ئێمە پاسەوانی دەنگ و داواكاریی دەنگدەری خۆمانین
یادگار مەحمود، كاندیدی پارتی لەبازنەی یەكی سلێمانی بۆ هاوڵاتى:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: شاناز حەسەن
كاندیدێكی پارتی لە سلێمانی دەڵێت حزبەكەی هیچ دەسەڵاتێكی نییە و هەموو سامانی زەوی و ئاسمان لەژێر دەسەڵاتی پارێزگاردایە و دەشڵێت:» ئێمە پاسەوانی دەنگ و داواكاری دەنگدەری خۆمانین».
یادگار مەحمود، كاندیدی پارتی لە بازنەی یەكی سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى ئەوە دوو پاتدەكاتەوە كە «ئێستاش ئەو تاپۆ رەشەی ریفراندۆممان هەر هەیە، كە كورد داوای سەربەخۆیی دەكات، بەغدا رێگەی نەدا ئەم میللەتە بگات بە كەناری ئارامی و ناوی بچێتە ناو مێژوو و تائێمە مەجبوربین بەشداربین لەپرۆسەی سیاسی عێراقدا».
هاوكات ئەوەش دەخاتەروو لەهەڵبژاردنی پێشتردا ساختەكاری كراوە و هیوادارە دووبارە نەكرێتەوە.
هاوڵاتى: ئامانجی خۆكاندیدكردنت چییە؟ ئەولەویاتی كارەكانت بۆ پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی چی دەبێت؟
یادگار مەحمود: پرسی پارێزگایەك بەتایبەتی ئەرك و كاری نوێنەری كورد نیە لەپەرلەمانی عێراقدا، چونكە پرسی پارێزگاو بەڕێوەبردنی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری، ئەوە دەكەوێتە ئیدارەی ئەو پارێزگایە خۆی، بەڵام ئەوەی كاری ئێمەیە داكۆكیكردنەو هەوڵدانە و كاركردنە بۆ بەشە بودجەی هەرێم بەو شێوەیەی لەدەستوردا دانراوە.
هەوڵی یەكەمی ئێمە ئەوە دەبێت دەستەیەك هەبێت بۆ سەرپەرشتیكردنی ئەو بودجەیەی تەرخاندەكرێت بۆ پارێزگاكان، چونكە بەدروستبوونی ئەو دەستەیە هەموو پارێزگایەك بودجەی تایبەتی خۆی بۆ دیاریدەكرێت و بۆی دەنێردرێت و چاودێری چۆنیەتی خەرجكردنی بكرێت و چۆن خزمەتگوزاریەكانی پێ دەكرێت ئەوە دەكەوێتە سەر ئیدارەی خۆجێی.
بۆیە بەپلەی یەكەم شەڕی بودجەو پێكهێنانی ئەو دەستەیە گرنگە كەئێمە بیكەین، بۆ ئەوەی پارێزگاكان پارەیەكی زیاتریان لەبەردەستدابێت، لەبەشە هونەریەكەیەوە دەبێت گرنگی پێبدرێت كە گرنگترینیان هۆڵی شانۆگەری و كتێبخانەیەكی گەورەی مۆدێرنە بۆ سنوری سلێمانی، بۆ ئەوەی وەك پایتەختی رۆشنبیری ناوبانگەكەی تەواوبكات، هەروەها هێزی كاری تێدا زیاتر بكرێت، چونكە بەبوونی كار خۆشگوزەرانی دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەكە.
هاوڵاتى: ئامانجتان شەڕی بودجەو موچە و پرسی خاك و نەتەوە دەبێت؟
یادگار مەحمود: ئەوە ئەركێكی سەرەكی ئێمەیە، ئێمە پاسەوانی دەنگ و گوێ و داواكاری دەنگدەری خۆمانین، بۆیە ئەم پرسانە هەمووی پرسی نەتەوەیی و نیشتیمانین، لەڕاستیدا ئەمانە ئەولەویاتی كاری نوێنەرانی كوردە لەئەنجومەنی نوێنەران.
هاوڵاتى: خەڵك بەگشتی و خەڵكی سلێمانیش بەتایبەتی گلەییان زۆرە لەحزبە سیاسییەكان، ئایا ئەمە زیانی بۆ ئێوە نیە وەك كاندیدەكان؟
یادگار مەحمود: ئەوەی لەحكومەتدا هەیە كەخۆی بێبەری دەكرد لەبەرپرسیاریەتی و پشكداری، بۆیە ئێمەش وەك پارتی توانیومانە ئەوە بەخەڵك بڵێین لەپارێزگای سلێمانی ئێمە وەك پارتی دەسەڵاتمان نیە.
ئێمە تەنانەت ناتوانین كارگوزارێك لەشوێنێكەوە بگوازینەوە بۆ شوێنێكی دیكە، تەواوی داهاتی سلێمانی بەئاسمانی و زەمینیەوە، هەمووی لەژێر دەسەڵاتی خۆجێی پارێزگای سلێمانیدایە.
توانیومانە ئەو راستیە بەخەڵكی هەرێم و دانیشتوانی سلێمانی بڵێین، بەڵی ئەمانە لەحكومەتدان، بەڵام بەداخەوە حكومەتێك كە بە شەو ئۆپۆزسیۆنەو بەڕۆژیش پشكدارەو بەڕێوەبەر و وەكیل عام و هەموو ئەمانەیان هەیە، بەڵام كە باس لەئیدارەدانی پارێزگاكەی خۆیان دەكەن بەجۆرێك وێنەی دەكەن، كە ئەو دەسەڵاتەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەحكومەت هەیەتی لەهەولێر دەتوانێت بەهەمان شێوە لەسلێمانی هەمان فەزای بۆ رەخساوە، كە بەهیچ شێوەیەك وانیە، بۆیە كەسێك كە لەناوچەیەك وجودی نەبێت و هیچ هێزێك و ئەژمونێكی نەبێت چۆن حساب دەكرێت بە كەموكورتی بۆی.
هاوڵاتى: پرۆژەی بەهەرێمكردنی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە راگەیاندرا، تاچەند لەگەڵ ئەم پڕۆژەیەدان و پشتگیری دەكەن؟
یادگار مەحمود: مەسەلەی بەهەرێمكردنی پارێزگای سلێمانی ماوەیەكی زۆر كەوەك كارتێكی فشار بەكاردەهێنرا، نازانم ئەمە لەپای چیبوو بە چ ئامانجێك بوو، بۆیە رۆژی دووشەممە بڕیاری زاتی (ئیدارەی سەربەخۆ) درا بەزاخۆ، كەئەمە مانای ئەوەیە كارتێكی سیاسی بوو بەڕاستی تەنیا بەكاریان دەهێنا.
لەكابینەی نۆیەم لەسەرەتای وتارەكەیدا سەرۆكی حكومەت یەكێك لەخاڵە بارزەكانی ئەجێندای ئۆتۆنۆمی تەواو بوو بۆ پارێزگاكان و تادەسەڵاتی زیاتریان هەبێت، دەتوانم بڵێم شتێكی تریش لەپشت ئەو كارتی فشارەوە بوو كە دەیانویست بڵێن ئەم وڵاتە بە دامەزراوەیی نابرێت بەڕێوە، یان ئاستی دیموكراسی كەمترە، ئێمە هیچ كاتێك بەشیعارو باقوبریقەدار، چونكە تەنیا ئەو فشارانە زیان دەگەیەنێت بەكێشەی كورد، من لەگەڵ ئیدارەی زاتیدام، ئیسپاتیشمان كردووەو ئەوەی زاخۆش نموونەیەكی زیندووە.
هاوڵاتى: لەئێستا بیروڕای خەڵك چۆنە لەسەر پارتی لەسلێمانی، بەتایبەت كە لەبانگەشەی هەڵبژاردندا خەڵك دەبینن؟
یادگار مەحمود: بیروڕای خەڵك زۆر زۆر باشە، چونكە بەكارەكانمان ئیسپاتمان كردووە كە چیمان پێیە بۆ ئەم میللەتە، بۆیە خەڵك ئێستا هۆشیارەو قسەو شیعارات نەماوەو خەڵك ئێستا سەیری كارو كردار دەكات.
هەموو ئامانجمان یەكڕیزی كوردو ناوماڵی كورد بووە بۆ پاراستنی ئەم هەرێمە بووەو بۆیە بۆ خەڵك ئیسپات بووە كە ئیدارەی ئەم میللەتەی تەسلیمی هیچ لایەنێكی ناوخۆیی و دەرەكی نەكردووە.
هاوڵاتى: ئامادەن لەبەغدا هاوپەیمانیەكی كوردستانی بكەن بۆ بەدەستهێنانی مافەكان واتا یەكڕیزی دروست بكەن؟
یادگار مەحمود: كە بمانەوێت خزمەتێك بەم میللەتە بكەین دەبێت بەیەكگرتووی بیكەین، هەمیشەش وتوومانە كەدەچینە بەغدا نابێت وەك لایەن و حزبی سیاسی و رەنگی جیاوازەوە بچین، خۆمان بۆ عەرەبەكان لەو ئاستەدا دانەنێین، بەڵكو وەك بەرەیەكی نەتەوەیی كورد دابەزینە ناو ساحەكەوەو بەرنامەی من و هەموو كاندیدەكانی دیكەشمانە.
هاوڵاتى: ئێوە ململانێكانیان لەگەڵ هاوپەیمانی كوردستانیە یان لەگەڵ حزبە ئیسلامیەكانە بەو پێیەی لە سلێمانی ژمارەی دەنگدەرانتان نزیكە لە ژمارەی دەنگدەرانی كۆمەڵی دادگەرییەوە؟
یادگار مەحمود: ململانێكانمان لەگەڵ هیچ حزبێك نیە، بەڵكو ئەمە ململانێكەیەو هەر كەسەو دەبێت ئەسپی خۆی تاوبدات و رێگە لەبەردەم هەموو كەس كراوەتەوە، ئێمە ناوی دەنێین منافەسە.
هاوڵاتى: پێتانوایە لەهەڵبژاردنەكانی دیكەدا تەزویرات كراوە؟
یادگار محمود: هیوادارم ئەمجارە نەكرێت، بەڵام هەڵبژاردنەكانی دیكە كراوە، كە ئەسڵەن خودی گۆڕان بەوتەی خۆیان هاواریان پێكەوت كە ئەو لایەنەی ئێستا هاوپەیمانیەتی تەزویراتێكی زۆری كردووە و دەنگەكانیان براوە.
هاوڵاتى: كاتێك ریفراندۆم ئەنجامدرا داوای جیابوونەوەتان لەعێراق كرد، ئێستا پارتی خۆی باوەشی بۆ بەغدا كردووەتەوەو دەڵێن بەهاوبەشی پێكەوە دەگەینە ئەنجام، لەسەر ئەو پرسە پارتی رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە؟ بۆچوونتان چییە؟
یادگار مەحمود: ئەگەر بتەوێت قسەكان بەو شێوەیە رێزبكەیت لەتەنیشت یەكتریدا، بێ ئەوەی بگەڕێیتەوە بۆ باكگراوندی كاتی بڕیارەكەو كەسێك نەچووبێتە ناو ئەڵقەی رووداوەكانەوە، هەر لەسەردەمی مالیكیەوە تا ئەوكاتەی ریفراندۆمیشی تێدا ئەنجامدرا، باشترین بڕیاری سەربەخۆیی كورد بوو، بەداخەوە ئەو پرۆسەیە هەر بەهێزی ناوخۆ بەلاڕێدا برا، بەڵام ئێستاش ئەو تاپۆ رەشەی ریفراندۆممان هەر هەیە، كە كورد داوای سەربەخۆی دەكات، چونكە مێژوویەكی خوێناویمان هەیە لەگەڵ عێراقدا، كە بەغدا رێگەی نەدا ئەم میللەتە بگات بەكەناری ئارامی و ناوی بچێتە ناو مێژوو و ئێمە مەجبوربین بەشداربین لەپرۆسەی سیاسی عێراقدا، چونكە پارتی بەپرەنسیپی هەموو یان هیچ سیاسەت ناكات، بەڵكو بەبەرپرسیارێتی كاردەكات، چونكە ئەمە دەستكەوتە ئامانەتێكی مێژووییە، كەتەنیا و تەنیا پارتی چووە ژێر باری ئەو بەرپرسیاریەتیەوە، سیاسەت بەدیراسە دەكەین نەك بەعاتیفە و بەڵكو خوێندنەوەیەكی دوور مەودای بۆ دەكەین ئەنجا بڕیار دەدەین، بۆیە هیچ كات لایەنگران و دەنگدەرانمان گومانیان لە دڵسۆزی و كارەكانمان نیە و نەبووە.