مه‌حمود سه‌نگاوى: حكومه‌ت باوكێكى خراپه چونكه ده‌ست پیسى و خراپه‌كاریی هه‌یه

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
مه‌حمود سه‌نگاوى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیی ڕایگه‌یاند: " وه‌كو ده‌وترێت حكومه‌ت باوكى میله‌ته، به‌ڵام منیش ده‌ڵێم باوكێكى خراپه، چونكه ده‌ست پیسى هه‌یه‌و خراپه‌كاریی هه‌یه".
ئەمرۆ شەممە 18ی ئەیلوول 2021 مه‌حمود سه‌نگاوى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیی له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كى جه‌ماوه‌ریدا له‌سنورى گه‌رمیان ڕایگه‌یاند: "من ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیم، به‌رامبه‌ر زۆرێك له‌حزبه‌كان قسه ده‌كه‌م‌و ده‌مدرێژى ده‌كه‌م، ڕاستگۆیانه ده‌ڵێم ئه‌و به‌ڵێنه‌ى به‌میله‌ته‌كه‌ى خۆماندا وه‌كو خۆى جێبه‌جێمان نه‌كرد".
ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیی ده‌شڵێت:"من بۆخۆم هه‌تا بمێنم یه‌كێتیم، بشمرم ده‌ڵێم به‌ئاڵا سه‌وزه‌كه‌ى یه‌كێتیه‌وه بمنێژن، به‌ڵام ڕاستیه‌ك هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه خه‌ڵك گله‌یی له‌حكومه‌ته‌كه‌و پارتى‌و یه‌كێتیش هه‌یه، ئه‌گه‌ر له‌بازاڕدا ڕاپرسیه‌ك بكرێت له‌باره‌ى حزبه‌كان، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه زۆرینه دژمانه‌و لێمان ناڕازیه، وه‌كو ده‌وترێت حكومه‌ت باوكى میله‌ته، به‌ڵام منیش ده‌ڵێم باوكێكى خراپه، چونكه ده‌ست پیسى هه‌یه‌و خراپه‌كاریی هه‌یه".
مه‌حمود سه‌نگاوى زیاتر له‌وباره‌یه‌وه وتى:"ئه‌وانه‌ى ئێستا حاكمن كه‌سیان ماندوو نه‌بون، نه ماڵى مام جه‌لال‌و نه ماڵى مه‌سعود بارزانیش كه‌سیان له‌مه‌یدانه‌كه‌دا شه‌هید نه‌بون، ئینكارى له‌مام جه‌لال‌و هێرۆ خان ناكرێت كه قاره‌مان بون‌و خه‌باتیان كردوه، هه‌روه‌ها ماڵى مه‌لا مسته‌فاش به‌رده‌وامبون له‌خه‌بات، ڕه‌نگه كارى خراپى زۆریشیان كردبێت، به‌ڵام كه‌سیان كوڕیان نه‌كوژراوه، ئازارى كوڕ كوشتنى خه‌ڵكیان له‌ناخدا نییه، بۆیه به‌و شێوه‌یه حاكمیه‌ت ده‌كه‌ن، ئومێده‌وارین به‌خۆیاندا بچنه‌وه".
ئه‌ندامه‌كه‌ى مه‌كته‌بى سیاسیی یه‌كێتى وتى:"تكایه بۆ په‌رله‌مانى عێراق واز له‌سزادانى حزبه سیاسییه‌كان بێنن‌و ئه‌و سزایه هه‌ڵبگرن بۆ په‌رله‌مانى كوردستان، له‌وێ سزایان بده‌ن‌و بۆیان بسه‌لمێنن كه ئه‌گه‌ر جه‌ماوه‌ر نه‌بێت حزبه سیاسییه‌كان هیچ نین، چونكه له‌بنه‌ڕه‌تدا نابێت حزبى سیاسیی خاوه‌نى سامان‌و پاره بێت، حزبى سیاسیى ده‌بێت له‌سه‌ر ئابونه بژى، نه‌ك ئه‌وه‌ى ئێستا حزب خاوه‌نى ئه‌و هه‌موو پاره‌و سامانه بێت كه ئێستا هه‌یه‌تى".
