لە پەرلەمانى عێراق، دۆسییەی موچە و هەناردەى نەوت تاوتوێ دەکرێت

3 كاتژمێر لەمەوپێش



ئەمڕۆ چوارشەممە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق میواندارییەکی گرنگی ئەنجامدا. لەم کۆبوونەوەیەدا، وەزیرانی دارایی و پلاندانان، لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئامادە بوون. ئامانج لەم کۆبوونەوەیە، خستنەڕووی دوایین زانیارییەکان بوو لەبارەی دانوستانەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، هەروەها دۆزینەوەی هۆکارەکانی دواکەوتنی مووچەی خانەنشینان.

موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی، دووپاتیکردەوە« کە لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی باس لە داهاتەکانی عێراق بۆ ساڵی 2025 کراوە. هەروەها، گرنگییەکی زۆر بە کێشەی دواکەوتنی مووچەی خانەنشینان دراوە، بەتایبەتی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی یەکجارەکی بۆ ئەم گرفتە، تاوەکو لە داهاتوودا دووبارە نەبێتەوە.

یەکێکی دیکە لە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم کۆبوونەوەیە، خستنەڕووی دوایین ئەنجامەکانی دانوستانەکانی حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان بوو. ئەمەش لەکاتێکدایە کە دوێنێ سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا پرسی داهاتی نانەوتی هەرێم ئاراستەی ئەنجومەنی دەوڵەت بکات بۆ بڕیاری کۆتایی.

لە ماوەی ئەم مانگەدا، مووچەی خانەنشینانی عێراق چەند رۆژێک دواکەوت، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتەوە و کاردانەوەی گەورەی بەدوادا هات. هەرچەندە وەزارەتی دارایی هۆکاری دواکەوتنەکەی بۆ "گرفتێکی هونەری" گەڕاندەوە، بەڵام ئەم پرسە بووە جێگەی بایەخێکی زۆر لەناوخۆی عێراقدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار