لەبەغدا كار بۆ باشتركردنی ناردنی پێداویستییە پزیشكییەكان بۆ هەرێمی كوردستان دەكەم

د.رێزان ئەحمەد حەسەن هەردی كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان بۆ هاوڵاتى:

3 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: هاوڵاتى

كاندیدێكی هاوپەیمانی كوردستان دەڵێت:» ئەگەر هاووڵاتیان متمانەم پێبكەن لەبەغدا كار بۆ باشتركردنی ناردنی پێداویستییە پزیشكییەكان بۆ هەرێمی كوردستان دەكەم».

د. رێزان ئەحمەد حەسەن هەردی كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان، لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەشڵێت:» زۆر زۆر گرنگە وەكو هاوپەیمانی كوردستان (گۆڕان، یەكێتی) ئەگەر متمانەی هاووڵاتیان بەدەستبهێنین یەكێك لەكارە سەرەكییەكانمان كە لەگەڵ هەموو لیست و قەوارە سیاسییەكانی كوردستان لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەندی بەخەڵكی كوردستانەوە هەیە پێكەوە بین».

هاوڵاتى: ئامانجی كاندیدبوونت بۆ پەرلەمانی عێراق چییە؟

د. رێزان ئەحمەد هەردی: چەند هۆكارێك وایكردووە كە خۆم كاندید كردووە، یەكێك لەگرفتی هاووڵاتیان گرفتی كەرتی تەندروستییە، بۆ خۆشتان دەزانن لەو رۆژەی مرۆڤ لەناو سكی دایكیدا دەخوڵقێت تا ئەو رۆژەی گیان لەدەستدەدات، مەحاڵە پێویستی بەچاودێری پزیشك نەبووبێت، كەواتە لەو كاتەوەی لەدایك دەبین پێویستمان بەسەرپەرشتی و چاودێری كەرتی تەندروستی هەیە كە پەیوەندی راستەوخۆی بەژیانمانەوە هەیە.

بەداخەوە كەرتی تەندروستی لەعێراقدا داڕماوەو بەرەو دواوە رۆیشتووە، بۆیە دەمەوێت بەگەیشتنمان بۆ پەرلەمان بچمە لیژنەی تەندروستی و لەوێوە كاریگەریمان هەبێت لەسەر سیستمی تەندروستی عێراق و هەرێمی كوردستان.

هەروەها یەكێكی دیكە لەهۆكارەكانم ئەوەیە كە دەزانین تائێستا دەرمان و كەرەستەی پزیشكی و پێكوتەكانمان لەعێراقەوە بۆ دێت، كەواتە راستەوخۆ پەیوەندیمان بەحكومەتی فیدراڵی عێراقەوە هەیە، گۆڕانكاریەك لەوێ رووبدات كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت.

ئەگەر لەپڕێكدا دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەكانمان لێ ببڕن نەخۆشەكانمان تووشی كێشە دەبنەوە، یەك دوو جار پێكەوتەی گەزازمان لەعێراقەوە بۆ نەهات لەماوەی رابردوودا، كە شتێكی زەرورە بەردەوام هەبێت، ناچار بەشێك لەكۆمپانیاكانی دەرمان گەزازیان هێنا بەنرخێكی گران دەیانفرۆشت بە هاووڵاتیان.

كەواتە ناتوانرێت ئەگەر كەرتی تەندروستی لەعێراقدا چارەسەر نەكرێت و كاری بۆ نەكرێت كاریگەری گەورەی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت.

هاوڵاتى: بەردەوام بەغدا غەدری لەهەرێمی كوردستان كردووە لەپشكی دەرمان و پێداویستی پزیشكیدا، چی دەكەن بۆ داكۆكیكردن لەهەرێم لەپەرلەمانەوە؟

د. رێزان ئەحمەد هەردی: لەپەرلەماندا دوو سێ ئەركمان دەبێت، یەكەمیان دەركردنی یاساو دووەمیان چاودێریكردنی حكومەت و دەرچواندنی یاسای بودجەیە.

دەركردنی یاسا پێویستی بە لۆبی كردن هەیە لەناو پەرلەمانی عێراقدا كە پرۆژەیاسایەك ئامادەبكەیت و وا بكەیت نوێنەرانی عەرەبیش هاوشێوەی كورد پشتیوانی بكەن تا بتوانرێت لەپەرلەمان كاری لەسەربكرێت.

دڵنیام لەپرسی گرنگ و چارەنووساز و ئەوەی پەیوەندی راستەوخۆی بەژیانی هاووڵاتیانەوە هەبێت لیستە كوردییەكان یەكهەڵویست دەبن، بەڵام پێویستمان بە لۆبی كردنیەتی لەناو عەرەبی سوننەو شیعەكانیشدا تا پاڵپشتی بكەن.

ئێمە یەكێك لەگرفتەكانمان دوای ئەوەی پشكی بودجەی هەرێم لەسەدا 17% كەمكرایەوە بۆ لەسەدا 12.67، پشكی دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكانیش كەمكرایەوە، بۆ نموونە  دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەكان لەعێراقەوە بۆمان دێت و وەكو نەخۆشی شەكرەو زەخت و شێرپەنجە، كە نەخۆشی زۆرمان هەیە و دەرمانی چارەسەرەكەیمان لەعێراقەوە بۆ دێت.

هەروەها یەكێكی دیكە لەگرفتەكانی نەخۆشانی هەرێم سستبوونی گورچیلەیە كە پێویستی بەپاككردنەوەی گورچیلە (غەسلی گورچیلە) هەیە، كە لەهەرێمی كوردستاندا ئامێرەكەیمان هەیە، بەڵام ئەو دەرمانەی بەكاردەهێندرێت بۆ ئەوەی گورچیلەكە پاكبكاتەوە لەعێراقەوە بۆمان دێت، ئەگەر پشكی ئەو دەرمانە كەمببێتەوە یان لێمان ببڕێت زەرەرمەندی سەرەكی خەڵكی فەقیرو هەژاری هەرێمی كوردستانە.

هاووڵاتیانی هەژارو كەمدەرامەت چاوەڕێی دەرمان دەكات وەریبگرێت نەك بیكڕێت، خۆتان دەزانن ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە دەفتەریان بۆ كراوەو مانگانە دەچێت وەریدەگرێت و پارەیەكی رەمزی لێوەردەگیرێت.

هاوڵاتى: پێتانوایە دەبێت لیستە كوردستانییەكان بەهەموو رەنگ و دەنگەكانەوە یەكهەڵوێست بن بەرانبەر مافەكانی كورد؟

د. رێزان ئەحمەد هەردی: زۆر زۆر گرنگە وەكو هاوپەیمانی كوردستان (گۆڕان، یەكێتی) ئەگەر متمانەی هاووڵاتیان بەدەستبهێنین یەكێكە لەكارە سەرەكییەكانمان كە لەگەڵ هەموو لیست و قەوارە سیاسییەكانی كوردستان لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەندی بەخەڵكی كوردستانەوە هەیە، ئەوەی پەیوەندی بەپرسی بودجەو مووچەوە هەیە یان هاوتاكردنی موچەی هێزەكانی پێشمەرگە بەسەربازانی سوپای عێراق و پشكی دەرمان و مەوادی خۆراكی دەبێت هەموو قەوارە كوردییەكان پێكەوە بین.

ئێمە كە دەڵێت وەك هاوپەیمانی كوردستان پێكەوە بەهێزترین، لەداهاتوودا لەگەڵ هەموو لیستەكانی دیكەدا بەهێزتر دەبین، ئەگەر بتوانین هەموو كوتلەكان كورسییەكانمان زیاتر بێت قەوارەی كورد بەگشتی دەنگ و سەنگی لەبەغدا زیاتر دەبێت، كاری زیاتر دەتوانین بكەین و لۆبی گەورە دروستبكەین بۆ پرسە نەتەوەیی و چارەنووسسازەكان و روونكردنەوە بدەینە عەرەبی سوننەو شیعەكان و بەپێی دەستور مامەڵە بكەین.

هاوڵاتى: دەیان ماددەی دەستوری كە پەیوەندی بەگەلی كوردەوە هەیە لەعێراقدا پێشێل كراوە، تاچەند دەتوانن وا بكەن ماددەكانی دەستور تایبەت بەكورد پێشێل نەكرێت و بەرگری لێبكەن؟

د. رێزان ئەحمەد هەردی: بەیەكگرتوویی و یەكهەڵوێستی بەهێزتر بین و ژمارەمان زیاتر بێت وەك قەوارە كوردییەكان دەتوانین زیاتر بەرگری بكەین لەپەرلەماندا تا ئەو ماددە دەستوریانە پێشێل نەكرێت.

هەروەها دەتوانین پۆستی زیاتر لەحكومەتی داهاتووی عێراقدا وەربگرین تا لەو رێگەیەوە داواكارییەكانی كوردو مافەكان بەدەستبهێنین، كە دەتوانین كار بۆ دۆزی نەتەوەكەمان بكەین.

هاوڵاتى: هەموو خولەكانی پێشوو سەركردایەتی كورد چاوی لەپۆستی وەزارەتی دەرەوە بووە، تا چەند بەلاتەوە گرنگە وەزارەتە خزمەتگوزارییەكان بەتایبەت وەزارەتی تەندروستی كورد كاری بۆ بكات و وەریبگرێت لانی كەم بۆ بەدەستهێنانی پشكی حەقیقی خۆی لە پێداویستییە تەندروستییەكان؟

د. رێزان ئەحمەد هەردی: بەبۆچوونی شەخسی خۆم یەكێك لەوەزارەتە گرنگەكان كە پێویستە سەركردایەتی سیاسی كورد بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق كاری بۆ بكات وەرگرتنی وەزارەتی تەندروستییە.

لەوەزارەتی تەندروستیدا ئەگەر كارێك هاتە بەردەمت پرسەكە پەیوەندی بەهەرێمی كوردستانەوە هەبێت دەتوانی كاری بۆ بكەیت كە نەهێڵیت ئەو غەدرە بكرێت، بەڵكو وا بكەیت پشكی حەقیقی كورد لەدەرمان و پێداویستی پزیشكی بۆ هەرێم رەوانە بكەیت، گرنگە كورد كاری بۆ بكات و وەریبگرێت.

هەروەها گرنگە كە وەزارەتی تەندروستی كەرتێكی خزمەتگوزارییە هەم واش بكەیت ئیشی باش بۆ ئەوانیش بكەیت كە پێیان بڵێت ئێمە بۆ دوژمنایەتی نەهاتووین، بەڵكو پێش ئەوەی ئەم دەوڵەتە دروست ببێت كورد لەسەر ئەم زەویە ژیاوەو نیشتەجێبووەو بەهەزاران ساڵە كورد بوونی هەیەو مافمان لەم وڵاتەدا هەیە، ئێستا زەمەنی شۆڕش و كوشتن كۆتایی هاتووەو زەمەنی شەڕی مەدەنی و لۆبی كردن و دۆست پەیداكردن هەیە، كورد لەو رێگەیەوە كاربكەین.

هاوڵاتى: بزوتنەوەی گۆڕان كە لەگەڵ یەكێتی هاوپەیمانی كوردستانتان پێكهێناوە تاكە كاندیدی ژنن، تا چەند بزوتنەوەی گۆڕان و لیستی هاوپەیمانی كوردستان پاڵپشتیتان دەكات؟

د. رێزان ئەحمەد هەردی: نەك هەر لەبەرئەوەی ژنم بەڵكو بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی لەناو لیستی (هاوپەیمانی كوردستان) هەوڵدەدەن هەموو كاندیدەكانیان لەناو لیستی هاوپەیمانی كوردستان سەربكەوێت، تەنانەت ئەو بازنەو شوێنانەی گۆڕان كاندیدی نییە بە هەڵسوڕاوانی گۆڕانمان راگەیاندووە كە دەنگ بدەن بەكاندیدەكانی یەكێتی لەناو لیستی هاوپەیمانی كوردستاندا.

پاڵپشتییەكی بەهێزم هەیە هیوادارم هەر پاڵپشتییەكەم لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا نەبێت، بەڵكو لەناو یەكێتی و خەڵكی دیكەشدا هەبێت، چونكە بەتەنها نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان نابم، بەڵكو نوێنەری هەموو كورد دەبم.

هاوڵاتى: لەچ بازنەیەكی سلێمانیدان، ئەو شوێنانە كوێن كەهاووڵاتیان دەتوانن دەنگت پێبدەن؟

د. رێزان ئەحمەد هەردی: لەبازنەی دووی باشووری سلێمانیدام، كە لەعەربەتەوە دێتە خوارەوە بەرەو چوارباخ و سەرشەقام و شارەوانی و رزگاری و ئنجا دەچێتە بەختیاری و بەكرەجۆو راپەڕین و تاسڵوجەو بازیان و باینجان، هەروەها لەولاوە بەرەو قەراغ و سێوسێنان دەڕوات.

هیوادارم هاووڵاتیان متمانەی دەنگمان پێبدەن، ئینشائەڵا ئێمەش پاڵپشتی داوا رەواكانی گەلی كورد دەبین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار