشتوویانە بەكەسێك لەشاری حەلەب، ئەو كەسە قاچاغچی بووە» كەسوكارەكەم دەفتەرێك و 50 وەرەقەیاندا بەو قەچاغچیەو بەو شێوەیە لە 18ی ئاب 2015 رزگاربووم، تا ئێستا دایك و باوكی من لەگەڵ سێ براو دوو خوشكی من چارەنووسیان دیارنیە، كۆی گشتی كەسوكاری من ئەوانەی تائێستا چارەنووسیان دیارنیە ژمارەیان سەرووی 50 كەسە».

ئەو ژنە ئێزیدییە لەئێستادا لەگەڵ هاوسەرو سێ مناڵی لەپارێزگای دهۆك ژیان دەگوزەرێنن و پیاوەكەی كرێكاری دەكات تا بژێوی رۆژانە بۆ مناڵەكانی دابین بكات، نازۆ دەشڵێت:» سەڕەرای ئەو هەموو ناخۆشی و ئازارانە هێشتا هیچ مووچەیەكمان نیە، بژێوی ژیانمان لەسەر كرێكارییە ئەگەر رۆژێك ئیش هەبێت  ئەو رۆژە پیاوەكەم هەندێك پارەمان بۆ دەهێنێتەوە، ئەگەر ئیشیش نەبێت هیچ پارەشمان نابێت».

هاوكات داوای لەحكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان كرد كە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی ئێزیدیان هەڵبدەنەوە و كەسوكاریان ئەوانەی لەژیاندان لەژێر دەستی داعش رزگاربكەن» حەوت ساڵە چاوەرێی ئەوان دەكەین».

تائێستا نزیكەی سێ هەزار ژن و كچ و مناڵ و پیاوی ئێزیدی بێسەروشوێنن بەپێی ئاماری فەرمی دەزگای رزگاربووانی ئێزیدی و چارەنووسیان بەنادیاری ماوەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار