سلێمانی ڤاكسین وەرناگرێت
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی: پێشەنگین لە رووی ژمارەی تووشبوون بەكۆرۆنا لەسەر ئاستی عێراق
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە هاووڵاتیانی سلێمانی ڤاكسین وەرناگرن و بەو هۆیەوە بووینەتە پێشەنگ لەزۆری ژمارەی تووشبوان بەكۆرۆنا لەسەر ئاستی عێراق.
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بەفەرمی داوای لەمامۆستایان كردووە ڤاكسینی دژە كۆرۆنا وەربگرن بۆ ئەوەی لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوام بەرگری گشتی لەناو خوێندنگاكاندا دروست ببێت و پەتای كۆرۆنا تەشەنە نەكات.
بەپێی وتەی بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی بەدەمەوەچوونی مامۆستایان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین زۆر كەمە.
هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» بەداخەوە لەپارێزگای سلێمانی لەگەڵ ئەوەی دۆخەكە لەهەموو پارێزگاكانی دیكە لەڕووی ژمارەی تووشبونەوە خراپترەو لەڕووی وەرگرتنی ڤاكسینیشەوە كەمترین خەڵك سەردانی بنكەكان دەكەن، كە ئەوە بۆتە جێگەی نیگەرانی لای ئێمە و جێگەی پرسیارە».
جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی وتیشی:»بەداخەوە پارێزگای سلێمانی پێشەنگە لەژمارەی تووشبوون لەسەر ئاستی هەموو عێراق، بەڵام ئەوەی باشە حاڵەتی توندی كەمە، واتە ئەوانەی لە نەخۆشخانەكان داخڵ دەبن كەمن، بەڵام تووشبوون زۆر زیاد دەكات».
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد لەدوو هەفتەدا چوار بنكەیان بۆ مامۆستایان كردۆتەوە، كە بەداخەوە لەماوەی دوو هەفتەكەدا 100 مامۆستا ڤاكسینیان وەرگرتووە، رۆژی وا هەبووە لەچوار بنكە 25 مامۆستا چوون ڤاكسینیان وەرگرتووە.
ناوبراو پێشیوابوو كە بارودۆخی ناو خوێندنگەكان خراپەو لەخوێندگەیەك دوو مامۆستا پشكنینەكانیان پۆزەتیف بووەو بەو هۆیەوە كۆمەڵێك خوێندكاریشیان تووشی پەتای كۆرۆنا كردووە.
«ئەمە پەیوەندی بەئاستی هۆشیاری تاك و گشتییەوە هەیە، چونكە ئەوەی باوەڕی وابێت ڤاكسین خراپە تێگەیشتنەكەی وایە، بەداخەوە بەهەڵە تیگەیشتووە و لەنوێترین تاقیكردنەوەدا دەركەوتووە كاریگەریەكانی زۆر باشە بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا»، هێرش سەلیم وای وت.
لەم دوو رۆژەی رابردوودا باس لەسەرهەڵدانی جۆرە پەتایەكی نوێ دەكرا لەناو منداڵاندا جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی جەختی لەوە كردەوە تەنیا تێكەڵەیەكە لەپەتای وەرزی و كۆرۆنا، وتیشی:» كۆرۆنا تازەكە لەناو منداڵاندا زۆرەو لەو كاتەشەوە كەدەوامی خوێندنگەكان كراوەتەوە حاڵەت زۆر بووە، بۆیە ئەم پەتایەی ئێستاش هەیە تێكەڵەیەكە لەپەتای وەرزی و كۆرۆنا، بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوای وەرزەكەوە، بۆیە تووشبوون لەناو منداڵاندا زۆرتر بووە»