لەكوردستاندا دەبینە هێزی یەكەمو لەعــێراقـیــشــدا دەبیــنە هــێزی ســێیەم
بڕیار رەشید كاندیدی هاوپەیمانیی كوردستان لەبازنەی دووی سلێمانی بۆ هاوڵاتى:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: شاناز حەسەن
بڕیار رەشید كاندیدی ژمارە 32ی لیستی هاوپەیمانی كوردستان لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هاوڵاتى ئاماژە بەوە دەدات لەم هەڵبژاردنەدا هاوپەیمانی كوردستان دەبێتە یەكەم هێزی هەرێم و سێیەم هێز لەسەرتاسەری عێراق.
هاوڵاتى: بەڕێزتان پێشتر لەمەكتەبی هەڵبژاردنەكانی یەكێتی بوون، تاچەند لیستی هاوپەیمانی كوردستان كانیدەكانی بەشێوەیەكی باش دابەشكردووە بەسەر بازنەكاندا؟
بڕیار رەشید: هیچ حزبێك نیە كە وەك یەكێتی دامەزراو بێت، چونكە لەسنوری جوگرافیای هەر بازنەیەكدا لانیكەم 10 بۆ 11 كۆمیتەی رێكخستنی هەبێت، یەكێتی خاوەنی ئامارێكی نوێیە كە سەرجەم ئەندام و لایەنگرو دەنگدەرەكانی یەكێتی لەخۆگرتووە، بۆیە دابەشكردنی كانیدەكان بەپێی ئەو ئامارە تازانە بەباشترین شێوە كراوە.
هاوڵاتى: هاوپەیمانی كوردستانی لەهەندێك شوێن كاندیدی نیە وەك لەپارێزگاكانی دیالە؟
بڕیار رەشید: ئێمە دەمانەوێت لەهەر شوێنێك هەر كاندیدێك دابنێین، بەئەگەری لەسەدا 50 ئەگەری دەرچوونی هەبێت، بۆیە لەو ناوچانەدا تائێستا پێگەی كوردو دۆخی كورد ئەوەندە بەهێزنیە كەئێمە بتوانین و قوەتی ئەوەمان هەبێت كاندیدێك دەربچێنین، بەڵام بێگومان لەئێستاوە كاری بۆ دەكەین و لەداهاتوودا لەو ناوچانەش كاندیدمان دەبێت.
هاوڵاتى: لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا بەڵێنی زۆر بەخەڵك دەدرێت، بۆیە گلەیی خەڵكیش ئەوەیە كە لەدوای هەڵبژاردنەكان ئەم بەڵێنانە نابنە واقعی و كاریان بۆ ناكرێت، ئێوە تاچەند دڵنیایی دەدەنە دەنگدەری خۆتان؟
بڕیار ڕەشید: ئێمە وەك لیستی هاوپەیمانی و لە رابردووشدا وەك یەكێتی بەڵێنی واقعیمان داوە، بۆیە ئەو بەڵێنانە واقعیبوون و زانیومانە لەئەرزی واقعدا دەتوانین جێبەجێی بكەین ئینجا بەڵێنمان داوەو كردوومانە، بۆیە ئەوەی كە ئێستاش كردوومانە بەبەڵێن سەد لەسەد بەنیەتی جێبەجێكردنەوە دەیكەین.
بۆیە ئێمە كە دەنگی پێویست بەدەست بهێنین دەتوانین بەڵێنەكان بكەینە واقعی، بۆیە كە دەنگ نەهێنین ناتوانین هیچ بەڵێنیش جێبەجێبكەین، بۆیە ئەوە بەندە بەخواستی خەڵك خۆیەوە كە مەبەستیەتی ئەوەی ئێمە دەیڵێین جێبەجێ بكرێت دەنگمان پێبدەن.
هاوڵاتى: قوباد تاڵەبانی وەك سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی تاچەند كاریگەری هەیە؟
بڕیار رەشید: یەكەم گرنگی ئەوەیە كاك قوباد كوڕی جەنابی مام جەلالە و تاكو ئێستاش هیچ سەركردەیەكی سیاسی لەعێراقدا دروست نەبووەتەوە لەپێش جەنابی مام جەلال و لەدوای ئەویشەوە، كە بتوانێت هەموو لایەنەكان شیعەو سوننە رێكیان بخات.
ئەو خۆشەویستی و رێزەی لەناو عێراقدا بۆ مام جەلال هەبووە بۆ هیچ سەركردەیەكی كورد نەبووە، بۆیە ئەویش دروستكراوی مام جەلالەو ئەو خۆشەویستی و رێزە دەچێتەوە بۆ ئەویش.
قوباد تاڵەبانی ئەندامی سەركردایەتی و جێگری سەرۆكی حكومەتیشە، لێكتێگەیشتنێكی باشی هەیە بۆ كێشەكان و ئەقڵیەتی پێكەوە كاركردن و یەكڕیزی كە لەكۆتاییدا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ بەغدا و كاركردنی پێشتر كردوویەتی وەك وەفدی سەردانیكار بۆ بەغدا رۆڵی هەیە، بۆیە زۆر گرنگی هەیەو رۆڵی بەرچاوی هەبووە.
لەسەردانی بۆ بەغدا بینیمان كە گرنگیەكی زۆری هەیە بوونی قوباد تاڵەبانی وەك سەرۆكی لیستەكە.
هاوڵاتى: بەڕێزتان وەك گەنجترین كانیدی لیستی هاوپەیمانی پلانتان چییە بۆ گەنجان بەتایبەت لەهەرێمی كوردستان زۆر گلەیی لەوە دەكرێت كاری بۆ نەكراوەو پەراوێزخراوە؟
بڕیار رەشید: پلانی ئێمە رەخساندنی دەرفەتی یەكسانە بۆ گەنجان، بەپێی بوارو بەپێی تواناو پسپۆڕییەكان بتوانین لەداهاتوودا كار بدۆزێتەوەو ئەم بوار رەخساندنە وادەكات بەپێی پسپۆری كەسەكان لەشوێنە گونجاوەكاندا كاریان دەستكەوێت تابتوانێت داهێنان بكات لەو شوێنەدا كەكاری تێدادەكات و حەزیشی بۆی هەبێت و سەركەوتوو بێت.
دواجار سوودی بۆ خۆی و بۆ كۆمەڵگە دەبێت، گرنگترین شت لەڕێگەی حكومەتەوە دەرفەتی كارەكان بڕەخسێنرێت.
دەمانەوێت وابكەین ئەو بیرۆكەی قۆرخكاریەی كەهەیە كە كەرتی حكومی بۆتە خزمەتی كەرتی تایبەت نەمێنێت، بۆ نموونە هەموو ئەو دامەزراوانەی كە لەلایەن كەرتی تایبەتەوەیە لەلایەن حكومەتەوە سەرپەرشتی بكرێت، بۆیە ئەوكاتە دامەزراندن و دەركردنیش بەدەست حكومەت دەبێت نەك بەدەست یەك شەخسی دیاریكراو.
هاوڵاتى: قسەتان چییە بۆ هاووڵاتیان لەم بانگەشەیەی هەڵبژاردندا؟
بڕیار رەشید: ئەگەر هاووڵاتیان دەیانەوێت نموونەی سێ ساڵ و چوار ساڵی رابردوو دووبارە بكەنەوە ئەوە دەتوانن دەنگ بدەن بەلایەنەكانی دیكە وەك نەوەی نوێ و پارتی، ئەگەر دەیانەوێت ئەوەی ئەم دوو مانگە هەیەو موچە بەتەواوی چاكبووە، هەوڵی یەكێتی بووە و دەنگ بدەنە هاوپەیمانی كوردستان.
بۆیە ئەگەر هاووڵاتیان دەیانەوێت ئەمە بەردەوام بێت دەبێت دەنگ بەهاوپەیمانی بدەن و كێشەكانیان لە بەغدا چارەسەر دەبێت، بەڵام دەنگبدەن بە لایەنەكانی دیكە ئەو دووبەرەكیەی ماوەی رابردوو لەبەغدا دروست دەبێتەوە و بیركردنەوەی تاكڕەوی زاڵتر دەبێت، هەموو كێشەكان سەرلەنوێ سەرهەڵدەدەنەوە، چونكە پارتی خۆی لەگەڵ بەغدا كێشەی هەیەو بەردەوام خۆی دووردەخاتەوە.
دەنگدان بە نەوەی نوێ واتە دەنگدان بەپارتی، بۆیە ئەوان لەزۆر شوێن كاندیدیان بۆ یەكتری جێهێشتووە.
هاوڵاتى: پێتان وایە وەك هاوپەیمانی كوردستان چەند كورسی بەدەستدەهێنن؟
بڕیار رەشید: ئێمە ژمارەی كورسیمان هەژمار نەكردووە، بەڵام لەكوردستاندا دەبینە هێزی یەكەم و لەعێراقیشدا دەبینە هێزی سێیەم، وەك كۆتا راپرسی كەئێستا لەبەر دەستماندایە.
هاوڵاتى: زۆری كاندیدی سەربەخۆ كاریگەری لەسەر دەنگەكانی لیستی هاوپەیمانی نابێت؟
بڕیار رەشید: جەماوەری یەكێتی دەنگ بەیەكێتی دەدات نەك بەكاندید، بۆیە دەنگ بەشەخسێك نادات، بۆیە كەسێك كە پێشتر یەكێتی بووەو ئێستا بەكاندیدی سەربەخۆ بەشداری كردووە تەنیا دەنگی لایەنگیرانی خۆیان و كەسوكاری دەبات نەك دەنگی یەكێتی، بۆیە دەنگدەرەكانمان دەنگ بەیەكێتی دەدەن.