هەرێمی کوردستان لەنێوان ئێرانو تورکیا!
ئارێز عەبدوڵا
3 ساڵ لەمەوپێش
ئارێز عەبدوڵا
كێشەی هەر گەورەی هەرێمی کوردستان جیۆپۆلەتیکە، واتا هەڵکەوتەی جوگرافی و هەژموونی سیاسی وڵاتانی دەوروبەر بەسەریەوە. هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراق دەستووری و دانپیاندراوە، بەڵام هەندێ لەوڵاتانی تر، روونتر ئەو وڵاتانەی بەشێکی کوردستانیان داگیرکردوە بەڕێژەی جیاجیا ئەم هەرێمە بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان دەزانن. هەر ئەو هۆکارەشە وادەکات هەر کاتێک حکومەتی عێراق رووبەڕووی گرفتی سیاسی، سەربازی یان ئەمنی ببێتەوە دەوڵەتانی دەرو دراوسێ دەکەونە هەوڵ و تەقەڵا بۆ زیادکردنی هەژموونی سیاسی و عەسکەری خۆیان بەسەر عێراق بەگشتی و کوردستانیش بەتایبەتی، نەبادا هەرێم دەرفەت بۆ جیابوونەوە یان فراوانکردنی سنورەکانی بقۆزێتەوە.
ئێمە لەستراتیژ و مەرامی ئەو دەوڵەتانە تێدەگەین، بێگومان ئەوانیش لەئێمە، بەڵام دواجار ئەوان مافەڕەواکانی ئێمە بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان دەبینن.
هەرێمی کوردستان نەک هەر ناچارە، بەڵکو ئەرکی سەرشانیەتی ئەو واقیعە ببینێ و بەشێوەیەکی گونجاویش لەگەڵ ئەوان بەدوای بەرژەوەندییە هاوبەشەکاندا بگەڕێ، تا لانی کەم هەموو سەرەداوەکان نەپچڕێن و پەیوەندی و دیالۆگیش بەردەوام بن. مخابن سیاسەتی رەسمی هەرێم لەو بارەیەوە پڕ لە ناڕوونی و هەڵەی گەورە گەورەیە، چونکە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە نەک هەر لەڕوانگەیەکی نیشتیمانیی فراوان و ستراتیژێکی روون نین، بەڵکو مەترسیشن بۆ ئاییندە.
ئەگەر ئێمە جگە لەعێراق باسی هەرسێ دەوڵەتە دراوسێکەی تر بکەین دەبینین:
- سوریا بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانی سەرقاڵی خۆیەتی و لە هاژو هوژ بەولاوە هیچ کاریگەرییەکی نییە.
- تورکیا بەزەبری هێز و بەپاساوی پەکەکە بەشێک لەخاکی هەرێمی کوردستانی داگیرکردوە و هێشتاش بەرە وپێشەوە دێ و بەو رێگایەش دەیەوێ هەژموونی سیاسی لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق زیاد بکات.
- ئێران چاوی لە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان نییە، بەڵام هەرگیز چاو لەسەر نەجەف و کەربەلا هەڵناگرێ و دەستبەرداری هەژموونەکەشی نابێ.
هەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیا ئەگەر سەبارەت بە هەرێمی کوردستان خاڵی هاوبەشیشیان هەبێ ئەوا تاڕادەیەک تاکتیک و ستراتیژیان جیاوازە. لەبەرچاو گرتنی جیاوازییەکان گرنگە، چونکە لەو روانگەیەوە هەرێمی کوردستانیش دەتوانێ مامەڵەیان لەگەڵدا بکات. کاتێک ئێمە دەڵێین تاکتیک و مامەڵەی ئێران و تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان جیان دەتوانین چەند نموونەیەکی زەق لەو بارەوە نیشان بدەین:
تورکیا ئەندامی ناتۆ و هاوپەیمانی ئەمریکایە، بەڵام هەمیشە لە دژی خواستەکانی کورد لەهەموو دونیا دەجوڵێتەوە، بەڵام ئێران دژی ئەمریکایەو لەزۆر وێستگەشدا فشاری کردۆتە سەر هاوپەیمانە شیعیەکانی لەعێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و رێککەوتن لەگەڵ هەرێم.
یەکەم: یەکەمین وڵات قونسڵیەی خۆی لەهەرێمی کورستان کردەوە ئێران بوو، بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو پەیوەندییە سیاسی و بازرگانیانەی نێوان هەولێر و ئەنقەرە هێشتا تورکیا ئامادە نییە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم وەکو تاران و واشنتن لەئەنقەرەش بکرێتەوە.
دووەم: تورکیا ئەندامی ناتۆ و هاوپەیمانی ئەمریکایە، بەڵام هەمیشە لە دژی خواستەکانی کورد لەهەموو دونیا دەجوڵێتەوە، بەڵام ئێران دژی ئەمریکایەو لەزۆر وێستگەشدا فشاری کردۆتە سەر هاوپەیمانە شیعیەکانی لەعێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و رێککەوتن لەگەڵ هەرێم.
سێیەم: هەرچەندە زۆر لەمێژە حزب و هێزە شۆڕشگێڕەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستانن، بەڵام تا ەم دواییانە جگە لەکردەوەی سیخوڕیی لەلایەن ئێرانەوە بەهێز پەلامار نەدراون.
ئایا بۆچی ئێستا بارودۆخ گۆڕا، ئێران بەئاشکرا و نوێژی نیوڕۆ بەپاساوی راوەدونانی هێزە شۆڕشگێڕەکانی رۆژهەڵات ناوچە سنورییەکان تۆپباران دەکات؟
ئایا هەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیا رێککەوتون لەسەر بەرتەسککردنەوە و بێهێزکردنی هەرێمی کوردستان یان هۆکاری تر هەیە؟
ئەزمون سەلماندویەتی دەوڵەتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان هەموو کات ئامادەن لەدژی خواستەکانی کورد بەپێچەوانەی ناکۆکیەکانیان رێکبکەون، بەڵام تو بڵێی ئێمەش بێ هەڵە بین؟
بەهۆکاری پەلکێشی سوپای تورکیا بەرەو قوڵایی هەرێم و سنورەکانی ئێران هەر ئێمە نا، بەڵکو ئێرانیشی نیگەران کردووە، چونکە تادێ ئێران لەلایەن تورکیاوە ئابلۆقە دەدرێ، ئەوە لەکاتێکدایە ئەگەر حکومەتی هەرێم ئەو داگیرکەرییەی پێ باشیش نەبێ، ئەوا هەمان پاساوەکانی تورکیای بۆ دەهێنێتەوە!
ئێستا لەناو دامودەزگا و ناوەندە سیاسی و راگەیاندنەکانی ئێران و تورکیاش چەند پرسیارێک دەورووژێندرێن: ئایا ئەو بارودۆخە بەرەو کوێ دەچێ؟
دەپرسرێ بۆچی هەرێم یان لانیکەم بەشێکی هەرێم هاوکاری تورکیایە لەدژی پەکەکە، بەڵام لەهەمان کات و شوێندا پشتیوانی هێزە شۆڕشگێرەکانی رۆژهەڵات دەکرێ؟
دیارە لێرەدا مەبەستم رەخنەگرتن لە هاوکاریکردنی هەر هێزێکی رزگاریخوازی کوردستان نییە، بەڵام لای منیش پرسیارێکی گەورە هەیە ئایا ئەو تاکتیکانە بەشێکن لەستراتیژی نیشتیمانی و چەندیش خزمەت بەکێشەی رەوای نەتەوەیی کورد دەکەن؟
دوا قسەم ئەوەیە پێویستە هەرێم رەچاوی ئەوە بکا، کەئێمە ئێستا بەشێکین لەدەوڵەتی عێراق، لەحکومەتەکەشی بەشدارین، بۆیە دەبێ سود لە وانا و جومگەکانی ئەو دەوڵەتە وەربگرین و سیاسەتێک پەیڕەو بکرێ، کە سەروەریی هەرێمی کوردستان لەچوارچێوە و سەروەریی دەوڵەتی عێراق بپارێزێ، نەک (گورگان خوارد)ی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەتی بکرێین