قبوڵی تاكڕەوی ناكەین لەمامەڵەكردن لەگەڵ بەغداو دەمانەوێت كورد یەكڕیز بێت

برزۆ مەجید، كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان لەبازنەی (4)ی هەولێر بۆ هاوڵاتى:

3 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: هاوڵاتى

كاندیدێكی هاوپەیمانی كوردستان ئاماژە بەوە دەدات پێویستە كورد دەرس و پەند لەهەڵەكانی رابردووی وەربگرێت لەگەڵ عێراق و دەشڵێت:» قبوڵی تاكڕەوی ناكەین لە مامەڵەكردن لەگەڵ بەغداو دەمانەوێت كورد یەكڕیز بێت».

برزۆ مەجید، كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان لەبازنەی چواری هەولێر لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەشڵێت:»عەیبە دوای 30 ساڵ حوكمڕانی كێشەی مووچەو نەوت و سوتەمەنی و ئاوو كارەبا هەبێت».

هاوڵاتى: ئامانجی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی بۆ هاوپەیمانی كوردستان چییە؟ بەرژەوەندی حزبییە یان یەكخستنی هەڵوێستەكانە؟

برزۆ مەجید: هاوپەیمانی كوردستان بەهیچ جۆرێك بۆ بەرژەوەندی حزبی نییە، لەهەمانكاتدا دژی هیچ لایەنێك نییەو لەمەودوا تاكڕەوی لەهیچ لایەنێك قبوڵ ناكرێت.

دانوساندن لەگەڵ بەغدا بەمیزاجی شەخسی و بەجۆرێك لەهەر لایەنێكی سیاسییەوە بێت تاكڕەوی قبوڵ ناكرێت، كە بەزەرەری میللەت بكەوێتەوە، ئێمەو لایەنی دیكەش وتوویانە كە پارتی قۆرغی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و بەغدای كردووە بۆ نموونە، ئەوە خەتای پارتییەو لەزیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان شكاوەتەوە، بەڵام بێگومان غەڵەتی حزبەكانی دیكەشی تێدایە ئەگەر هێزو لایەنەكانی دیكە بەرانبەر بەو تاكڕەویە بێنە دەنگ و قسە بكەن و فشاربكەن بۆ ئەوەی یەكڕیزی دروست ببێت ئەوە لەبەرژەوەندی خەڵكی هەرێمدایە، بۆیە هاوپەیمانێتی یەكێتی و گۆڕان بۆ بەرژەوەندی حزبی نییە، بۆ یەكڕیزییە و دەرس و پەند وەرگرتنە لەو هەوو هەڵانەی كە لە 2003 تائێستا لەمامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا كراوە، بۆیە دەمانەوێت بۆ جارێكی دیكە دەرس و پەند لەمێژوو وەربگرین و ئەو هەڵانەی كردوومانە چاكی بكەینەوە، تەنها ئەوە بە گۆڕان و یەكێتی ناكرێت، تەمەنا دەكەین هێزو لایەنەكانی تریش دوای ئەم هەڵبژاردنە هاوپەیمانێتی كوردستان فراوان بكەین و عەقڵیەتی تەسكی حزبایەتی واز لێبهێنین، یەكڕیزی واقعی لەكوردستاندا دروست ببێت بۆ ئەوەی نەقڵ ببێت بۆ بەغداو رەنگدانەوەی هەبێت.

هاوڵاتى: بەڵام لەم خولەی ئێستادا پارتی و یەكێتی بەجیا گفتوگۆیان لەگەڵ بەغدا كردو حساب بۆ لایەنەكانی دیكە نەكرا، چەند پەرلەمانتارێكی دەرەوەی پارتی و یەكێتی هاوپەیمانێتیان دروستكرد تا یەكڕیز بن؟

برزۆ مەجید: دەڵێم هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكان دەبێت ئیتر بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی بەلاوە بنێن، تا كێ زۆر بەرژەوەندخواز بووە كێ بەرژەوەندییەكانی مامناوەند بووە، كێ كەم بەرژەوەندخواز بووە، دەبێت ئەوە نەمێنێت.

ئەی توخوا عەیب نییە دوای 30 ساڵ لە حوكمڕانی كێشەی مووچەو لێبڕینی موچەو پاشەكەوتی موچە ببێتە هەواڵ، لەگەڕەكێك و قەزایەك ئاوو كارەبا نییەو سوتەمەنی و بەنزین نییە، ئەی توخوا عەیب نییە ماددەی 140ی دەستورو خاكی هەرێم نەگەڕاوەتەوە سەر كوردستان، عەیب نییە هێزی پێشمەرگە نەچووەتە ناو سیستمی بەرگری عێراقەوە، هەموو ئەوانە هەڵە بوون، هێزی سیاسی هەبووە سەفەقاتی سیاسی كردووە لەسەر بەرژەوەندی خەڵكی هەرێمی كوردستان، بۆیە دەرفەتی ئەوەیە دوای هەڵبژاردن ناو ماڵی خۆمان یەك بخەینەوە، یەكڕیزی لەناوخۆی كوردستان دروست نەبێت لەبەغداش دروست نابێت، كە هەڵبژاردن پاك و بێگەرد بێت و دۆخەكە بۆ هەموو لایەنەكان فەراهەم و گونجاو بێت، مەسەلەی نەوت لەدەستی حزب دەربهێندرێت و داهاتەكەی شەفاف بێت.

هاوڵاتى: ئەولەویەتی ئێوە چییە بۆ خەڵكی هەولێر، دەتانەوێت چی بكەن؟

برزۆ مەجید: وەكو بزوتنەوەی گۆڕان نەخشەڕێگای خۆمان هەبووە هەمیشە، رەوانشاد كاك نەوشیروان-یش زۆر زۆر خۆی بەوە ماندوو دەكرد كە دامەزراوەكان بەنیشتمانی بكرێن نەك بەحزبی و شەخسی، كە گفتوگۆش لەگەڵ بەغدا كرا دامەزراوەت هەبێت، بۆیە وەكو فكری سیاسی ئەوە نەخشە رێگامانە، لەناو هاوپەیمانی كوردستان هەمان ئەو رێوشوێنانە دانراوە كە چۆن بتوانین لەگەڵ بەغدا دەستكەوتی باش بەدەستبهێنین، جا منیش كاندیدێكم لەم دۆخە، لێرە  وەكو كاندیدێك وەعدی گەورە نادەم كە بڵێم وا دەكەم و وا دەكەم، ئەوەی پێمان بكرێت دەیكەین.

ئێستا لەهەولێر كێشەی كەمی هەلی كار هەیە كەئەو هەموو گەنجە نازدارە بێكارن، ئەو هەموو گەنجە كۆچ دەكەن بۆ دەرەوەی وڵات، بۆ پارە دارەكان و كەسوكاریان ئاپارتمانی گەورەو داهاتی باش و بازرگانیكردن هەیە، بەڵام بۆ خەڵكە كاسبكارەكەی خوارێ یان هەلی كاری لاوازی هەیە یان نییەتی، ئێمە ئەگەر شەڕمان لەسەر بودجەو مووچە كردو یەكڕیز بووین، ئەوكات هێزو لایەنەكانی عێراق ناتوانن زەفەرمان پێببەن و ئەوكات دەتوانین بودجەی باش بۆ كوردستان تەرخان بكەین، كە بودجەمان تەرخان كرد هەلی كارو سوتەمەنی و ئاو باش دەبێت.

هاوڵاتى: ئێستا كێشە سەرەتاییەكانی هاووڵاتیان چارەسەر نەكراوە، هەولێر كێشەی كەمئاوی هەیە، بەگشتی كوردستان كێشەی نەبوونی سوتەمەنی هەیە؟ دەتانەوێت داكۆكی لەداواكارییەكانی خەڵك بكەن و فشار لەحكومەتی هەرێمیش بكەن بۆ جێبەجێكردنی؟

برزۆ مەجید: دوای 30 ساڵ لەتەجروبەی حكومەتی هەرێم و لە 2003 تا ئێستا بەڕاستی وەكو كاندیدێك كە قسەت لەگەڵ دەكەم ئەگەر پێداویستییە سەرەتاییەكان بۆ خەڵك دابین بكرایەو حوكمڕانییەكی ئاقڵ و ناگەندەڵ هەبوایە دەبوو هەموو ئەو كێشانە چارەسەر بكرایە، خەڵك لەئاستێكی باشی خۆشگوزەرانیدا دەبوون و ئێستا كەدەچووینە بەغدا لەچوارچێوەی یاساو دەستوری عێراق ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانم بەجێ دەهێنم، هەرچەندە ئەوەش ئەولەویەتە، بەڵام بەداخەوە سەقەتی حوكمڕانی وایكردووە كە داوای سوتەمەنی و بودجەو مووچە لە بەغدا بكەم كەبژێوی خەڵك دابین بكرێت.

ئێمە چیمان پێبكرێت لەچوارچێوەی یاسا كارپێكراوەكاندا بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و خەڵكی هەولێر دەستەوەستان ناوەستین.

هاوڵاتى: پێتانوایە گۆڕان بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەكێتی دەتوانێت كاندیدەكانی سەربخات؟

برزۆ مەجید: ئێمە هاوپەیمانی كوردستانمان هەیە لەگەڵ یەكێتی، بزوتنەوەی گۆڕان حەوت كاندیدی هەیە، بێگومان وەكو بزوتنەوەی گۆڕان هەموو كارێك دەكەین بۆ ئەوەی بتوانین هەر حەوت كاندیدەكەمان سەربخەین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار