دەنگی یەكگرتوو بەشی ئەوە دەكات لەهەڵەبجە كورسی بەدەستبهێنین
موسەنا ئەمین، كاندید لەبازنەی 3ی هەڵەبجە بۆ هاوڵاتى :
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: شاناز حەسەن
موسەنا ئەمین، كاندید لەبازنەی سێی هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەدات یەكگرتوو لەكاردانەوەی بەرامبەر ئیسلاح خوازان و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكاندا وەك لیست بەشداری نەكردووە و دەیەوێت لەو رێگەیەوە چەندین پەیام بگەیەنێت.
موسەنا ئەمین كاندیدی ژمارە 27ی بازنەی 3ی هەڵەبجە لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى ئاماژە بەوە دەدات كە كۆمەڵی دادگەری هۆكار بووەو بۆیە نەبوونەتە هاوپەیمانێكی ئیسلامی و ئیسڵاحی، دەشڵێت:» نەوەی نوێ داوایان كرد ببینە هاوپەیمان، بەڵام ئێمە رەتمانكردەوە».
هاوڵاتى : لەو بازنەیەی بەڕێزتان كاندیدن تاچەند خەڵك پشتگیریتان دەكات؟
موسەنا ئەمین: نەچوومەوە لای هیچ كەسێك رەتم بكاتەوە و برادەرانیش هەر وابوون، بەتایبەت بۆ من، چونكە لە ناوچەی شارەزوور خۆم كاندید كردووەو پێشتریش لەو ناوچانە خزمەتی خەڵكم كردووەو سێ ساڵە لەسەر كێشەی جوتیاران كاردەكەم و لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە كارم كردووە و بەجددی واستەی جێدەستی من لەبەرچاوی خەڵك هەیە.
هاوڵاتى : وەك پەرلەمانتارێك بۆ هەڵەبجە چیتان كردووە؟
موسەنا ئەمین: هەڵەبجە كۆمەڵێك پرسە، بەتایبەت سێ پرسی سەرەكی هەیە، بابەتی تەواوبوونی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و لەڕێی پەرلەمانەوە یاسایەكم پێشكەش كردووە و لەدوا هەوڵمدا لەڕێگەی سەرۆككۆمارەوە ئەویش بەرهەومی هەبووەو ئێستا لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران سەرقاڵی كاركرنین بۆ ئەو بابەتەو تائەم هەفتەیەش لیژنەیەك لەوەزارەتی پلاندانان لەهەڵەبجە بوون بۆ دانانی سنورەكان و دیاریكردنیان.
بۆیە ئەو مەسەلەیە دەچێتە بواری تەواو بوونەوەو پرسێكی تر منداڵە ونبووەكانە، كەدەیان خێزان چاوەڕێی منداڵەكانیان دەكەن، بۆیە لەگەڵ پەرلەمان باسمكردووە و یاسایەكم داوەتە پەرلەمان و لەگەڵ پەرلەمانی ئێرانیش باسم كردووەو كارم بۆ كردووە. هەروەها پرسی قەرەبووكردنەوەی هەڵەبجەییەكان بەناونیشانی زیندانی سیاسی بۆ هەموو ئەوانەی كە لەو كارەساتەدا ئاوارە بوون نەك تەنیا هەڵەبجەییەكان، بۆیە پێویستە وەك زیندانی سیاسی هەژماربكرێن و زۆر كارم بۆ كردووە و هەر لەهەوڵدام، كۆبوونەوەم لەگەڵ زۆر لایەنی جیاواز كردووە لەگەڵ كازمی.
لێپێچینەوەم لەگەڵ سەرۆكی زیندانییە سیاسییەكانی عێراق كردووە كە مافی هەڵەبجەییەكانە وەك زیندانی سیاسی ناویان هەژمار بكرێت كە رووبەڕووی كارەساتی كیمیابارانكردن بوونەتەوە، بۆ ماوەی نیو كاتژمێر لەناو پەرلەمان لەنوسینگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە نووسراوم وەرگرتووە كەبەپێی یاسا چارەسەر دەكرێت، بۆیە ئومێدم هەیە لەم خولەدا ئەو مافە بگەڕێتەوە بۆ هەڵەبجەییەكان.
هاوڵاتى : ئەو بازنەیەی كە بەڕێزتان لێی كاندیدن كاندیدێكی كۆمەڵی دادگەری هەیە، بۆچی حزبە ئیسلامییەكان هەماهەنگیان نیەو نەبوونە هاوپەیمانی یان یەك لیست؟
موسەنا ئەمین: هۆكاری ئەوەی ئێمە نەبووینە هاوپەیمانییەك لەگەڵ برایانی كۆمەڵ كەئەوان دەیانویست لەو شوێنانەی كە دەنگی ئیسلامییەكان مسۆگەرە خۆیان دوو كاندیدیان هەبێت، بۆیە ئەو دوو كورسیەی مسۆگەرە دەبێت یەكی كورسیەكمان هەبێت، ناكرێت هەردووكیان بۆ ئەوان بێت بڵێن ئێوە لەكوێی تر خۆتان كاندید دەكەن، ئێمە پشتیوانیتان دەكەین، بۆیە ئێمە پێمان وابوو ئەوە بەشكردنێكی نادادپەروەرانەیە و ناتەندروستە.
تا كۆتا دەقە هەر سور بوون لەسەر ئەوە، ئەوەش وایكرد نەبینە هاوپەیمان، بۆیە بەناچار خۆمان كاندید كردو پێمانوایە دەنگی ئێمە بەشی ئەوە دەكات لەهەڵەبجەو ئەو ناوچانە دوو كورسی بەدەستبهێنین. برایانی بزوتنەوەش خۆیان بڕیاری بایكۆتیان هەبوو، بۆیە یەكمان نەگرت.
هاوڵاتى : ترس لەدابەشبوونی دەنگی ئیسلامییەكان هەیە؟
موسەنا ئەمین: نەخێر ترس نیە ئەوەی دەنگی خۆمان بێت هەر بۆ خۆمانە، بەڵام بڕوامان بە ئەوە هەبوو دەبووایە و باشتر بوو هاوپەیمانێتییەكی ئیسڵاحمان هەبوایە، بۆیە ئەوانەی كە ئۆپۆزسیۆن و ئیسڵاح خوازن و دەیانەوێت چاكسازی بكەن پێكەوە دابەزن و ئەمە پێشنیاری ئێمە بوو بەڵام سەری نەگرت.
گۆڕانیش ئەوە وایلێهات، نەوەی نوێش ویستی بەتەنیا لەگەڵ ئێمە بێت، بەڵام ئێمە پێمان وابوو كە بەتەنیا ناتوانین لەگەڵ نەوەی نوێ بین، چونكە ئەوە نە دەبووە هاوپەیمانێتییەكی ئیسلامی نە ئیسڵاحی، بۆیە بەتەنیا خۆمان كاندید كرد.
هاوڵاتى : بۆچی یەكگرتووی ئیسلامی وەك حزب بەشدار نەبوو؟
موسەنا ئەمین: ئێمە تەنیا لەڕووی یاساییەوە سەربەخۆین و تەنیا حزب وەك ناوو لۆگۆی خۆی نەهاتۆتە ناو هەڵبژاردنەكانەوەو ئەوەش بڕیاری حزبی یەكگرتووەو كاردانەوە بوو لەسەر ئەوەی گۆڕانخوازان و ئیسلامییەكان نەیانتوانی هاوپەیمانێتییەكی ئیسڵاح پێكبهێنن.
كەواتە پێویست بەبەشداری حزبی و ناوی حزب ناكات، لەوەش گرنگتر كۆمەڵێك پەیامیشی تێدایە، یەكێك لەئەوانە بەئاراستەی ئەوە دەڕۆین تەركیز بكەینە سەر بواری رۆشنبیری و كلتوری و پەروەردەیی و پەیامی ناڕەزایتی دەربڕین بوو لەو ناتوانایەی ئۆپۆزسیۆن لەسەر یەكڕیزی و یەكخستنی ریزەكانی خۆیان، لەو روانگەیەشەوە بەپێویست نەزانرا ناوی حزبی هەبێت لەم هەڵبژاردنەدا.
هاوڵاتى : یەكگرتوو تاچەند پشتگیریتان دەكات؟ ئایا پشتگیرییەكە لەڕووی ماددییەوەیە یان مەعنەوی؟
موسەنا ئەمین: یەكگرتوو وەك حزب بەهەموو توانایەكی خۆیەوە لەگەڵمانەو بەهەموو بەرپرس و كەسەكانیەوە بانگەشەمان بۆ دەكەن و لەڕووی مەعنەوییەوە پشتگیرمانە، بەڵام یەكگرتوو هەمووی لەسەر گیرفانی كاندیدەكەو گیرفانی هەوادارانی خۆمانە وەك ئەوەی بەردەوام ئاوا كارەكانی بەڕێدەكات، یەكگرتوو بەهەموو توانایەوە لەهەموو شوێن بەدوای دەنگدا بۆ ئێمە دەنگ كۆدەكاتەوە.
هاوڵاتى : پەیامی ئێوە چییە بۆ دەنگدەرانتان؟
موسەنا ئەمین: دوا پەیامم ئەوەیە دەنگدەران بچن دەنگبدەن و دەنگی مرۆڤ كەرامەت و مافی مرۆڤە و هۆشیاری و هەڵوێستی ئینسانە و با هەمومان ئەو هۆشیاری و مافەمان مومارەسە بكەین.
هەموو خەڵك پێیان وایە ئەو كەسەی كە بەكەڵكی نوێنەرایەتی نایەت و بێ كارایە بادەنگی پێنەدەن و سزای بدەن، ئەوەشی كە پێیان وایە بەدەستی پاك و بەشارەزایانە و بوێرانە دەنگی میللەتەكەی دەگەیەنێتە بەغدا با پشتیوانی بكەن.