تەندروستی سلێمانی بۆ هاوڵاتی: کەڕووی رەش مەتریسدارە و رێژەی چاکبوونەوە کەمە
4 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
تەندروستی سلێمانی رایگەیاند:" چەند حاڵەتێکی نەخۆشی کەڕووی رەش تۆمارکراوە و نەخۆشەکانیش لەژێر چاودێری پزیشکیدان".
هێرش سەلیم جێگری بەرێوەبەری تەندروستی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە سلێمانی چەند حاڵەتێکی نەخۆشی کەڕووی تۆمارکراون، دەشڵێت، "نەخۆشییەکە مەتریسدارە و رێژەی چاکبوونەوە کەمە."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "حاڵەتی نەخۆشی کەڕووی رەش لە پێشتریشدا هەبووە و چاوەڕوان کراوە و سێ مانگ لەمەوبەریش چەند حاڵەتێک تۆمارکراون."
باسی لەوەشکردووە، "ئەم نەخۆشییە پەیوەندی بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە نییە، بەڵکو ئەو کەسانەی بەرگری جەستەیان دابەزیوە بە تایبەت ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەن و زۆر دەرمانی ستیرۆید بەکاردەهێنن مەترسی توشبوونیان لەسەرە."
هاوكات عەبدوڵا ئەحمەد، جێگری بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" چەند حاڵەتێكی نوێی كەروی رەش مان هەبووە و دوای تەواو دڵنیا بونەوە ئەمڕۆ پشتراستكرایەوە و رامانگەیاند".
کەڕووی رەش؛ نەخۆشییەکی زۆر دەگمەنە و بەهۆی بەرکەوتن بە کەڕوویەک (میوکەر مۆڵدەوە) کەسەکە توش دەبێت و بەشێویەکی بەربڵاو لە خاك و رووەك و سەوزە و میوەی خراپبوو و پەیینی ئاژەڵدا هەیە و کەڕووەکە کاردەکاتە گیرفانەکانی لووت و مێشك و سییەکان.

