لەبازنەكاندا بەساختەكارییەكی كەم دەرئەنجامی هەڵبژاردن دەگۆڕدرێت

سەركەوت حەمە حسێن، بەڕێوەبەری پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن بۆ هاوڵاتى :

3 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: ئارا ئیبراهیم

بەڕێوەبەری پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن ئەوە دووپاتدەكاتەوە كەباشترین رێگە بۆ كەمكردنەوەی ساختەكارییەكان بەشداری كردنی خەڵكە بۆ سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەڵێت:» لەبازنەكاندا بەساختەكارییەكی كەم دەرئەنجامی هەڵبژاردن دەگۆڕدرێت».

سەركەوت حەمە حسێن، بەڕێوەبەری پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەشڵێت:» بەردەوام وەك رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی داوامان كردووە كە خەڵك مافی خۆیەتی بچێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان و باشترین رێگەیە بۆ ساختەنەكردنی دەنگ.

  هاوڵاتى : وەك پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن، هەڵسەنگاندتان چییە بۆ ئەو ماوەیەی بانگەشەی هەڵبژاردن بەگشتی؟ پێشێلكاری بوونی هەیە؟

سەركەوت حەمە حسێن: ئەوەی كە تائێستا هەیە بەشێوەیەكی گشتی بانگەشەكان، بانگەشەی مەنتیقی نییەو زۆر لەسەر بنەمای بەرنامەو ناساندنی كاندید نییە هەروەكو ساڵانی دیكە، بانگەشەكان بانگەشەی عاتفیە و زۆرجار هێرش و تەشهیری تێدا كراوە بۆ سەر لایەنەكانی دیكە، لەڕووی بەڵێنی كاندیدەكانەوە هەر بەڵێنی واقعی نادرێت و زیاتر بەڵێنی شەخسین، بەڵێنەكان واقعی نین كەخزمەت بەو بازنەیە بكات كەتێیدا كاندید كراوە تاخزمەت بەخەڵك و ئەو ناوچەیە بكات كەتێیدا هەڵبژێردراوە.

زۆرجار بەڵێنی كاندیدەكان وەك بەڵێنی ئەوە وایە كە لەحكومەتدا بێت لەكاتێكدا كاندید دەبێت وەك چوونی بۆ پەرلەمان و پەرلەمانتار كەدەزگایەكی تەشریعیە بەڵێن بدات، ئەم جۆرە لە پەرتەوازەیی دەبینرێت لە بانگەشەكاندا.

  هاوڵاتى : پێتان وایە پۆستە حكومی و بیناكانی حكومەت و دامەزراوەكانی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاردەهێندرێت لەلایەن حزبە سیاسییەكانەوە؟

سەركەوت حەمە حسێن: بەپێی یاسا هەر كەسێك كاندیدبوو پۆستی حكومی هەبێت، دەبێت لەو ماوەیەدا داوای مۆڵەت بكات بۆ ئەوەی بەئازادانە كاربكات و دووربكەوێتەوە لەو ماوەیەدا لەپۆستەكەیدا، بەشێوەیەكی ئاشكرا ئەوەی بینیومانە شوێنە حكومییەكان بەكارنەهێندراوە، بەڵام بەدوور نازانرێت لەم 10 رۆژەی بانگەشەی هەڵبژاردن كە ماوە رووبكەنە ئەوەی هەم پۆستە حكومییەكان و بیناكانیش بەكاربهێنن بەوپێیەی زیاتر لەهەفتەی كۆتایی بانگەشەدا، بانگەشەی كاندید و حزبەكانیان زیاتر چڕدەبێتەوە.

  هاوڵاتى : پێتانوایە هاووڵاتیان بەڕێژەیەكی بەرچاو بەشداری هەڵبژاردن دەكەن یان بایكۆتی دەكەن؟

سەركەوت حەمە حسێن: ئەو بەدواداچوونەی كە كردوومانە خوێندنەوەمان بۆ ئەوە كردووە كە رێژەی بەشداریكردن كەم دەبێت و گومانمان هەیە كە رێژەكە نەگاتە رێژەی ستاندارد، نیگەرانیمان هەیە لەو رووەوە كەئەگەری بەشداری كردنی هاووڵاتیان كەمتر دەبێت بەراورد بەهەڵبژاردنی ساڵی 2018.

  هاوڵاتى : پێتانوایە بەشداری نەكردنی خەڵك بۆ دەنگدان رێگای ساختەكاری زیاد دەكات، سەرەڕای ئەوەی كۆمسیۆن دڵنیایی دەدات لە رێگەگرتن لەساختەكاری؟

سەركەوت حەمە حسێن: ئێمە بەردەوام باس لەوە دەكەین كەهەموو رێكارەكانی كۆمسیۆن هەڵسەنگاندن بۆ هەڵبژاردنی پێشوو ئەدای كاركردنی دەكات، بۆ ئەوەی كەلێنەكانی ساختەكاری و كەموكوڕییەكان نەهێڵێت.

بەردەوام وەك رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی داوامان كردووە كەخەڵك مافی خۆیەتی بچێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان و باشترین رێگەیە بۆ ساختەنەكردنی دەنگ، بچیت مافی خۆت كە دەنگدانە بەشداری بكەیت، تەنانەت دەنگ نادەن و كارت دەسوتێنن یان دەنگ بە لایەنێكی سیاسی و كاندیدەكانی دەدات بەهەر شێوەیەك بێت بچێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان، چوونیان هەڵوێست نیشاندانە بەرانبەر پرۆسەی هەڵبژاردن كە مافەكەی خۆیان بەكاردەهێنن بۆ ئەوەی رێگە لەساختەكاری بگیرێت.

بۆ ئەمجارە بڕیارە رۆژی دەنگدانی تایبەت كارتی دەنگدانی تایبەت لەدەنگدەرانی تایبەت وەربگیرێتەوەو دوای ماوەیەكی دیكە پێیان بدرێتەوە، چونكە ئێمە قسەمان لەگەڵ كۆمسیۆن كردووە كە كارتی دەنگدانەكەی تەسلیم بكات ئینجا دەتوانێت دەنگ بدات

  هاوڵاتى : ئەوانەی لە رۆژی دەنگدان دەنگدەدەن ناویان لەلیستی دەنگدەرانی گشتی هەیە، كۆمسیۆن چ رێگایەكی گرتووەتەبەر تا ئەوانەی لە دەنگدانی تایبەت دەنگدەدەن، لەدەنگدانی گشتیش جارێكی تر دەنگ نەدەنەوە؟

سەركەوت حەمە حسێن: كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ خۆی گومانی لەوە هەیە كە لەتۆماری دەنگدەراندا ناوی دووبارە هەبێت، لەهەڵبژاردنی 2014 دەستی كرد بەدروستكردنی كارتی ئەلیكترۆنی كە بووە بەكارتی بایۆمەتری، رێگاكانی ناسینەوەی دەنگدەری تێدایەو وردتری كردووەتەوە، هەوڵێكە بۆ پاككردنەوەی لیستی دەنگدەران بۆ ئەوەی لەناوی دووبارە رزگاری ببێت.

بۆ ئەمجارە بڕیارە رۆژی دەنگدانی تایبەت كارتی دەنگدانی تایبەت لەدەنگدەرانی تایبەت وەربگیرێتەوەو دوای ماوەیەكی دیكە پێیان بدرێتەوە، چونكە ئێمە قسەمان لەگەڵ كۆمسیۆن كردووە كە كارتی دەنگدانەكەی تەسلیم بكات ئینجا دەتوانێت دەنگ بدات، دەبێت پەنجەمۆر بكات ئینجا دەتوانێت كارتی دەنگدانەكەی بكاتە ناو سندوقی دەنگدانەكەوە

  هاوڵاتى : زۆرجار لەسێ كاتژمێری كۆتایی رۆژی هەڵبژاردن باس لەوە دەكرێت كە كۆمەڵێك خەڵك ئەگەر كاتی دەنگدانیشیان پێ نەبێت بەتەسكەرەیەك یان بەكارتی نیشتمانی بەبێ كارتی دەنگدان دەتوانن دەنگ بدەن، چۆن ئەمە كۆنترۆڵ دەكرێت؟

سەركەوت حەمە حسێن: لەهەڵبژاردنی پێشوودا ئەوە دەكرا لەبەرئەوەی ئامێری ناسینەوەی دەنگدەر كەپێی دەڵێن جیهازی تەحەقوق رەبت نەكرابوو لەو ئامێرەی خێراكردنی دەنگەكان كە لەسەر سندوقەكان دادەنرێت.

ئەمجارە هەردوو ئامێرەكە بەستراون بەیەكەوە بۆ ئەوەی زانیارییەكان لەنێوان خۆیاندا ئاڵوگۆڕ بكەن.

لەم هەڵبژاردنەدا دەبێت هەر كارتی دەنگدانت پێ بێت، جا كارتی دەنگدانی ماوە كورت یان كارتی بایۆمەتری ماوە درێژە كەوێنەكەی لەسەرە، دەبێت یەكێكیانت پێ بێت، دەبێت لەئامێری تەحەقوقەكەدا پەنجەمۆرت بخوێنێتەوە، ئەگەر كارتی ئەلیكترۆنیت پێ بێت ئەبێت هەر دە پەنجەكەت بخوێنێتەوە.

  هاوڵاتى : بۆ نموونە لەدەنگدانی تایبەت كەسێك دەنگ دەدات، بەڵام لەرۆژی دەنگدانی گشتی بایۆمەتری دەبات، كە پەنجەمۆر دەكات دەیخوێنێتەوە كە پێشتر دەنگی داوە؟

سەركەوت حەمە حسێن: هیچ دەنگدەرێك نابێت دوو كارتی دەنگدانی هەبێت، كاتێك كارتەكە دەدەیت كارتە ئەلیكترۆنییەكەت لێ وەردەگرنەوە، ئەمە بەڕاستی لەوانەیە مەترسی هەبێت و باس لەوە كراوە لە كۆمسیۆنی هەولێر یەكێك لەئامێرەكان براوەتە دەرەوە بۆ دروستكردنی كارتی بایۆمەتری، نازانم ئەوە تا چەند راستە، بەڵام ئەگەر هەیە كارتی ساختە بۆ دەنگدەران دروستبكرێت، ئەمە دوور نییە لایەنێكی سیاسی بەكاریبهێنێت.

لەم هەڵبژاردنەدا دەبێت هەر كارتی دەنگدانت پێ بێت، جا كارتی دەنگدانی ماوە كورت یان كارتی بایۆمەتری ماوە درێژە كەوێنەكەی لەسەرە، دەبێت یەكێكیانت پێ بێت، دەبێت لەئامێری تەحەقوقەكەدا پەنجەمۆرت بخوێنێتەوە، ئەگەر كارتی ئەلیكترۆنیت پێ بێت ئەبێت هەر دە پەنجەكەت بخوێنێتەوە

  هاوڵاتى : چ كاتێك دەتوانین بڵێن ساختەكاری كۆتایی پێدێت لەهەڵبژاردنەكاندا؟

سەركەوت حەمە حسێن: لەسەر ئاستی جیهان ساختەكاری و هەڵە هەیە لەهەڵبژاردنەكاندا، لەهەڵبژاردنەكانی ئەمریكاو ئەوروپا بینیمان، باس لەوە كراوە كەهەڵەی ئەیكترۆنی روویداوە و دەنگی خەڵك فەوتاوەو چووە بۆ كاندیدی دیكە.

ئەوەی مەترسیمان لێی هەیە ساختەكاری رێكخراو گشتییە كە لایەنێك پێی هەڵدەستێت و ئەمە كاریگەری لەسەر بەلاڕێدابردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەڕێژەیەكی زۆر دەبێت.

  هاوڵاتى : ئایا بوونی 83 بازنەی هەڵبژاردن ئەنجامدانی ساختەكاری بەرتەسك دەكاتەوە یان زیاتری دەكات؟

سەركەوت حەمە حسێن: ئەگەر جاران بە رێژەیەكی زۆر بتوانرایە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بگۆڕدرایە، ئێستا بۆی هەیە لەهەر بازنەیەكدا بەساختەكارییەكی كەم كاریگەری زۆرتر دروستبكەیت لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، بەڵام رێكارەكانی كۆمسیۆن و وشیاری خەڵك كە بچێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان وا دەكات ساختەكاری كەمتر دەكرێتەوە، واتا دەبێت وشیاری خەڵك بەو شێوەیە بێت كە رێگە نەدات حزبەكەی خۆشی بەساختەكاری سەربكەوێت

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار