لەهەڵبژاردنی ئەمجارەدا كورد لەناوچە جێناكۆكەكان پاشەكشە دەكات
رەشاد گەڵاڵی جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لەهەولێر بۆ هاوڵاتى:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: ئارا ئیبراهیم
جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لەپارێزگای موسڵ ئاماژە بە گۆڕانكاریەكی گەورە دەكات لە هاوكێشەی سیاسی ناوچە جێناكۆكەكان بەتایبەت لەپارێزگای موسڵ و نفوسی كورد بەگشتی.
رەشاد گەڵاڵی جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لەهەولێر، لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەشڵێت:» پارتی لەسەر ئاستی موسڵ پێنج بۆ شەش كورسی و یەكێتی یەك بۆ دوو كورسی دەردەچێت».
هەروەها ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كورد بەگشتی لە كەركوك و موسڵ و ناوچەكانی دیكەی جێناكۆك بە دەنگ و كورسی پاشەكشە دەكات.
هاوڵاتى: دۆخی كورد بەگشتی لەپارێزگای موسڵ چۆنە؟
رەشاد گەڵاڵی: دیارە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر هەردوو لایەن (پارتی، یەكێتی)ئەو پاشەكشێیەی لەڕووی ئیداری و حزبی لە مەخمور تا دەگاتە خانەقین زەرەری گەورەی بەكورد و ئەو دوو لایەنە گەیاندووە.
پارتی لەپارێزگای موسڵ، جێگری پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاو یەكە ئیدارییەكانی مایەوەو تەنها لەمەخمور پاشەكشەی كرد، بەڵام لە ناحیەو قەزاكانی حەمدانییەو گوێر پارتی پاشەكشەی نەكرد.
كۆی پۆستە ئیدارییەكانی ناو پارێزگاكە جگە لە قەزاو ناحیەكانی شەنگال و سنونێ و تل عوزێر ئێزیدیەكان دابەشی دوو بوونەوە، كە بەشێكیان نزیكن لە گەریلاكانەوە كە خاكی شەنگالیان رزگار كردو ئێستا ئەو حزبەی هەیانە بە فكر لەگەڵ ئۆجەلاندان، چونكە ئێزیدیەكان دەزانن گەریلا شەرەف و كەرامەتیانی پاراستووە، ئەمانە رێگریان كرد لە گەڕانەوەی قایمقامی شەنگال و هەم ناحییەكانی، بێجگە لەوە پارتی لەڕووی ئیدارییەوە گەڕاوەتەوە ناحیەو قەزاكانی دیكە.
هاوڵاتى: پێتانوایە دەنگی شیعەو سوینەكان گۆڕانكاری بەسەردا دێت بەهۆی بوونی حەشدی شەعبیەوە لەموسڵدا؟
رەشاد گەڵاڵی: سوودمەندی سەرەكی لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەمجارە لەپارێزگای موسڵ گروپە شیعییەكان دەبن، چونكە هەریەكەو لیوای حەشدی دروستكردووە، تەنانەت لیوای حەشدیان بۆ سونیەكان دروستكردووە و پەیوەستن بە حەشدی شەعبی، بەڵام پاڵپشتی حزبوڵاو تەیاری سەدری و رێكخراوی بەدرن.
شیعەكان كاندیدی سوننەیان هەیە بەڵام لەلایەن گروپە شیعییەكانەوە پاڵپشتی دەكرێن، بۆ نموونە شەبەك لە موسڵ هەمووی دەنگ بەكاندیدی شیعەكان دەدات لەگەڵ دانیشتوانی قەزای تەلەعفەر كە هەمووی دەنگ بەشیعەكان دەدەن، سبەینێ لە پەرلەمانی عێراق پەرلەمانتارەكانیان دەچنە پاڵ دەنگی گروپە شیعییەكان با سوننەش بن.
ئەگەر حەشدی شەعبی بوونی نەبوایە شیعەكان تەنها دوو كورسیان بەدەستدەهێنا، بەڵام بەهۆی بوونی حەشدی شەعبیەوە حەوت كورسی زیاتر دەهێنن، هەروەها سوننەكان پێگەی خۆیان هەیە، بەڵام ئەمجارە كورسییەكانیان بەهۆی حەشدی شەعبیەوە كەمدەكاتەوە.
هەروەها لەناو بازنەی شەنگال كە سێ كورسی بۆ دیاری كراوە، كورسییەك لەناو ئێزیدییەكاندا دەبەن و لیوا و هێزی خۆیان هەیە.
هاوڵاتى: بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كورد بەگشتی پاشەكشەی كردووە؟ ئایا پارتی و یەكێتی و ئەوانەی بەفكر لەگەڵ ئۆجەلانن چەند كورسی دەهێنن؟
رەشاد گەڵاڵی: ئەگەر كورد لەمەخمور پاشەكشەی نەكردایە دەنگ و رەنگی زیاتری دەبوو، یەكێتی نیشتمانی كوردستان كاكەییەكی كاندید كردووە لەمەخمور تا دەگاتە حەمدانییە، بەڵام پارتی دوو كاندیدی هەیە هەردووكیان عەرەبن كە ژن و پیاوێكی كاندید كردووە، ئەگەر پارتی پێیوابوایە كاندیدی كورد دەتوانێت سەر دەخات ئەوا كوردی كاندید دەكرد.
پارتی دەزانن ئێستا لەناحیەی گوێرو دەوروبەری لەسەدا 65% بووەتە عەرەب و تەنها لەسەدا 35% كوردی تێدا ماوەتەوە، دەنگدەری كورد لەسەر بنەمای ماددەی 140ی دەستور كە لەو ناوچەیە دەنگ دەدات تەنها ئەو رێژەیەیە كە باسم كرد.
ئەگەر لەسەر بنەمای ئەوە بێت كە دەنگدەر بچنەوە ناوچەكانی خۆیان دەنگ بدەن پێموایە كورسیی و دەنگی كورد بەتەواوی دادەبەزێت و پاشەكشە دەكات، چونكە پارتی لە قەزای شەنگال دەنگەكانی كەمدەكات، بەڵام كورسی دەبات بەهۆی ئاوارەكانی ئێزیدی كە لەپارێزگای دهۆك كە لەكەمپەكاندا نیشتەجێن.
لەسەر ئاستی پارێزگای موسڵ یەكێتی یەك كورسی بەدەستدەهێنێت و شەڕی بۆ دەكەین، هەوڵیش دەدات بیگەیەنێتە دوو كورسی بەڵام زۆر زەحمەت دەبێت، هەروەها پارتی بەزیرەكانەوە چووەتە ناو حزبەكانی سوننە و شیعەكانیشەوە و كاندیدی لەبەغداو دیالەو سەڵاحەدین و عەمارەو كووت هەیە.
پێموایە پارتی لەسەر ئاستی پارێزگای موسڵ پێنج كورسی زیاتر دەبات، ئەگەر ئەو یاریە زیرەكانەی كردوویەتی لەبەغداو دیالەو سەڵاحەدین بۆ قەرەبووكردنەوەی كەمكردنەوەی دەنگ و كورسیەكانیەتی لەموسڵ كردوویەتی.
ئەو حزبەی كە لەشەنگال دروست بووە و بەفكر نزیكن لە عەبدوڵا ئۆجەلان و لیوایەكی حەشدیان هەیە بەتەئكید كورسی كۆتای ئێزیدییەكان بۆ ئەوان دەبێت.
هاوڵاتى: بەپێی زانیاریەكانتان و خوێندنەوەی خۆتان لە پارێزگای كەركوك دەنگی كورد كەمدەبێتەوە؟
رەشاد گەڵاڵی: بەپێی خوێندنەوەم پارتی لە پارێزگای كەركوك دوو كورسی بەدەست دەهێنێت، ئەو دۆخە خراپ و پاشاگەردانییەی دروست بووە لەناو یەكێتی پێموایە ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا بێت كە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆك بەشداری بانگەشەی هەڵبژاردنەكان نەكات كاریگەری سلبی لەسەر دەنگی یەكێتی دەكات لە هەموو ناوچەكان بەتایبەت لە كەركوك و موسڵ و ناوچەكانی دیكەش، چونكە هاوسۆزییەكی زۆر بۆ لاهور شێخ جەنگی هەیە تەنانەت بەهۆی ئەو دۆخەوە بەشێك لە كاندیدە سەربەخۆكانیش لە پارێزگای سلێمانی سەردەكەون.
هاوڵاتى: پێتوایە دۆخی كورد دوای ئەم هەڵبژاردنە بە چی دەگات؟
رەشاد گەڵاڵی: ئەگەر دەنگ و كورسی كورد بەگشتی لە عێراقدا بەراورد بەهەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عێراق كەمببێتەوە كاریگەری نەرێنی دروستدەكات لەسەر بودجەو مووچەو داواو مافە رەواكانی گەلی كورد بەگشتی.